بۆ ئه‌وانه‌ی په‌لاماری دكتۆر به‌رهه‌م ده‌ده‌ن

لەتیف فاتیح فەرەج

18-01-2022

9577جار خوێندراوەتەوە



ماوه‌یه‌كه‌ كه‌سێك به‌ عه‌ره‌بی رۆژ نیه‌ په‌لاماری دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح نه‌دات ، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا له‌ په‌نا ئه‌و په‌لاماره‌وه‌ هه‌وڵی تێكدانی ماڵی یه‌كێتی ده‌دات و كه‌وتوه‌ته‌ ئامۆژگاری كردنی به‌رپرسانی یه‌كێتی و پێیان ده‌ڵێت دوای بارزانی بكه‌ون ، ئه‌و بابایه‌ كه‌ دیاره‌ نوسینه‌كانی له‌ هه‌موو كون و كه‌له‌به‌رێ‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی بیر نیه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه‌ چۆن ئێستا عیراقچێتی خه‌ریكه‌ چاوی مرۆڤ ده‌ركات و به‌ هه‌ر چوار لادا خه‌ریكی تانه‌و ته‌شه‌ر وه‌شاندنه‌، ئه‌و بیری چووه‌ له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی به‌رهه‌مدا كورد قڕانێك قه‌رزار نه‌بوو ، نه‌ك ئه‌وه‌ش به‌رهه‌م تاكه‌ سه‌رۆك وه‌زیر بوو له‌ هه‌رێم بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ له‌ به‌رده‌م پارله‌ماندا دانیشت و رونكردنه‌وه‌ی دا ، ده‌ی بزانم ئێستا هێز هه‌یه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌رێته‌ به‌رده‌م پارله‌مان ، كه‌سیش نقه‌ی لێوه‌ نایه‌ت، له‌ سه‌رده‌می به‌رهه‌مدا كوردستان زۆر له‌ ئێستا زیاتر دڵنیایی تیا بوو ، ئێ‌ ته‌نها هۆیه‌كیش بۆ ئارامی و ژیانی باش جگه‌ له‌ دڵنیایی هیچی تر نیه‌ .

له‌ ده‌ره‌وه‌ی پالامارو سوكایه‌تی با له‌ به‌رهه‌م ساڵح بپێچینه‌وه‌ بزانین كه‌ ئێستا سه‌رۆك كۆماره‌ له‌م بارو دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر به‌ هه‌وڵی ئه‌و، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ كه‌مه‌ش نه‌نێردرێ‌ كه‌ وه‌ك خێری به‌غدایه‌ ، ئه‌م حكومه‌ته‌ چۆن قوتی خه‌ڵك ده‌دات ، عیراق له‌ سه‌رده‌می به‌رهه‌م ساڵحدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نێو  كایه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی و كۆنگره‌و كۆنفراس و دیبه‌یتی تیا ده‌كرێت ، هه‌ر سه‌رۆك كۆمارێك دابنرێ‌ چاره‌كی دكتۆر به‌رهه‌می پێناكرێت ، ره‌نگه‌ له‌ پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان سه‌رنج و تێبینی و ره‌خنه‌مان هه‌بێت ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و له‌م ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 400 كوردی  كه‌ركوكی له‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دامه‌زراند ، ئه‌و نه‌بوایه‌ له‌ رابردودا راكان و پێڕه‌كه‌ی كارێكیان به‌ كه‌ركوك ده‌كرد با به‌ ده‌واری شڕی نه‌كات " وه‌ك چۆن ئێستا خه‌ریكن " ، ئه‌وانه‌ی لێره‌و له‌وێ‌ قسه‌ ده‌كه‌ن ، تا ئێستا نه‌ك هیچیان بۆ كوردو كوردستان نه‌كردووه‌ ، بگره‌ نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تی دنیایان به‌ سه‌ر كورد هێناوه‌ ، به‌ ناوی دروستكردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌  كڵاویان كرده‌ سه‌ر كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش و ئێستاش شینی كورسی به‌ غدا ده‌گێڕن و ده‌یانه‌وێ‌ لاسای ئه‌و په‌نده‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت" یان ئۆینله‌رم یان زیفله‌رم " 

شیعه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانیان ده‌درێت ، ئێرانیش له‌ سه‌ر هێڵه‌ ، سونه‌ خاوه‌نیان هه‌یه‌و یه‌كخراون ، ئێمه‌ش سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ دژایه‌تی ده‌كه‌ین ، له‌ كاتێكا ئاكار وابوو بڵێین هه‌موو پشتگیری ده‌كه‌ین ، له‌ به‌رانبه‌را پڕۆژه‌و راپۆرتی له‌سه‌ر چۆنێتی كاراكردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست و هاوكاریشی ده‌بین ، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كورد ده‌بوو له‌ هه‌موو زیاتر پێكه‌وه‌ بوایه‌ن ، كه‌چی له‌ هه‌موو زیاتر دژن ، من ئه‌وه‌نده‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادار بم ، دكتۆر به‌رهه‌م به‌رده‌وام له‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاتر له‌ خه‌می هه‌رێمی كوردستان و پرسی ئه‌نفال و چاره‌سه‌ری كێشه‌كاندا بووه‌ ، ته‌نانه‌ت  بۆ خۆی به‌ كۆپته‌ر وه‌ك ئه‌وانی تر له‌ به‌غداو كۆشكی سه‌لامه‌وه‌ رۆیشتوه‌ بۆ سه‌ردانی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان .

له‌وه‌ دڵنیام سبه‌ی موقته‌دا سه‌در كه‌ گوایه‌ ئێستا ڤیتۆی له‌ سه‌ر نوری مالكی هه‌یه‌ ، له‌ گه‌ڵی پێكدێت ، له‌وه‌ش دڵنیام دواجار له‌ بری حكومه‌تی زۆرینه‌ ، حكومه‌تی رێكه‌وتنی نیشتمانی دروستده‌كرێت و ئه‌گه‌ر ئێستا كورد پێكه‌وه‌ نه‌بن ئه‌وا له‌ داهاتودا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن ، ئه‌مه‌ی من ده‌یڵێم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك داكۆكی نیه‌ له‌ دكتۆر به‌رهه‌م و ئه‌ویش پێویستی به‌ داكۆكی من نیه‌ ، به‌ڵام راستیه‌كه‌و هیچی تر ، سبه‌ی ئه‌و بابا نوسه‌ره‌ تێده‌گات كه‌ سیاسه‌ت به‌ر له‌ هه‌ر شت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئاكاره‌ ، كوردیش ئێستا پێویستی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ئاكاری سیاسیه‌ له‌ عیراقدا نه‌ك ڤیتۆو نه‌یاری له‌ سه‌ر یه‌كتر،  یه‌كێك له‌ گله‌ییه‌كانی بارزانی زۆر جار ئه‌وه‌ بوو خه‌ڵك به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ یان له‌م ده‌زگای ئه‌هلی و ئه‌وی دی ره‌خنه‌ ی لێده‌گرن و قسه‌ی ساردیش ده‌كه‌ن ، بیرمه‌ له‌ سه‌ری ڕه‌ش له‌ دانیشتنێكدا ڕوون و ڕه‌وان گوتی من خه‌ریكی ده‌وڵه‌ت سازیم و خه‌ڵكیش خه‌ریكی جنێودان ، كه‌چی ئێستا له‌ نزیكی خۆی كه‌سێك په‌لاماری یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانی كورد ده‌دات بێئه‌وی وه‌لی كات، من له‌وه‌ دڵنیام زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌و زمانه‌ رازی نین و بڕوایان به‌و شێوه‌ ئاخاوتنه‌ نیه‌ ، مرۆڤ ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ قسه‌ی باش  بكات نه‌یكات باشتره‌ ، ئه‌وانه‌ی بارزانی به‌ رێیه‌كی تردا ده‌به‌ن باكیان به‌وه‌ نیه‌ سبه‌ی چی ڕووده‌دات .


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی