سوپای نیشتیمانی.. گرنگترین ھۆکاری یەکیەتی نەتەوەیی

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

17-05-2022

3819جار خوێندراوەتەوە


ڕاونگەیەکی ئیتالی

خەونی گەورەی میکیاڤیلی ڕزگارکردنی نیشتیمانەکەی بوو لەو ناکۆکی و دابەشبوون وململانێ زۆرو زەبەندانەی، جەستەیان ونجڕ ونجڕ کردبوو، وڵاتەکەی واتە ئیتالیا، لەسەردەمی ئەودا، بەسەر پێنج حکومەتی لۆکاڵیدا دابەش بوبوو. ئەم حکومەتانەش جگەلەوەی لەنێو خۆیاندا نکۆك و دڕدۆنگ بوون، لەناو ھەرحکومەتێکیشدا ململانێ جۆراوجۆرەکان بووبوونە سەرچاوەی ئاژاوەو پەشێوی و نائارامی.

ئەمەش وایکردبوو، بێگانەکان و لەوانەش فەڕەنسی وئیسپانییەکان، سود لەودۆخە وەربگرن و چاوی تەماحی تێببڕن وھەوڵی داگیرکردنی بدەن. 

ئەم رەوشە دەرونی بیرمەندو سیاسەتمەدارێکی وەك میکیاڤیلی زۆر ئازاردەداو تێپەڕاندنی و دامەزراندنی ئیتالیایەکی یەکگرتوو بەھێزیش، کردبوو بە خەیاڵی شەوو ڕۆژی.  باسکردنی لە مەزنایەتیەکانی ئیمراتۆریەتی ڕۆماشی زیاتر لەم چوار چێوەدا بوو. واتە دەیویست بەئیتالییەکان بڵێ: لەکاتێکدا ئێوە میراتگری ئەو مێژووە پرشنگدارەن لەڕووی پانتایی خاك و یەکگرتوویی و شکۆمەندی، دەبێت لەبیری ئەوەدابن مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە. بیرکردنەوەتان لەچوارچێوەی میرنشینە ناوچەییە لاوازو پەرش وبڵاوو پڕکێشەکان رزگاربکەن و پێکەوە ئیتالیای مەزن و یەکگرتوو بێننە کایەوە.

دەبێت تێکڕای بیرو ڕاکانی (میکیاڤیللی)ش لەبەر ڕووناکی  ئەم چوارچێوە مێژوویی وئامانجەدا بخوێنینەوەو تێیبگەین. لەم روەشەوە لەسەرئاستی فیکریدا، نوێنەرایەتی ئازارو کێشەو خەم وئەرکەکانی قۆناغێکی ڕاگوزەری دەکرد، لەنێوان سەدەکانی ناوەراست و مێژووی نوێی خۆرئاواو چاخی بوژانەوەدا. کە سەرەتای سەرھەڵدانی ھەستی نیشتیمانی وھاتنە کایەی دەوڵەتە نوێیە ناوەندیی وپادشاییە ڕەھاکان بوو.

خەونی گەورەی (میکیاڤیللی)یش لەوقۆناغە ڕاگوزەریەدا، ھاووێنەی وڵاتانی تری ئەوروپا، دامەزراندنی  پادشایەتیەکی ڕەھابوو، بۆئەوەی ئەرکی یەکگرتنەوەی ئیتالیاو دامەزراندنی وڵاتێکی یەکگرتوو ناوەندی وبەھێز بگرێتە ئەستۆو، ڕژێمێك توانای کۆتایھێنان دابەشبوون و بەئاژاوەی ناوخۆو بەرگریکردن لەوڵاتی لە بەرامبەر دەستدرێژی وپەلاماری بێگانەکان ووڵاتانی تر ھەبێت. لەوپێناو ئەم ئامانجە گەورەو پیرۆزەشدا سڵ لەھیچ  شتێك نەکاتەوە ھەرئامرازێ پێویست بوو بەکاریبھێنێت.

لەڕاستیشدا پادشایەتی ڕەھا  ڕژێمی  دڵخوازی ئەو نەبوو، بەڵکو ھەروەك ڕۆسۆ لەبەشی شەشەمی پەیمانی کۆمەڵاتیدا دەڵێت، ئامانجە شاراوەکەی کتێبی (میر)کۆماریخوازیە. میکیاڤلیش خۆی وادەردەخات دەرسی پاشایان دادەدا، لەکاتێکدا دەرسی بەھاداری پێشکەش بەگەلان دەکرد.

ئەوەی لێرەشدا لەو فێردەبین و مێژووی گەلانیش بۆمان پشتڕاستدەکاتەوە ئەوەی: ئەزموونی سیاسی گەورەو لەوانەش کۆماریخوازی، لەسەرزمینێکی ناسەقامگیروو دابەشبوو پڕ لەناکۆکیدا مەیسەر نابێت.

لەچوارچێوەی ئەو ئەرك و ئامانجەی سەرەوەشدا، باس لە ئەرك وڕۆڵی سوپایەیەکی نیشتیمانی ڕەسەن دەکات. سوپایەك چەکدارەکانی ھاوڵاتی بن. پاڵنەری جەنگانییان نیشتیمانپەروەرێتی وگیانفیدایی بێت بۆ سەربەرزیی گەل ووڵاتەکەیان.

سەرکردەی ئەم سوپایەش لەسەربناغەی دڵسۆزیی ولێوەشاوەیی لەنێو ھاوڵاتیاندا دیاریبکرێت. پلەو پایەکەش لەسەر کەس تاپۆ نەبێت، ھەرکە زانرا یەکێ شایستەی نیە لەکار دوور بخرێتەوەو یەکێکی تر لەشوێنی دابنرێت،کەلەو لێوەشاوەتر بێت، زۆرتریش ھەڵگری بەھاکانی نیشتیمانپەروەری ڕۆحی ھاوڵاتێتی  بێت. دەبێت ئاینیش لەم چوارچێوەو لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەی بنیاتنانی سوپاو یەکگرتنەوەدا ڕۆڵی شایستە بەخۆی بگێڕێت. میکیاڤیلی ئەم سوپایە بەم پێکھاتەو ناسنامەو بیروباوەڕو ئەرك وسەرکردایەتیەوە، بەگرنگترین ھۆکاری یەکیەتی نەتەوەیی و ئیتالیای لەقەلەم داوە. کەلە جەوھەردا سوپایەکی کۆماریخوازە، چونکە لەھاوڵاتیان پێکھاتوەو سروشتی کرێگرتەیی وتاڵانچێتی نیە. پێشی وایە تەنھا لەگەڵ بوونی سوپایەکی لەم جۆرەدا وڵات پێشدەکەوێت، چونکە ھەل ومەرجەکانی پێشکەوتن لەوانەش یەکگرتنەوەو سەقامگیری وبەھێزی بەدیدێنێت.

ھەرلەم کاتەشدا دەتوانین بڵێین وڵات ومیللەتێك خاوەنی ھێزی بەرگریکردنی تایبەت بەخۆیەتی.

جێگای داخیشە ئەگەر زۆر وڵات و دەوڵەتی نوێ لەجیھان و ناوچەکەی خۆماندا سوپا یەکگرتووەکان ڕۆڵی گەورەیان لەیەکگرتنەوەو دامەزراندن وپاراستنیاندا ھەبووبێت، ئەوا لەئەزموونی کوردستانی باشوردا، لەسایەی نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی ڕەسەندا، چەکی کوردی، بەپێچەوانەی ئەرکە نیشتیمانیەکەی خۆی، بۆتە ھۆکاری بەدابەشکراوی مانەوەی خاك وگەلەکەمان و بینانەکردنی دەسەڵاتێکی نیشتیمانی بەھێزو یەکگرتوو؟!

ھەربۆیە ناشتوانین بڵێین خاوەن ھێزوتوانای بەرگریکردنین لەخۆمان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی