هەواڵی ئەمڕۆ

قەیرانەکە بەگەردنی سلێمانیدا ھەڵمەواسن

سلێمان عەبدوڵا یونس

21-04-2022

14641جار خوێندراوەتەوە


بەھەمو شێوەیەک لایەنگری ئەوەم داھاتی سلێمانی دیناربەدیناری دیاربێت و شایستە بەخەڵکەکەی و بەشێوەیەکی ڕون و دادپەروەرانە بەکاربھێنرێت بەڵام بەڕاستی کێشەی داھات سەرچاوەکەی لە سلێمانییە؟

بێگومان پارتی، بەو پێیەی سەرۆکایەتی حکومەت دەکات، دەتوانێت پرسیار لەداھاتی سلێمانی بکات، بەڵام بەڕاستی دەبێت ئەوەش بزانێت مۆدیلی دەسبەسەرداگرتنی داھات و بردنی پارەی گومرگ لە دەسپێکەوە مۆدیلێکی پارتیانەیە،کاتێک ئەو حزبە لە ساڵی 1994 لە ئیبراھیم خەلیلەوە، شمشێری زەردی بۆ بردنی پارەی خەڵک ھەڵکێشا و ھەتا شەڕی ناوخۆش بردی!

لەدوای دەرھێنانی نەوت و بەتایبەتیش دەسبەسەرداگرتنی دۆسیەی وزە لەلایەن پارتیەوە، ئەگەر بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان نەبێت، دەنا ھەرگیز سەرچاوەی قەیرانەکە داھاتی ناوخۆ نیە، بەتایبەت داھاتی سلێمانی، کە ھەرگیز ناتوانرێت وەکو توانای دارایی بۆخۆبەڕێوەبردنی زۆنەکە سەیری بکرێت، كەئێستا پارتی کردویەتی بە بیانگەیەک بۆ گەمارۆدانی خزمەتگوزاری سلێمانی و برسیکردن و بێموچەکردنی خەڵکەکەی.

ئەگەر پارتی بیەوێت بۆ بەرژەوەندی ناوبانگی حوکمڕانیەکەی خۆی، کار لەسەر ڕای گشتی بکات و بە پێدانی زانیاری ناڕاست بەنوێنەرایەتی دەوڵەتان، لاوازی تیمی حوکمڕایەکەی بشارێتەوە و واقعی قەیرانی ھەولێر، بەگەردنی سلێمانیدا ھەڵبواسێت، ئەوا دەرفەتە بۆ یەکێتی بەھاوکاری ھێزەکانی دیکە، دور لە ھەڵچون و داچون، ھەڵوێستەیەکی ورد و جدی بۆ چارەنوسی کۆی داھاتی دیار و نادیار و ئایندەی ئابوری و دۆسیەی وزەی کوردستان بکاتەوە و نەھێڵێت چیدی خەڵکی زۆنەکەی بکرێتە قوربانی!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی