ئەنجومەنی ئاسایش چی لە پارتی و یەکێتی دەوێت

تەنیا کوردی

19-05-2022

7406جار خوێندراوەتەوە


جاری یەکەم نییە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەیەوێ هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ بگەنە رێککەوتن، پارساڵ دوای دەستپێشخەری سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش کە نامەیەکی ئاراستەکردن، ئەنجوومەنەکە بە بڕیاری 2576 شەرعیەتی دایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کە ئەو کات هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی وزە رێککەوتنیان کرد، ئەمساڵیش جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی داوای لەم ئەنجوومەنە کردووە کە رۆڵی هەبێت لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستاش جارێکی دیکە ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە هەولێر و بەغدایە کە بگەڕێنەوە دیالۆگی جیدی و لەسەر پرسی نەوت و غاز و کێشە هەڵپەسێردراوەکان رێککەوتن بکەن.

 هەرخۆی جەوێکی ئەرێنیش لە نێو ماڵی کوردی لە نێوان پارتی و یەکێتی دروستبووە بۆ ئەوەی لە هەرێم رێککەون و دواتریش قسەی جیددی خۆیان بۆ پێکهێنانی کابینەی عێراق بکەن. 

هەرخۆی لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەمێکە پارتی و یەکێتی بە پێچەوانەی یەکتر کاردەکەن، بەڵام بۆ پرسێکی هەستیاری نێوخۆیی و هەروەها بۆ بەغدایش ناکرێ میلی کاتژمێرەکەی هەردوولا بە پێچەوانەی یەکتر بێت، چونکە پۆست و پلەکان هێندەی یەکریزی هێز نابەخشنە قەزیەی کوردی.

لە پایتەختی بۆلیڤیا کاتژمێرێک ھەڵواسراوە کە میلی کاتژمێرەکە بە پێچەوانەی ھەموو کاتژمێرەکانی جیھان، بە پێچەوانە دەخولێتەوە، دەڵێن کە کەسێکی عێراقیش پێشنیاری کردووە وەک سەعاتەکەی بۆلیڤیا کات وا بخوێندرێتەوە و ئەم عێراقییە وای دەبینێ کە ھەر لە بنەڕەتدا ناکرێ میلی کاتژمێر بەم شێوەیە کات حسێب بکات، دەبوو بە پێچەوانەی کاتژمێری ئێستا میلەکە لە راستەوە بۆ چەپ کات بژمێرێ.

بۆ ئێمەش ئەگەر بەغدا بە پێچەوانەی ئێمە کات بژمێرێ بۆ لاوازکردنی ئێمە، ئەوا رەگێکی مێژووی هەیە و هەموو لایەک دەزانین کە هۆکارەکەی چییە، بەڵام ناکرێ لە هەرێم پارتی و یەکێتی بە پێچەوانەی یەکتر بجوڵێن و بەغدایش پێچەوانە بێت، ئەو کاتە دەرفەت و دەسکەوتەکان لاواز دەبن و کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە پەیامی جەژنیشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری بۆ پارتی و یەکێتی کرد کە بگەنە رێککەوتن، ئەمەش کارێکی دروستە تا میلی کاتژمێری هەرێم کات لە بەغدا بۆ دەسکەوتی کوردستان بژمێرێ.

سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی لە کۆتا دیداریدا لەگەڵ تیمی یەکێتی بڕیاری دا کە کۆتایی بە کێشەی مووچە لە سلێمانی بێت و ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر نەهێشتنی هێرشی مێدیایی لە نێوان پارتی و یەکێتی.

ئێستا تەوقیتەکە وا دەخوازێ بۆ عێراق هەم پارتی و یەکێتی بگەنە پاکێجێکی هاوبەش و دەستپێشخەری هاوبەش هەبێ، کە ئەمە هەم بۆ پێگەی هەرێم زۆر باشە، هەمیش گرینگە تەوقیتەکە ئەرێنی بکرێت، ئەمەش بە کۆدەنگی دەبێت و پۆستەکان دەبێ وەلابنرێت و ئەوەی گرینگە پارتی و یەکێتی بۆ قەزیەک لە بەغدا بن کە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی