ڤیتۆی پارتی

تەنیا کوردی

19-01-2022

11169جار خوێندراوەتەوە


پارتی نەبووەتە حزبی سێبەر تا لەسەر مێدیای سێبەر سیاسەت بکات، لەنێو پارتی بۆکسێک ھەیە بۆ بڕیاردان کە ھەمیشە پراگماتیکیانە لە سیاسەتکردن دەڕوانێ و بۆ پارتیش بەدیلی یەکێتی ھەر یەکیتییە.

پارتی ھیچ کاتێک یەکیتی لەنیوەی ڕێ بەجێنەھێشتووە، ئەوەی لە مێدیا سێبەرەکان ھەن، ئەوە سیاسەتی فەرمی پارتی نییە، بۆ یەکێتیش ھەمان شت، بەدیلی پارتی ھەر پارتییە.

کەشێکی ئەرێنی ھەیە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ھەرێم وا لە یەکێتی و پارتی دەخوازێت کە تەواوکەری یەکتر بن، چونکە ھەم لە ھەرێم کە ھاوپەیمانن و بەیەکەوە کابینەی حکوومەتیان پێکھناوە ھەم لە بەغداش وادەبێت کە بەیەکەوە بەگوێرەی ئیستحقاقی کورسییەکانیان کابینە پێک بھێنن.

پارتی ئەو دێرە نوسینانە بە موڵکی خۆی نازانێ کە پارتی بە دژی یەکێتی نیشان دەدات لە ئێستادا، رابردوو شتێکەو ئێستای پێکەوەبوون شتێکی ترە کە چاوی پارتی و یەکیتی لەسەر ئەمڕۆ و سبەینێیە، چونکە ئەو دۆخە ھەستیارەی کە ھەیە لە ھەردوولا دەخوازێت پێکەوەبن.

لە سیاسەت سەرنج ھەیە و پارتیش سەرنجی خۆی لە کەناڵی فەرمییەوە بە یەکێتی گوتووە و بۆ یەکێتیش ھەمان شت، روونیشە کە پارتی خاوەنی سەرکردایەتییەکی راشکاوە و گوتەبێژی فەرمی ھەیە کە ئەوەی رایدەگەیەنێت ئەوە سیاسەتی فەرمی حزب دەبێت و راشکاوانە بڕیاری سیاسی خۆی دەدات، نەوەک لە مێدیای سێبەردا خۆی رابگەیەنێت.

مێدیایەک ھەیە وای وێناکردووە کە پارتی ڤیتۆی لەسەر یەکێتی ھەیەو یەکێتیش ھەمان شت، بەبێ ئەوەی لەمە تێبگەن کە پارتی و یەکێتی وەک تەواوکەری پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم و عێراق لە یەکتری دەڕوانن، سیاسەتی ھیچ کامێک لەم دوو حزبە لەسەر ئەو نووسینانە نییە کە ھەندێ پەیج و مێدیای سێبەر قسەی لەسەر دەکەن، ھەندێ جار وەھا لەم مێدیایە نا لۆژیکیانە شت دەبینرێت کە بۆنی شەڕی خوێناوی لێدەکرێت، لە خۆیانەوە دژ بۆ یەکتری دروست دەکەن،  ئەمەش ناتێگەیشتوو و نا پێگەیشتووی بەشێک لەم مێدیا سێبەرانەیە کە داخستنیان بۆ پارتی و یەکێتی قازانجی گەورەی ھەیە کە جۆرە مێدیایەکی ناشرینی نێو رای گشتین. ھەربۆیە پارتی و یەکێتی ھەر زوو خۆیان لە نێو رای گشتیی دا لەم جۆرە مێدیایە رزگار کرد و رایانگەیاند کە تەنیا گوتەبێژی فەرمیان گوزارشت لە سیاسەتی پارتی و یەکێتی دەکات.

پارتی بە فەرمیی ھیچ ڤیتۆیەکی لەسەر یەکێتی نەبووە، یەکێتیش ھەمان شت بەڵکوو لەسەر بەشداری یەکتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەرنج ھەبووە و ئێستاش ھەرخۆی شیعەکان نەخشەڕێگای نوێیان ھەیە، بەتایبەتی فەتح و سەدر، پارتی و یەکێتیش نەخشەڕێگای پێکەوەبوونیان ھەیە لە ئێستادا و کەشێکی ئەرێنی ھەیە کە بەیەکەوە بتوانن لە بەغدا بە کارنامەی ھاوبەش بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، تا ئێستاش پارتی بە فەرمی نەیگوتووە یەکێتی دەبێ کاندیدی خۆی بگۆڕێت، کارێکی قورسیش نییە کە پارتی کاندیدی خۆی لە پۆستی سەرۆککۆمار بکشێنێتەوە و لەگەڵ یەکێتی بەیەکەوە کاندیدی سەرۆککۆماریان ھەبێت.

چونکە یەکێتی لای پارتی بێگانە نییەو حزبی دوژمن نییە بەڵکوو شەریکی حوکڕانیەتی لە حکوومەت و ھەرێم دا.
سروشتی پارتی وایە درەنگ بڕیار دەدات بەڵام بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی کۆدەنگی و یەکریزی چاوەڕوان کراوە کە پارتی بۆ سەرۆککۆمار بڕیارێکی دروست لەگەڵ یەکێتی دەدات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی