مەرگی نەواب و قسەیەکی جیاواز لەسەر شیعری پاکانە

دڵشاد عەبدولڕەحمان

21-05-2022

5520جار خوێندراوەتەوە



زۆربەی ئەوانەی لەتەمەنی ئێمەمانانن و لەکاتی خۆیدا سەریان لەئەدەب و سیاسەت خوراوە، هەم ناوی موزەفەر نەوابیان وەک شاعیرێکی بەرهەڵستکاری عێراقی بیستوە، هەم سەرسامیش بوون بەشیعری پاکانە، کە شاعیری شەهید دڵشاد مەریوانی بەزمانێکی ئێجگار پاراو وەریگێڕاوەتەسەر کوردی و ڕەوانشاد حەمەجەزای هونەرمەندو پێشمەرگەش کردویەتییە لاواندنەوەیەکی کاریگەر.

ئەوەی هانیدام بۆ دەربڕینی ئەم سەرنجە، ئەو نوسینانەیە کە لەدوێنێوە بەهۆی مەرگی نەوابەوە دەنوسرێن، هەمووان بەهەمان نەفەسی جاران ستایشی شیعری پاکانە دەکەن، من کە وەک ئەو زۆربەی هاوڕێیانە لەکاتی خۆیدا بەوشیعرە سەرسام بووم، وەلێ لەئێستادا تەواو تێڕوانینم گۆڕاوە، له‌سه‌رده‌می ئێستا كه‌ ئەو شیعرە دەخوێنمەوە چەندین پرسیارم لادەوروژێ، کە حەزم کرد لەگەڵ ئێوەدا بیانکەمە دەرگایەک بۆ گفتوگۆ. دایکەکە دەڵێ ئەگەر تۆ پاکانە بکەی ئێمە چۆن ڕوومان بێ لەکۆڵاندا سەرهەڵبڕین؟ واتە قیروسیا لەخۆت بکە بۆ ئەوەی ئێمە سەربەرزبین!.

بەتێڕوانینی ئێستای من ئەوە ئەوپەڕی خۆپەرستیە لای دایکەکەوە، دایک دەڵێ گوێمەدەرە مناڵەکەت کە هەتیودەبێ، حزب دەبێتە باوکی، بەتێڕوانینی ئێستام نەک حزب بەڵکو هیچ کەس جێگای باوک ناگرێتەوە، دەکرێ ئەو هاوڕێیانەی باوکیان شەهیدبوون، لەسەر ئەو بڕگەیە قسەیان هەبێ، بەتێڕوانینی ئێستام ئەو شیعرە پڕە لەهاندانی مەرگ دۆستی لەپێناو گۆڕینی دەسەڵات و سەندنەوەی حوکمڕانی لە حزبێک بۆ حزبی شاعیر کە ڕوداوەکانی ئەم دەیان ساڵەی ڕابردو سەلماندیان، کە هەم پاکانە ئەو ڕسوابونەی بەرهەم نەهێناوە نە بۆپاکانەنوسەکان، نەبۆ کەس و کاریشیان وەنە ئەوانەی لەبری پاکانەش، شەهیدبوون تاجی سەروەری کراوەتە سەر ڕۆڵەکانیان.

بەکورتی و کرمانجی لەئێستادا من وایدەبینم ئەو خەباتەی نەواب و هاوڕێکانیان دژی حکومەتە عێراقیەکان دەیانکرد هیچی شایانی قوربانیدان نەبوو بەگیانی خۆیان، چونکە خەباتێک بوو بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی حزبێک بەدەسەڵاتی حزبێکی تر، نەک بەرگری لەنیشتمان یان خەبات بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی. خەباتی ئێمەی کورد جیاوازبوە لە خەباتی عێراقیەکانی تر بۆیە شەهیدبوون و گیانفیداییش بۆ ئێمە ئەگەر پاساوێکی هەبووبێ، بەدڵنیاییەوە، بۆ عێراقییە بەرهەڵستکارەکانی تر پاساوێکی ئایدۆلۆجی وابوە کە ژیانی مرۆڤەکانی لا بێ بەهابوە، چونکە هەرگیز گۆڕینی دەسەڵاتێک بەدەسەڵاتێکی تر هێندە ناهێنێ کە مرۆڤ گیانی خۆی بۆ ببەخشێ، یان هانی خەڵکی بدا بۆ گیانبەخشین، بەتایبەتیش کە هیچ گرەنتەکیش نیە حزبەکەی تر کە هاتە سەر دەسەڵات لەڕێڕەوی حوکمڕانیدا لەوەی پێشوتر دادپەروەرتر دەبێ، کە ئەگەرواش بێدیسان هەر قوربانی بەگیانبەخشین ناهێنێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی