سەردانی سەرۆکی هەرێم و گەڕانەوە بۆقوڵایی

فارس نەوڕۆڵی

21-05-2022

8573جار خوێندراوەتەوە


سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ هەر جێگایەکی کوردستان حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام ئەو کاتە زۆر خواستراوە کە قەیرانێک یان کێشەیەک هەبێت پێویستی بە فریاد ڕەسێک هەبێت. لێرەدا لە حاڵەتێکی ئاساییەوە دەگۆڕێ بۆ پێداویستی، بۆیە لەکاتێکدا سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی داڤۆس دەکرێ، سەردانەکە ڕادەگرێ و دێتە سلێمانی. 

ئەم  کردەیە گوزارشتە  لە خەمخۆری و مەغزا و مانای خۆی هەیە، چونکە ئەچێتە ژێر باری بەرپرسیارییەتیەوە، لەهەمانکاتدا پەڕینەوەیە بۆ ئەودیوی ناکۆکییەکان و گەڕانە بە دوای بیروڕا جیاوازەکانی ناوخۆ، بۆ بەستنەوەی تێگەیشتنەکان بەیەکەوە.

سەرۆکەکانی جیهان کاتێک لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیانن و دەبیستن ڕوداوێک لە وڵاتەکەیان ڕویداوە، گەشتەکەیان ڕادەگرن و دەگەڕێنەوە وڵات، بەڵام سەرۆکی هەرێم باش دەرکی بە قەیرانەکان و مەترسییەکان کردوە و دەزانێ تا بەرەی ناوخۆ بەهێز نەبێت لە دەرەوە دەنگی کورد نابیسرێت. دڵنیاشم هەماهەنگییەکی باش لە نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتدا هەیە ئا لەم کاتەدا بۆ هاوسەنگی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەدا، ئەو ستراتیجییەی سەرۆک  نێچیرڤان کاری لەسەر دەکات ڕەنگێکی نوێی لەخۆ گرتووە، کە وابەستەی سیما ناوەکی و دەرەکییەکانە.

 لێرەوە گەڕانەوە بۆ قوڵایی، واتە بۆ ناو خود بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە، بەڵام دەبێ بزانین سەرۆک نێچیرڤان (عاساکەی موسای بەدەستەوە نیە) و پێویستی بە هاوکاری کۆی لایەنە سیاسییەکانە، جوڵەکانی نێچیرڤان بۆ چاکەی گشتییە.  بۆیە واباشە هێزەسیاسیەکان لۆژیکیانە پێشوازی لێ بکەین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی