بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا

حسێن مەحمود

15-01-2022

6510جار خوێندراوەتەوە


لەڕێڕەوی پێشکەوتنە بەردەوامەکاندا، زیرەکی دەستکرد یەکێکە لەوبازدانە زانستیە گەورەیەی کەلەزۆر بواردا بەکار دەهێنرێ ، وەک پیشەسازی ، پزیشکی ، کشتوکاڵ ، ڕێگاوبان ، خانوبەرە و زۆری تریش ،ئەوەی جێی سەرنجە بەکارهێنانیەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا ، چونکە ئەم  بابەتە هەڕەشەیەکی گەورەو جدیە لەسەر ژیانی مرۆڤ .

بەرلەوەی بزانین زیرەکی دەستکرد چیە ؟ دەبێ بزانین زیرەکی چیە ؟

زیرەکی لەچەندین ڕەهەندەوە لێکدراوەتەوەو پێناسەی جیای بۆ کراوە ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی  دەکرێ بگوترێ زیرەکی بریتیە لە توانا عەقڵیەکانی مرۆڤ پەیوەست بەپلاندانان و شیکردنەوەو چارەسەری کێشەکان و بەدەستهێنانی ئەنجامگیری ،هاوکات بیرکردنەوەی ئەبستراکت وهەماهەنگی بۆچونەکان و خێرایی لەفێربوندا لایەنێکی دیکەی زیرەکیە، ئەمەجگە لەوەی هەندێ زانا دەڵێن توانای هەستکردن و خوێندنەوەی هەستی ئەوانی تر بەزیرەکی هەژمار دەکرێ.

زیرەکی دەستکرد artificial intelligence جۆرێک زیرەکی ئامێری و تەکنیکی یە لەسەر شێوەی کارکردنی مێشکی مرۆڤ کاردەکات ،واتا لاسایی کردنەوەو هاوشێوەکردنی مێشکی مرۆڤە.لەگرینگترین تایبەتمەندیەکانی ئەم زیرەکیە بریتیە لە فێربون و ئەنجامگیری و کاردانەوە. چۆن وابکرێ ئامێر بیربکاتەوەو بڕیاربدات ، بەجۆرێک کە میکانیزمی کارکردنی لەعەقڵی مرۆڤ بچێ .وەک چۆن مێشکی مرۆڤ توانای شیکردنەوەی شتەکانی هەیە بۆنمونە لەڕێگەی بینینەوە توانای ناسینەوەوکاردانەوەی هەیە ، زیرەکی دەستکردیش لەڕێگەی کامێرەوە واتا چاوێکی دیجیتاڵیەوە هەمان کاردەکات . بەکورتی زیرەکی دەستکرد پڕۆگرامسازیەکی زۆر ئاڵۆزە ولەسەربنەمای simulation کاردەکات ، کەمن بۆ ئەم زاراوەیە وێکچونئامێری  بەکاردەهێنم .زیرەکی دەستکرد لەسەر دوو بنەما کاردەکات بونی داتایەکی زۆر وخوارزمیات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا. ئالان تۆرینگی زانای بەریتانی لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بەپێشەنگی دروستکردنی زیرەکی دەستکرد دادەنرێ .

زیرەکی دەستکردو گۆڕانی ئاوو هەوا
 
چاودێریکردنی کەش وهەوا لەڕێگای بونی ژمارەیەکی یەکجارزۆری داتا دەبێت کەلەڕێگای پڕۆرگرامئامێریەکی پێشکەوتوەوە پیادە دەکرێ بەئامانجی چاودێریکردنی ئاوو هەواو ژینگە ، ئەم چاودێریکردنە وردە دەبێتەهۆی دەستنیشانکردنی خاڵەلاوازەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.لەم سیستەمدا چاودێری توانەوەی بەستەڵەکەکان وبەرزبونەوەی ئاستی ئاوی دەریاو زەریاکان دەکرێ .هەروەها لەڕێگای ئەم سیستەمەوە هەوڵ دەدرێ پێکهاتەی کیمایی نوێ دروست بکرێ بۆ ئەوەی وزەی نوێ لەخۆر دروست بکرێ . لەم بوارەدا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هەڵمەتێکی ئەلیکترۆنی چڕوپڕی دەستپێکردووە لەژێر ناونیشانی زیرەکی دەستکرد لەپێناوی زەوی ، ئەم بەرنامەیە بۆماوەی پێنج ساڵەوبڕی پەنجا ملێۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە. مایکرۆسۆفت ئەزمونی دەوڵەمەندی خۆی لەبواری تەکنەلۆجیادا دەخاتەگەڕ کە چاودێری بوارەکانی ژینگەو کشتوکاڵ و ئاوو فرەیی بایەلۆجی و گۆڕانی ئاوو هەوا دەگرێتەوە .ئێستائێمەلەبەردەم شۆڕشێکداین کەپێی دەوترێ شۆڕشی پیشەسازی چوارەم ، ئەم شۆڕشە هەلێکی هێناوەتە پێش بۆچۆنیەتی مامەڵەکردنی باشتر لەگەڵ ژینگە وبەشدارە لە چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەژینگەیی یەکان.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی