ئەوەی نەدەبو ھەرگیز ڕویدابوانە شەڕی ناوخۆ بو، کە شەڕی ناوخۆش قەوما ئەوەی نەدەبو ھەرگیز ڕویدابوایە ئەو تێکەڵکردنەوە ھەڕەمەکییەی ئێدارەی سلێمانی بو بە ھەولێر، بەتایبەت کە مۆدیلی حوکمڕانی سلێمانی، وەک مۆدیلێکی جیاواز لەڕوی دابینکردنی نان و ئازادیەوە چەسپابو، یەکێتی توانیبوی نمونەیەکی سەرکەوتوی جیاواز لەزۆنی سەوزدا بنیاتبنێت!
بەو تێکەڵکردنەوەیە یەکێتی ھەمو جیاوازە جوانەکەی خۆی لەبەردەم پارتی و مۆدیلی زۆنە زەردەکەیدا سەربڕی و لەخاوەن ماڵ و ھێزی حوکمڕانی سلێمانیەوە بو بە حزبی میوان لە ھەولێر، بەمەش وێڕای ئەوەی یەکێتی لەحوکمڕانیدا ھاوسەنگی لەدەستدا، لەڕوی جەماوەری و واقعی ڕێکخراوەیی ناوخۆشیەوە، ڕوبەڕوی ناڕەزایی و دابەشبون ھات!
ئەوە ڕونە کە لەو کاتەوە پارتی مۆدیلی خۆی بەسەرکەوتو دەزانێت و وەک براوەیەکی بێباک ڕەفتاردەکات و بەردەوام چاوەڕێی سازشێکی نوێی یەکێتییە، بەتایبەت لەسەردەمی بانگەشەی کوردستانێکی بەھێزدا، بەڵام بەڕاست ئەگەر ئەوە حکومەت و کوردستانە بەھێزەکەی پارتی بێت، دەبێت لاوازەکەی چۆن بێت؟! ئەوەتا نرخی نەوت لەو ئاستەبەرزەدایە کەچی وەک بڵێی ھەرێم بەو نرخە نەوت بکڕێت، وەزعی موچە و ئاستی خزمەتگوزاریەکان، ھاتۆتە خراپترین دۆخ!
من پاکانە بۆ خراپی بەڕێوەبردن لە زۆنی سەوز ناکەم، بەڵام کاتێک پارتی وێڕای داھاتی نەوت، لە چوارگۆشەی گومرگی ھەرێم، گومرگی سێ گۆشە و نیوی ھەرێمەکە دەبات، سەیرە بیانگەی گەمارۆدان و نەدانی موچەی فەرمانبەرانی سنوری پارێزگای سلێمانی ببەستێتەوە بە پرسی ئەو نیوەگۆشەیەی گومرگ و داھات لە سنوری یەکێتی، ئاخر ئەمە وەک ئەوە وایە پارتی خۆڵ بکاتە چاوی خۆی بۆئەوەی خەڵک چەواشەبکات.
لەوەش خراپتر ئەوەیە پارتی وابزانێت دیسان لەم شکستە گەورەیەی حوکمڕانی بەبراوەیی لێی دەردەچێت،چونکە بەڕاستی ھەڵەیە و بەرپرسیارێتی یەکەمی قەیرانی ھەرێم و مەینەتی خەڵکەکەی لەڕوی واقعییەوە لە ئەستۆی ئەوە، لەبەرئەوەی کۆی جومگە گەورە و گرنگەکانی ھەرێمەکە بەڕێوەدەبات و لەم لاوازیە ھەمەجۆرەی کوردستاندا، شکست و پەرێشانیەکە لە ھەولێر بێت یان لە سلێمانی، حزبی یەکەم دۆڕاوی یەکەمە!
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی