ئەو ھێزەی بەبێ حزب لە ھەرێم حوکمڕانە

تەنیا کوردی

6-05-2022

8196جار خوێندراوەتەوە


 

لەماوەی دەساڵی رابردوو زۆرترین وتارم لەسەر جیلی تازەبووە، کەمترین تێگەیشتن لەڕووی رەفتاری دەروونی لەڕووی تێگەیشتنی سیاسی لە چوارچێوە زانستییەکە بۆ ئەم جیلە خوێندنەوەی بۆ کراوە، زیاتر لە ڕووی حزبی بابەتەکان خراونەتە ڕوو، تەنانەت سەنتەرێکی توێژینەوەی زانستی یانیش دەروونی پێوەست بە خوێندنەوەی داھاتووی ئەم جیلە وەک پرەنسیپ نەبووە کە گوزارشت لە روئیاو پەیامی ئەم جیلە بکات.

 لە پێش ھەڵبژاردنی رابردوو لە بابەتێکدا لێرە لە ماڵپەڕی خەندان ئاماژەم دا کە ئەم جیلە لێی دەخوێنرێتەوە لە ئاستی عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە کە زۆرترین ژمارەیان بایکۆتی ھەڵبژاردن دەکەن و بینرا کە لە ھەڵبژاردنی رابردوو بایکۆت زۆرترین ژمارەی دەنگ بوو و ئەم دیمەنە بینرا و ئەم جیلە متمانەی بە ھەڵبژاردن لە ئاستی عێراق و ھەرێم کەمبوو.

لە ڕووی ستراتیژیەت و تێگەیشتن لە جوڵەو بیرکردنەوەی ئەم جیلە، لە سۆشیال مێدیا بەردەوام قسەکردنمان لەسەر ئەوەبووە کە رۆژێک زۆر درەنگ دەکەوێت لەوەی کە بتوانرێت توانای گەشەی ئەم جیلە وەک خۆی بخوێنرێتەوە، چونکە لە ھەرێمی کوردستاندا زۆرترین بابەتەکان سیاسیانە شرۆڤە دەکرێن، بەڵام لە ڕوانگەی دەروونییەوە کەمتر لێکۆڵینەوەکان لەسەر رەفتاری ئەم جیلە و کاردانەوەیان لە بەرامبەر تێگەیشتنیان بۆ سیاسەت  و حزب و دەسەڵات ھەبووە کە قۆناغی نوێبوونەوەی سیاسی ھێڵە سەرەکییەکانی لە ڕووی پۆلینی کۆمەڵایەتی بەکام جیلدا دەڕوات.

 ئەم پێوەرانەی لە رابردوو حزبە سیاسییەکان لە نێو رای گشتی کردبوونی بە میتۆدێک، ئێستا کاریگەریگەرییەکانی لە نێو جیلی تازە کە بەشێکی زۆری رای گشتی پێکدێنن، لە تەواو بوونە، جیلێکی نوێ و تاکێکی نوێ لە ھەرێم ھاتووەتە نێو دونیای کارکردنەوە کە بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات نەوەک بە تێگەیشتنی پێوەرەکانی رابردوو کە لە رابردوو تاکێک لەبەردەم بڕیاری حزبدا بوو کە لەم روانگەیە بڕیاری حزبی تەواو باوەڕی ئەم بوو، ئێستا ئەم جیلە لە دەرەوەی کاریگەری سیاسەت و حزبدایە، جیلێکە لە قوڵایی خۆیدا دەژی، لەبەر پرسیاری زۆری لەسەر خۆی دەرفەتی تێگەیشتن لە دەرەوەی خۆی لە حزبدا نییە، بیرکردنەوەی جیاوازە لە تێڕوانینی حزبی و بەرامبەر زۆر لە پرسەکانیش تاڕادەیەک جیلێکی یاخییە.

 ئەم جیلە قۆناغ بە قۆناغ دەبنە زۆرینەی بڕیار، لە ڕووی فکرەوە لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیا باڵادەستیان دیارە، لە ڕووی کەناڵی تایبەت بەخۆی لە ھەموو مینبەرەکانی سۆشیال میدیا زۆرینەیەکی وەک یەک لە یەک تەوقیت بەیەک قەبارەی بیرکردنەوە وەک یەک پاڵنەری ھێز تێڕوانینیان بۆ پرسەکان ھەیە.

ئەم جیلە نایەوێ بچێتە رابردوو، دەیەوێ خۆی بەقەد تێگەیشتنی خۆی وەک خۆی لە  مێژوو و ئێستاو داھاتوو تێبگات و باڵادەستی خۆی دەوێت، بۆیە زۆر سەختە شوێنی ئەم جیلە لەنێو حزبە سیاسییەکانی ھەرێم بەم پێوەرە حزبیانەی کە ھەن  ببێتەوە، چونکە تا ئێستا حزبەکان لەسەر کلاسیکیەتی سەردەمی خۆیاندان، تا ئێستا حزبە سیاسییەکان فۆڕمی خۆیان  نەگۆڕیوە، بە ھەمان کەرەستەی رابردوو لە جەنگی یەکتردان، ئەم جیلە بەپێچەوانەی حزبە سیاسییەکان لە لۆبی یەکتردان، ھێشتا نەبوونەتە حزبێکی دیاری کراو، بەڵام بەبێ حزب زۆرینەی بڕیارن لە حوکمڕانی بەتایبەت لە ھەڵبژاردن باڵادەستیان ھەیە و لە نێو کۆمەڵگەیشدا خۆرسکیانە لە ڕووی بیرکردنەوە لە گەشەی بەردەوام دان.

ئەم جیلە لە ھەرێمدا دەبنە خاوەنی حوکم، بەبێ ئەوەی لە ھەیکەلی حوکمڕانیدا بن، چونکە قەبارەیان بەشێوەیەک لە گەورەبوونە کە بە بەراورد بە حزبە سیاسییەکان ئەوان زۆرینەن و حوکمی رای گشتی ئەوانن و لەگەڵ جیلی پێشوتر تێڕوانیان زۆر جوودایە.

لە ھەڵبژاردنی رابردوو ئەم جیلە سەدا شەستی بایکۆتی ھەڵبژاردنی کرد، ئەم جیلە باوەڕی بە سیاسەت نییە، بەڵکوو بەدیلی بۆ سیاسەتکردن ھەیە_ئەم جیلە وای دەبینێ کە سیاسەت بریتییە لەو کۆمەڵە بڕیارەی کە جیلێک بەدەوری یەکتردا کۆدەکاتەوە بەگوێرەی ستانداردی ئەمڕۆ تێگەیشتنیان بۆ بڕیارەکان ھەیە و ئاشنان بە رووداوەکانی جیھان و دەیانەوێ وەک خۆیان بدوێن و چارەسەرییەکانیش وەک خۆیان بگەینن، بەڵام دەرگاکانی حزبەکان بەسەر ئەم تێگەیشتنی ئەم جیلە تا ئێستا داخراوە.

ئەم جیلە وێڕای ئەوەی کەمتر لە بەرگی حزبی دەردەکەون، زیاتر وەک سەکۆیەکی مۆدێرن خۆیان دەخەنە نێو فوڕمێکەوە کە تەواو چوونەتە نێو تەکنۆلۆژیا زۆر خێرا لە یەکتری تێدەگەن، باوەڕی سەرەکی لە رەفتاری ئەم جیلە دەخوێنرێتەوە کە متمانەیان بە پێوەرە کلاسیکییەکان نییە، زیاتر ئەم ھێزەن کە دەیانەوێ وەک خۆی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و وەک خۆی ئازادیان لەبەر چاو بگیرێ، ئەم جیلە تێکدەر نین، شەپۆلێکی سۆفتن و باوەڕیان بە ھەموو گفتوگۆیەکی سۆفت ھەیە.

ئێستاش گەر لە حوکمڕانیدا خوێندنەوەی جیدی بۆ ئەم جیلە نەکرێت و دەرگایان بەسەر دابخرێت لەوەی ببن بەبەشێک لە بڕیار لە نێو ھەیکەلی حوکمڕانیدا بەتایبەت لەو تێگەیشتنەی کە ھەیانە، لە داھاتوو ئەم جیلە دێن و بە شادەماری حوکمڕانیدا تبدەپەڕن و وەک خوێنی تازە لە سیاسەت و حوکمڕانیدا دەردەکەون، چونکە  زۆرینەی رای گشتین لە قۆناغی داھاتوو دێنە حوکمڕانییەوە، چونکە لە سەکۆکانی راگەیاندن و رای گشتیدا زۆرینەن ئەم زۆرینەیە خۆی دەسەپێنێ بەسەر حکومڕانی، ئەگەر حزبەکان و ھەیکەلی حوکمڕانی لەم جیلەدا بەتەواوی تێنەگەن و بەردەوام پەراوێزیان بخەن، ئەوا ئەم جیلە شۆڕشێکی تەکنۆلۆژییەو دەستی پێکردووە و دەچنە قۆناغی تەواوکاری یەکتر کە لە داھاتوو ئەم بازنەیەی تەواوکارییە بە دەوری حوکمڕانیشدا دەخولێتەوە و دەبنە زۆرینەی بڕیار.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی