سیستەمی سوێفتی دارایی

ئەحمەدی حاجی رەشید

1-03-2022

7942جار خوێندراوەتەوە


‏ SWIFT
گروپی مامەڵە بانکیە نێو دەوڵەتیەکان یان سیستەمی ئاڵوگۆڕی دارایی و مامەڵە بانکیەکان ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە دەخوازێت ئامرازەکانیشی وەک خۆی پێشکەوتن بەخۆیانەوە ببینن، چونکە ئەو ڕیسک و ترسناکیانەی دێنە بەردەم پرۆسەی بازرگانی وادەکات بازرگان هەزارو یەک ئیحتمال دانێت بۆ زەرەرو زیانی لەناکاو چونکە ئەوە بەڵگە نەویستە کە سەرمایە ترسنۆکەو خۆی لەهەموو ژینگەیەک نادات و هەمیشە لەهەوڵی گرەنتی وەرگرتنە بۆ پرۆسەی بازرگانیەکەی، یان کەم کردنەوەی ئەگەری زەرەو زیان ئەویش بە دانانی ئامڕازو هۆکار گەلێک کەلەگەڵ ئاستی ترسناکی و زیانەکاندا گونجاو بن.

هەموان دەزانن کە بازرگانی لە قۆناغە سادەو ساکارەکەی کە قۆناغی بازرگانی ئاڵ و گۆڕ بوەو گەشتوە بە سیستەمی بۆرسە کە نەکڕیار و نەفرۆشیاریش کاڵا دەبینێت و نەیەکتریشیان دیوە ئەوەش دوای دروستکردنی فاکس و تەلەفون، بەڵام خیرایی فراوانبونی بازرگانی هێشتا پێویستی بە تەکنۆلۆژیای خێراتری دەویست، بەرئەنجام سیستەمی سوێفت دروست بوو، بۆ چاککاری لە گەیاندن لەنێوان دەزگاو دامەزراوەو بانکەکاندا.

سوێفت:  SWIFT چییە؟؟

زاراوەی سوێفت بەزمانی بیانی واتە خێرا  یان بەجۆرێک لە باڵندەی خێرا دەوترێت
بەڵام وەک بەکارهێنان: سوێفت بریتی یە لە کۆمپانیایەک یان  کۆمەڵەیەکی  هەماهەنگی یە بەپێی یاساکانی بەلجیکا، کە بانکی نیشتمانی بەلجیکی سەرپەرشتیاری راستەو خۆیەتی.

لەگرنگترین ئامانجەکانی ئەم تۆڕە:

1_ خێرایەکی زۆر بۆ گەیاندنی نامە بانکیەکان.
2_ پاراستنی نهێنی مامەڵە داراییەکان.
3_ ئاڵوگۆڕی حسابێک بۆ حسابێکی دیکە.
4_ گۆڕینەوەی دراوێک بۆ دراوێکی دیکە.
5_ بڕیاری فەرمانکردن بەکڕین و فرۆشتن.
6_ بەدۆکیۆمێنت کردنی مامەڵە داراییەکان.

ئەنجومەنی کارگێڕیەکەی پێکدێت لە (25) ئەندام و بەرپرسە کارگێریەکانی سەرجەمییان لە کۆمەڵگەی بانکی نێونەتەوین.

ئامانجی ئەم ئەنجومەنە یان کۆمەڵە (قازانج نەویستە) ئەوەیە ئاسایشی چالاکی تۆری پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکان بپارێزێت، لەنێوان نوێنەری بازاڕەکانی دراودا، هەروەها ببێتە ئامرازێکی بەگرەنتی بۆ پاکتاوکردنی مەدفوعات لەڕێگەی ستاندەرە بانکیە نێودەوڵەتیەکانەوە.

مێژووی سوێفت: دەگەڕێتەوە بۆ (57) ساڵ لەمەوبەر بەدیاری کراوی بۆ ساڵی 1973 لەڕێگەی (239) بانکەوە کەسەر بە (15) وڵاتی جیاوازن، تۆڕەکە دەست بەکار بوەلە ساڵی (1977).

لەساڵی 1977 ئەمیر یٔەلبەرتی بەلجیکی یەکەم نامەی لەڕێگەی ئەم تۆڕەوە ئەزمون کرد.

لەساڵی 1980 دو گەورە بانکی  هۆنگ کۆنگ و سانگافورە هاتنە ناو تۆڕی سوێفتەوە، ژمارەی نامە ئاڵوگۆڕەکانیش ملیۆنانی تێپەڕاند.

لە ساڵی 1983 بانکی نیشتمانی بەلجیکا دێتە ناو تۆرەکەوە بەوەش ژمارەی بەشداربوەکان دەگاتە (1000) ئەندام، ژمارەی نامە ئاڵوگۆرکراوەکان گەشتە (100) ملیۆن نامە.

لەساڵی 1991 جەزائیر دەچێتە ناو تۆڕەکەوە ژمارەی نامە یئاڵوگۆڕەکان زیاتربو لە (225) ملیۆن نامە.

لە ساڵی 2000 سوێفت دەگاتە چڵە پۆپەو ژمارەی نامە ئاڵوگۆڕەکان دەگاتە (یەک) ملیار.
لەساڵی 2003 ژمارەی بەشداربوەکان گەشتە (7300) دەستەی لەخۆگرت کە سەر بە (198) وڵات بون.

لە ساڵی 2006 ژمارەی کەسایەتیە مەعنەوەیەکان کە چونە ناو تۆڕەکە (2200) تێپەڕاند و (11) ملیۆن سەفقە لەتۆڕەکەدا بەیٔەنجام گەیشت.

لەساڵی 2006 دەرکەوت کە وڵاتە یەکگرتوەکان سیخوڕی کردوە بەسەر تۆڕەکەوە و زانیاریەکانی ناو تۆڕەکە بەشێوەیەکی نایاسایی، بۆ ڕاوەدونانی گومان لێکراو لەبواری سپی کردنەوەی دراودا.

لەساڵی 2008 سوێفت بانگەوازی پاراستنی تایبەتمەندیە کەسایەتیەکان دەپارێزێت.

لەساڵی 2010 سوێفت بڕیار دەدات بەدەنگدانی 378 دەنگ بۆ هاوبەشیکردنی زانیاریەکان لەگەڵ ئەمریکادا لەبەرانبەر 196 دەنگی ناڕازی.

لەهەمان ساڵدا واتە 2010 ژمارەی بەشدار بوان دەگاتە (9000) بانک و (8300) دەستە و ڕێکخراوی دارایی کەسەر بە (208) وڵاتن.

چالاکیەکانی تۆڕی سوێفت:

ساڵانە لەڕێگای تۆڕی سوێفتەوە نزیکەی (4) ملیار مامەڵەی دارایی تێدا ئەنجام دەدرێت، کە بە چەند ترلیۆن دۆلارێک دەخەمڵێنێت، کە لەژێر  ڕێساو کارە ژمێریاریەکانی بانکەکاندا تێدەپەڕێت، بۆیە دەکرێت بڵێن سەرجەم مامەڵەکانی جیهان بە تۆڕی سوێفتدا تێدەپەڕن و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەم تۆڕەدان، لەناو ئەو تۆرەدا گرنگترین هاوبەشەکان ناسروان بەگروپی (G6) کە هەریەک لە بانکە ناوەندیەکانی (وڵاتە یەکگرتوەکان، بانکی ناوەندی ئەوروپا، بانکی ناوەندی بەلجیکا،بانکی ژاپۆنی، بانکی سویسری، بانکی کەنەدی).

لە 91.7% ئاڵوگۆڕەکان بەو شەش دراوە دەکرێت لە تۆڕی سوێفتدا کەناسراون بە (G6)، لەگەڵ ئەوەی ئەم سیستەمە ڕێگە دەدات بە (20) دراوی جیهانی کەبەو تۆڕەدا تێپەڕن، ئەو (14) دراوەی کە دەمێنێتەوە ڕێژەی 9.03% پێکدەهێنن، لەناو ئەو وڵاتانەدا عیملاقی ئابوری کە چینە لە ساڵی 2017دا تەنها 1.6% دراوی چینی کەیوانە بەکارهاتوە لەتۆڕی سوێفتدا، بۆیە تا ئێستا ڕێژەی ئەو بازرگانییەی کە چین دەیکات 97.8% بەدۆلارە  ئەوەش وایکردوە کە ڕێژەی دۆلار و یۆرۆ لەبەکارهێناندا بگاتە 80.7% لەساڵی 2017دا.

سوێفت و کۆماری ئیسلامی لەساڵی 2012 سوێفت ئیرانی دورخستەوە لەبەکارهێنانی، بەهۆی سزاکانی  یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، لەم ماوەیەی دوایشدا سوێفت بڕیاریدا بەشێک لە بانکە ئێرانیەکان دوربخرێنەوە دوای سەپاندنی بەشی دوەم لە سزاکان لەساڵی 2018، لەدوا بڕیاریشدا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سوێفت کرد کەسەرجەم ئەو دامەزراوە دارایانی کۆماری ئیسلامی دوربخرێنەوە کەلە لایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، و لە ئەنجامدا تۆڕی سوێفت بەدەم داواکاریەکەی ئەمریکاوە ڕۆیشت، پۆزشی هێنایەوە کە ئەوە هەرچەندە کارێکی شیاو نییە، بەڵام لەبەر سەقامگیری سیستەمی دارایی جیهان پابەند دەبن پێوەی.

عێراق و تۆڕی سوێفت

هەرچەندە دەوڵەتە عەرەبیەکان لەم بابەتەدا دواکەوتوبون لە چونە ناو تۆڕەکان بە بەهانەی ئەوەی کە ئەم تۆڕە جولەکە سەرپەرشتی دەکات، بۆیە کاتێک جەزائیر داوای کرد لە ساڵی 1977 بچنە ناو تۆڕەکە عەرەبستانی سعودی نەیهێشت، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی دەوڵەتە عەرەبیەکان لەناو تۆڕەکەدا هەن و عێراقیش بەتایبە کە خاوەنی نزیکەی (86) بانکی حکومی و یٔەهلییە لە ئێستادا (76) بانکی عێراقی یان ئەو بانکانە کە فەرعیان لە عێراق هەیە لەم تۆڕەدا کار دەکەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی