هەڵەبجە وەک (گیتۆ)، هەڵەبجە وەک (شوناس)

فارس نەوڕۆڵی

15-03-2022

7792جار خوێندراوەتەوە


 

مێژووی کورد پڕە لە تراژیدیاو برین! پڕە لە کارەساتی چەشنی هوڵۆکۆست! برینێک بەردەوام دەکولێتەوە و جەستەی نیشتمان ئازار دەدات! هەڵەبجە برینێک بوو، کە بوویە ناسنامەی مەزڵومییەتی گەلی کورد نەک تەنها لە باشووری کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان. ئەگەر نازییەکان لە(گیتۆدا) جولەکەکانیان کۆدەکردەوەو دەیانسوتاندن و ڕەشەکوژیان دەکردن، ئەوا کوردستان و عێراق دەیان شوێنی هاوچەشنی (گیتۆ) بووە بۆ قڕکردنی کورد و پاکتاوی نەژادی ئەم نەتەوە بێ دەوڵەتە لە سەدەکانی ڕابردوودا. 

هەڵەبجە ئەو شارەیە کە هەم لە خاکەکەی خۆیدا (گیتۆی) بۆ دروستکرا بە کیمیابارانکردن و ژەهربارانکردنی خەڵک و‌ خاکی و هەم سیاسەتی (زەوی سوتێنراو)ی بەسەردا جێبەجێکراو ویستیان ئاسەواری ئاوەدانی و ژیانی تێدا بسڕنەوە. بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی ئەو کات باشترین بەڵگە بوون، کە سەبارەت بە هەڵەبجەو خەڵکەکە دەرکران. ئەو کات لە شارەکانی خوارو ناوەڕاستی  عێراق بەعسییەکان (گیتۆ)یان بۆ زیندە بەچاڵکردنی کورد  دروست دەکرد و ئەوانەشی دەربازبووی ئەو مەرگەساتە مێژووییە بوون نەفی دەکران و وەک خیانەتکار مامەڵەیان لەتەکدا دەکرا، بەڵام  هەڵەبجە و جینۆسایدکردنی بوو بە ناسنامەی مەزڵومییەتی نەتەوەی کورد و لە هەمانکاتیشدا بووە بەشێکی گەورەی سەرمایەی ئەدەبی و هونەری ناو کەڵچەرو ڕۆشنبیری کوردی، ئەوە مێژووی هەڵەبجەیە و مێژووش بۆ ئەوەیە پەندی لێوەربگریت. ئێستا هەڵەبجە پێویستی بە ئاوەدانی مادی و ڕۆحییە، ناکرێ بڵێین هەڵەبجە هیچی بۆ نەکراوە، ناشکرێ بڵێین هەموو شتی بۆ کراوە.

دوای ئەو مەرگەساتەی بەسەر هەڵەبجەدا هات، پێویستە جگە لەوەی دەبێ ڕامانچەڵەکێنێ پرسیارمان لا دروستبکات و ئێستا پاش ئەو شەڕە ئابوری و سیاسی و دەروونییەی کە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ، بارگرانییەکی زۆر کەوتۆتە سەر خەڵکی هەڵەبجە جیاواز لە شارەکانی دیکە، چونکە هەڵەبجە لە چەقبەستوویی ئابووری و بێکارییەکی زۆردایە، چونکە کەمترین ڕێگای هەیە بۆ بەستنەوەی بە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە. بۆ ئەوەی هەڵەبجە لەم دۆخە دەربازبکرێت  پێویستە ببەسترێ بە شارەکانی دیکەوە. بۆ ئەم قۆناغە کردنەوەی مەرزی سازان و دروستکردنی ئەو پردەی هەڵەبجە بە گەرمیان و خانەقینەوە دەبەستێت لەتەک پردی توەقوتدا جوڵەیەکی بازرگانی باش دروستدەکات و بێ کاری کەم دەکاتەوە و خزمەتێکی باشە بە هەڵەبجە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی