هەواڵی ئەمڕۆ

لەسەربەخۆییەوە بۆ راکردن لەنیشتیمان

سەرتیپ جەوهەر

15-05-2022

2678جار خوێندراوەتەوە


19ی ئایاری ئەم مانگە 30 ساڵ بەسەر یەکەمین هەڵبژاردنی کوردستان تێدەپەڕێت. هەڵبژاردنی ساڵی 1992 رۆژێکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان. دانیشتوانیی کوردستان بەجلی کوردی و بەهەڵپەڕکێوە چوونە هەڵبژاردن، پێیانوابوو رۆژی سەربەخۆیی و ئازادبوونە لەدەست ستەمکاریی رژێمی بەعس.

ئەوە 30 ساڵ بەسەر حوکمڕانی کوردستان تێپەڕیی بەڵام ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک لەوادەی خۆی بەڕێوەنەچووە. لە دوایین هەڵبژاردن 2021 تەنها لە 30% خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کرد! دوای 30 ساڵ هەرێمی کوردستان بەروونی دوو ئیدارەیەو دوو هێزی پێشمەرگەو دوو دەزگای ئاسایش و دوو فەرهەنگی حوکمڕانی هەیە! پەرلەمانەکەی رۆژێک تەمەنی درێژ دەکرێتەوەو رۆژێکیش دادەخرێت و ئێستاش پەکی کەوتووە! حکومەتەکەیشی وەک دونیاکەی مەولودنامەی کوردەواریی ئیدی لەسەر پشتی گایەو گاش لەسەر پشتی ماسی، ماسیش لەهەوایە! 

دامەزراوەی دادوەریش بەتەواوی متمانەی لەدەستداوە. رەنگە لەسەر وتارێک، ناڕەزایەتییەک، قسەیەکی سەرشاشە، کەیسێکی ئامادەت بۆ بخرێتە روو، وەک دادگاکەی مەهداویی بێ‌ گوێدانە هیچ بنەماو مەنتقێکی دادپەروەریی، لەوانەیە حوکمی شەش ساڵ و شەش مانگت بۆ ببڕێتەوە! 

بەر لە 30 ساڵ خەڵک وێنەی لەگەڵ ئاڵای کوردستان دەگرت،  مامۆستایان و فەرمانبەران بەبێ‌ موچە دەوامیان دەکرد، کەچی ئێستا بەهۆی سەختی ژیان و نادادپەروەریی و مەحسوبییەت و مەنسوبیەت، خراپی حوکمڕانیی، گەنجان رێگای قاچاخ و هات و نەهات دەگرنەبەر ئەم وڵاتە جێدەهێلن! 

بەر لە 30 ساڵ خەنی خۆشی گەشەکردنی دیموکراسی و کرانەوەو ئازادی، گفتوگۆی گەرمی کۆڕو کۆبونەوەکان بوو. کەچی ئێستا ئاسایش و دامودەزگا ئەمنیەکان لەسەر سەرنجێک (کۆمێنت) یان لەسەر نامەیەکی تایبەتی نێو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی، خەڵک راپێچی زیندان دەکەن. ئەگەر خاتری بگرن ئینجا بەڵێننامەیەکی پێ‌ پڕدەکەنەوەو ئازادی دەکەن.

بەر لە 30 ساڵ بەرەی کوردستانی هەبوو، وەک چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی هەموو لایەنەکان لێی کۆدەبوونەوەو گفتوگۆی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان لێ‌ دەکرد. کەچی ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتمان هەیە، بەڵام لایەنە سیاسیەکان توانای کۆبونەوەی هاوبەشیان نییە، چونکە متمانە لەنێوانیان دا نییە.

بەر لە30 ساڵ ئێمە منداڵ بوین، خەونی گەورەمان هەبوو، بەڵام وێرانیانکرد! خەونمان بەسەربەخۆیی کوردستان و نیشتیمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیارەوە دەبینی، کەچی ئەوە 30 تێپەڕیی، لەبری سەربەخۆیی، شەڕی گەڕانەوەی بەغداو پەلەی سوێندخواردنمانە بەیەکپارچەیی گەل و خاکی عیراق! دامەزراوەکانی حوکمڕانیمان لەنیشتیمانییەوە کرد بەحزبیی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی