هەواڵی ئەمڕۆ

كه‌ركوك لۆژیكی گفتوگۆ

لەتیف فاتیح فەرەج

18-03-2022

12142جار خوێندراوەتەوە


كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ كه‌ركوك كێشه‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتره‌ ، نه‌خوێندنه‌وه‌ زیاتر نه‌بینینی یه‌كتر ، ئه‌مه‌ كێشه‌ی هه‌ر سێ‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كه‌ركوكه‌ ، له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌ ناو خۆیاندا ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ، یانی به‌رله‌وه‌ی گفت و گۆی ئاوه‌زیانه‌ی پێكهاته‌كان له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ده‌ست پێبكات ، پێویسته‌ گفت و گۆی نێو خۆیی ، واته‌ هه‌ر پێكهاته‌و له‌ نێو خۆیدا په‌ره‌ پێبدات ، عه‌ره‌ب له‌ ناو خۆیاندا ، كورد له‌ ناو خۆیاندا ، توركمان له‌ ناوخۆیاندا ، پاكێجی هه‌رسێ‌ نه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ بكرێت ، دواتر له‌ نێو ئه‌و سێ‌ پاكێجه‌دا خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان بكرێن به‌ بنچینه‌ ، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كورد راو بۆچونی جیای هه‌یه‌ له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك ، توركمان و عه‌ره‌بیش وه‌سایه‌ ، جارێ‌ له‌ ناوخۆیاندا رێكه‌ون دواتر مێزی گفت و گۆی پێكهاته‌كان دابنه‌ن ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت لۆژیكیانه‌ هه‌نگاو بنرێت ، نه‌ك دیدی ناسیونالیستانه‌ی دور خه‌ره‌وه‌ و دابڕاو له‌ یه‌كتر .

رقی سیاسی له‌ یه‌كتر جۆرێك له‌ لێكدابڕان و پشتكردنه‌ یه‌كترو هه‌روه‌ها سه‌نگه‌ر له‌ یه‌كترگرتنی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ ، به‌ جۆرێك كه‌ زه‌مینه‌ سازاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  خه‌ڵكانی تر و وڵاتانی دیكه‌ به‌ پێی ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان كاری تێدا بكه‌ن ، یانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆییانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر، وڵاتانی تر هه‌میشه‌ جۆرێك له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م گفت و گۆی لۆژیكیدا دروستده‌كه‌ن ، نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی نێو كه‌ركوكیش به‌ هۆی ئه‌و دابڕانه‌ له‌ یه‌كتر ، ترسێكیان به‌رانبه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێكی یه‌كدی هه‌یه‌ ، بۆیه‌ خۆیان ده‌بنه‌ هۆكاری ده‌ستڕاكێشانی ئه‌وی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ، له‌ كاتێكا ئه‌وی تر ئامانج و مه‌به‌ست و مه‌رامی خۆی هه‌یه‌ نه‌ك چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی كێشه‌كان.

ئه‌وه‌ی تا ئێستا مایه‌ی بونی هیواو ئومێدی چاره‌سه‌ره‌ ، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م رقه‌ زۆر كه‌م كاریگه‌ری بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئاسایی هه‌بووه‌ ، یانی رقی نێو باره‌گا سیاسیه‌كان له‌ یه‌كتر له‌ بیرو بۆچونی یه‌كتر ، له‌ ئاڵاو زمانی یه‌كتر نه‌یتوانیوه‌ شۆڕبێته‌وه‌ بۆ نێو بازاڕ، مزگه‌وت ، قوتابخانه‌و گه‌ڕه‌ك و شوێنگه‌لی دیكه‌ ، بیرمان نه‌چێت هه‌ندێ‌ جار هه‌وڵی زۆر دراوه‌ ئه‌م رقه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ نێو زانكۆ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان و نێو میدیا ، له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌و به‌رله‌ دوو ده‌یه‌  ئه‌و ترسه‌م نیشانداوه‌ ، كه‌ ناكرێت ئه‌م رقه‌ شۆڕبكرێته‌وه‌ بۆ نێو زانكۆ و شوێنه‌كانی تر ، له‌ راستیدا ده‌بێت زانكۆ ببێته‌ ناوه‌ندی ئه‌و گفت و گۆو دایه‌لۆگه‌و خاوه‌ن رایه‌كانی زانكۆ به‌رپه‌رچی ئه‌و سیاسیانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ ئامانجیان نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌ .

له‌ كه‌ركوكدا زه‌مینه‌ی گفت و گۆو پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ زۆر له‌ باره‌ ،ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی زۆر ساده‌ له‌وانه‌ :

یه‌كه‌م : دیرۆكی هاوبه‌شی كه‌ركوكیه‌كان، بونی مێژویه‌كی دورو درێژ پێكه‌وه‌ به‌راده‌یه‌ك تێكه‌ڵ بوون كه‌ هه‌ندێ‌ خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ هه‌ندێكیان خۆیان به‌ توركمان ده‌زانن و هه‌ندێكیان خۆیان به‌ كورد ، یان به‌ عه‌ره‌بیش ، سێنمونه‌ی زه‌ق و دیار باس ده‌كه‌م هه‌ر یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ی هیجری ده‌ده‌یی كاكه‌یی ، خۆی كوردی ساغ بووه‌ ، به‌ڵام نه‌وه‌كانی هه‌ندێكیان تێكه‌ڵ به‌ توركمان بوونه‌و   خۆیان به‌ توركمان ده‌زانن، ماڵی مامۆستا محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سری ، ئه‌وانیش به‌ هه‌مان جۆر ، هه‌روه‌ها خێزان و خانه‌واده‌ی جه‌لیل قه‌یسی، من ئه‌و سێ‌ نمونه‌یه‌م بۆیه‌ هێنایه‌وه‌ تا بڵێم ئه‌وه‌ له‌ ناو خوێنه‌واره‌كاندا ، ئه‌ی ئه‌گه‌ر زیاتر شۆڕ بینه‌وه‌ .

دووه‌م : بونی نه‌وت و سامانی سروشتی ، ئه‌مه‌ش  هۆیه‌كی تری پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و په‌ره‌پێدانی كه‌ركوكه‌ ، ئه‌گه‌ كه‌ركوكیه‌ خاوه‌ن ئاوه‌زه‌كان خۆیان خاوه‌ندارێتی له‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن ، له‌ ته‌نیشت بوونی نه‌وتا ، شوێنه‌وارو ژیارو دیرۆكیش رۆڵی خۆیی هه‌یه‌، بوونی كۆمپانیای نه‌وت و ده‌ستی كارو سه‌رمایه‌ی شاره‌كه‌ ده‌شێت كه‌ركوك بكات به‌ یه‌كێ‌ له‌ شاره‌ جوان و شیرینه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی .

سێیه‌م : چاره‌نووسی هاوبه‌ش ، واته‌ پێكه‌وه‌ بونێكی هه‌میشه‌یی ، گه‌ڕه‌كی هاوبه‌ش ، گۆڕستانی هاوبه‌ش، بازاڕو شوێنكاری هاوبه‌ش  هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی پێكه‌وه‌ ژیانه‌ توند تر ده‌كه‌ن ، به‌عس بۆ ده‌یان ساڵ كاری له‌ سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و چاره‌نووسه‌ كرد ، به‌ڵام شكستی خوارد ، ئێمه‌ له‌ زۆر بابه‌ت و نووسینی پێشتردا له‌ سه‌ر سیاسه‌تی به‌عس دواوین.

هه‌ڵبه‌ت خاڵگه‌لی دیكه‌ش زۆرن ، بۆیه‌ باشترین و كورتترین رێگه‌ بۆ كه‌ركوكیه‌كان لۆژیكی گغت و گۆو گه‌یشتنه‌ به‌ رێكه‌وتنی ئاكاری ، رێكه‌وتنێك بۆن و به‌رامه‌ی شاربوون بۆ كه‌ركوك بگێڕێته‌وه‌ .


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی


بەپەلە