هەواڵی ئەمڕۆ

سفر هیچ بە دەستەوە

فارس نەوڕۆڵی

25-04-2022

8490جار خوێندراوەتەوە


ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ بیرکردنەوەی دوێنێی هێزە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران بکەیت، ئەگەر چی لەبەر هەلومەرجەکان دروشمی سیاسی جیاوازییان هەبووبێت، بەڵام هەمیشە کەڵکەڵەی کوردستانی گەورە لەسەریاندا بووە.

 ئێستا هەرێمی کوردستان بە هەموو کەم و کورتیەکانیەوە قەڵای هەر کوردستانییەکە لە هەرکوێ بێت، جا خۆی بیەوێ یاخود نەیەوێت.

 بۆیە کەوتنی ئەم هەرێمە کەوتنی کۆی کوردستانیانە، لەتبوونی ئەم هەرێمە لەتبوونی ئایندەی کوردستانە. کەچی هێز گەلێک تایپێک لە ڕۆشنبیر (هەرچەندە زۆرێک لەو مەخلوقەی ناوی ڕۆشنبیرە بۆ خۆی بەشێکە لە کارەساتەکە)، ئێستا دێن و تەپڵی دوو ئیدارەیی لێدەدەن.

لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کێشە لە بیرکردنەوەیاندا هەیە هەر لە سەرەتاوە هێزی بیرکردنەوەیان نەبوەو تەنها نمایش کارن. بە بڕوای من ئەو جۆرە بیرکردنەوانە دەتوانین پۆلێنیان بکەین بۆ سێ جۆر:
۱- هەندێکی لە نەزانیەوەیەو هەر ئەوەندەی لێ دەزانێت.
۲- بەشێکیان لە نیەت پاکی و کورتبینیەوەیە، پێیان وایە دوو ئیدارەیی کۆی کێشەکان چارەسەر دەکات و نازانێ دوو ئیدارەیی گورزێک لە کورد ئەسرەوێنێ، کە بۆ سەدەیەکی دیکە هۆش نەکاتەوە کەچی بەڵایەکی بەسەر خۆی هێناوە.
۳- بەشێکی لەژێر کاریگەری ئەو شەڕە زیهنییەیە کە دوژمنانی ئەم هەرێمە بە بەرنامە بەڕێوەی دەبەن.

بۆیە پێویستە ئەم سێ تایپە لە مرۆڤی کورد ڕاچڵەکێنرێن و هۆشیاربکرێنەوە بەوەی، کە یاداشتەکانی ئەم نیشتیمانە برینی کەمی تێدا تۆمار نەکراوە و پڕە لە کەوتن و لە برین. بۆیە بیرکردنەوە لە دابەشکردنی هەرێم بۆ دوو ئیدارەیی برینێکی وا قوڵ دەکاتە جەستەی کوردەوە، کە بۆ چەند نەوەیەکی دیکە بۆیان ساڕێژ نەکرێت. بۆیە ئەم بیرکردنەوەیە کەوتنە ئەم کەوتنەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەو هێز و کەسانە لەسەر بنەمای یەکدژی کاردەکەن نەک بەرمەبنای جیاوازی. 

دواجار ئەم نیشتمانە موڵکی هیچ حزب و کەسایەتیەک نییە، هەتا وەک کێکی بۆنەکان لەتی بکات، بەڵکو ئەم کوردستانە نیشتمانی ئەو قارەمانانەیە کە خۆیان بۆ کردە قوربانی، نیشتمانی نەوەکانی ئایندەیە. حزب دەڕوات بەڵام نیشتمان هەر دەمێنێت. کەسەکان دەڕۆن، بەڵام نیشتمان هەر دەمێنێت.

بۆیە یەک پارچەیی هەرێم بەشێکی ئەخلاقی کوردە و دابەشبوونی هەرێم بۆ دوو ناوچەی جوگرافی و سیاسی  وەک سەرۆک نێچیرڤان دەڵێت: (دوو ئیدارە واتە سفر ئیدارە).

کەواتە ئەگەر ئەم هەرێمەمان کرد بە دوو ئیدارە واتە سفر هیچ بە دەستەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی