هەواڵی ئەمڕۆ

کابینەی ریسک!

تەنیا کوردی

15-01-2022

6393جار خوێندراوەتەوە


کە دەڵێم کابینەی ریسک مەبەستم کابینەی داھاتووی عێراقە کە ھێشتا تەشکیل نەبووەو بە تونێڵێکی پڕ لە ریسک رۆژەکانی بۆ دەژمێردرێن، ئەگەر پارتی بە وریایی نەجوڵێ خەریکە دەخریتە گەمەیەک کە لە پێناو پۆستێکی بەغدا دەسەڵاتی کابینەی نۆ لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لە سلێمانی بەدەستی خۆی بارمتە دەکات.

من لەم بابەتەدا پێچەوانەی زۆرینەی پارتی بیردەکەمەوە، بۆ پارتی جوڵەی داھاتوو مەترسیدارە ئەگەر لە کابینەی نوێی عێراق بەبێ لایەنێکی شیعەی چوارچێوەی ھەماھەنگی جا فەتح بێت یان لە ئاستی چەند سەرکردەیەکیان،  بچیتە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ سەدر و سوونەوە جەبھەی دژایەتی زۆر لە ناوخۆی ھەرێم و لە عێراقیش دژی پارتی دەکرێتەوە، چونکە ناکرێت پارتی بەم ھەموو ئەزموونەی چەند ساڵەی رابردوو جوڵەیەک بکات کە لە بەغدا پۆستی سەرۆککۆمار بباتەوە، بەڵام لە ھەرێم دەسەڵاتی حکوومەت قوفڵ کات و لە چەند بابەتێکی ھەستیار توشی شکستی بکات بەتایبەت لە پرسی ستراتیژی بۆ تێپەڕاندنی رەشنووسی دەستووری ھەرێم  و ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، دەسەڵاتی کابینەی نۆ لە سلێمانی، پرسی وزە بەتایبەت غازی سروشتی کە سەرچاوەگەورەکە لە سلێمانییە، پرسی داھاتی مەرزەکان و داھاتی ناوخۆ، پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و کۆدەنگی نێوماڵی کورد و زۆر بابەتی دی.

پارتی لە بەغدا یارییەکە دەباتەوە، بەڵام لە ھەرێم بەبێ تەحالفی یەکێتی دەرگایی نیوەی جیوگرافی ھەرێمی بەسەرخۆی دادەخات...بەڕای من پۆستی سەرۆککۆمار پیرۆزی یەکێتی بێت جا بەرھەم ساڵح بێت یان لەتیف رەشید، ھەر کەسێک کە یەکێتی دەیەوێ، لە بەرامبەردا پۆستە وەزارییەکان و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە دەستی پارتی بێت باشترە.

کاتێک پارتی سەرۆککۆمار وەربگرێت کە پێویستە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار ھەمواربکرێتەوە و لانی کەم ٤٠٪ی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی ھەبێت و لانی کەم چوارساڵی داھاتوو بۆ پارتی گرینگترە ئەوکات بیر لە پۆستی سەرۆککۆمار بەھەموارەوە بکاتەوە. جگە لەبابەتی پۆستەکان؛ -ھەرخۆی ناوچەکە پڕیەتی لە کێشە..

-ناوچەکە پڕیەتی لە لوغمی چێنراو...
-کێڵگەیەکی پڕ لە میلیشیا ھەیە...
-گەمەیەکی ئیقلیمی ھەیە...

ناکرێت پارتی لە پێناو پۆستی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی حکوومەت لە ھەرێم قوفڵ بکات بۆیە ئەمە سەرکەوتن نییە لە بەغدا پۆستێک ببەیت و لە ھەرێم جەبھەیەکی گەورەی دژایەتی بکەیتەوە کە دووبارە دەستبکرێتەوە بە بارەگا سوتان و خۆپیشاندان و بیانووگرتن بە پێوەری کارەباو ئاو دەیان کەیسی تر کە خەریکن ئامادەکاری بۆ ئەم بابەتە لە دژی حکوومەت بکرێت، لەگەڵ شانەی خەوتووی پەکەکەو دەیان شەپۆڵی تەشویش کە بەناوی جیا لە دژی پارتی ھەن و کۆنتڕۆڵیان لە دەستی وڵاتانی ئیقلیمییە.

ئەم گەمەیەی پارتی ریسکێکی گەورەیە ئەگەر بێت و بەتەنیا لەگەڵ سەدرو سونە بچێتە کابینەوە، چونکە جەبھەی دووەم کە چوارچێوەی ھەماھەنگییە دەتوانن سەرئێشەی سیاسی و تاڕادەیەک عەسکەری و تەنانەت ئابووریش بۆ پارتی دروستبکەن بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکێتی، بۆیە ئەو فەرشەی لە ناوچەکە وەک لوغم راخراوە ناکرێت پارتی بیخاتە ژێر قاچەکانی و لەسەر ریسکێکی وا چاوەڕوانکراو بڕوات.

پارتی ناکرێت بچێتە سەر ھەمان سیاسەتی یەکێتی، بەڵام دەکرێ بە پێدانی پۆستی سەرۆککۆمار بە یەکێتی زیاتر کەلەپچەی دەستی کورد لە کەرکووک و بەغدا بکاتەوە.

پارتی خەریکە بەم ھەنگاوە دەسەڵاتەکانی حکوومەت وەک بارمتە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار دادەنێت، ناکرێت کە سلێمانی خۆی بارمتەی ئێرانە، پارتیش قوفڵی دەسەڵاتەکانی بکات و کابینەی نۆ لە سلێمانی بە بارمتە بگیرێت.

باشترین چارەسەر بریتییە لە...

-پارتی بتوانێ فەتح راکێشێتە نێو کابینەو لەگەڵ سەدرو سونە کابینە دروست بکات و یەکێتیش راکێشێتە نێو کابینەکە.
-پارتی بتوانێ کۆمار بداتە یەکێتی و قورسایی خۆی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و پۆستە سیادییەکانی بەغدا بدۆزیتەوە.

-پارتی نابێ بۆشاییەک جێبێڵێ کە وەک سوڕانەوەی داعش بۆ داھاتوو ھەرچی بەرەی دژ بەیەکترە لە بەغدا بتوانن لەسەر پشتی پارتی بۆ دژایەتی پارتی یەک بگرنەوە.

-پارتی لەگەڵ سەدرو سونە گەمەی یەکەمی بردەوە لە پەرلەمان، بەڵام بۆ ھەنگاوی دووەم پێویستە نیوە گەمەیەک لەگەڵ شیعەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بکات.

-پارتی ئەگەر حەزی لە پۆستی سەرۆککۆمارە دەکرێ قەرەبوی یەکێتی لە پۆستەکانی وەزاری بکاتەوە، من وەک خۆم ھەرگیز لەگەڵ ئەوەنیم پارتی لە ئێستادا سەرۆککۆمار وەرگرێت، بۆ بەشداری کابینەی نوێیش ئەوکاتە پارتی براوە دەبێت کە بەیتی شیعە رێککەون و بەشداری پارتی لە دژی ھیچ لایەک نەبێت و پارتی و یەکێتی بەیەکەوە بەشداربن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی