خەتای خۆتە!

تەنیا کوردی

14-01-2022

13665جار خوێندراوەتەوە


کێشەکە لەوەدایە تائێستا وات داناوە جیھان بەدوای تۆ دەگەڕێت؟ نازانی دەبێ تۆ بەدوای خۆت لەم جیھانەدا بگەڕێیت. دەڵێن جیھان بچوکبۆتەوە بۆتۆ نا، بەڵکوو بۆ ئامێرە ساردەکان وایە، رەنگە ھەنگاوەکەت درەنگوەخت نەبێ کە تێبگەیت تۆ لەکوێیت و چیت دەوێ...سەیرکە....

باوەڕ و دڵسۆزی و گشت پێوەرەکانی پێشووتر گۆڕاون، ژیان ئەو دڵە گەرمەی جارانی نییە، ھەستوسۆز لە ئامێرێکی ساردەوە کۆپیت دەکات، ئەم ئامێرە ناوی کۆمپانیاکانن کە ئیدارەی ژیان و جیھان و حوکمڕانی دەدەن، ھەموو ئەوانەی لە کۆمپانیاکاندا خەتێکی سیاسی و بزنسیان ھەیە، ئەوانە لە سێبەردا حوکم دەکەن، ئێستای جیھان وایە، ئەگەر رەسیدت لە سیاسەتی ئابووری نەبێ تا بچوکترین پشک، یان مەترسیت لەسەر داڕمانی کۆمپانیاکان نەبێ تا بچوکترین پشک، لە تەرازووی ھەڵسەنگاندندا دەنگ و رەنگت نابیسترێت.

ژیان بووەتە بزنسێکی سیاسیی، شۆڕشێکی نوێ ھەیە، شۆڕشی کۆمپانیاکان بۆسەرکەوتن بەسەر رای گشتی و حوکمڕانی، قازانجی بێسنوور، سەرووی ھەموو شۆڕشێکی ترە، ئەگەر بتەوێ لە جیھاندا خۆت بدۆزییەوە دەبێ لە چیرۆکی بچوکترین بازرگان تێبگەیت کە بەھێزترین دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەیە، تێکۆشان و بەرخودان و بوێری چیتر لە فەرھەنگی غیرەتدا پاڵەوانی نییە، پاڵەوانەکان ئەمانەن کە خاوەنی رەقەمێکی بازرگانین، دەیان پاڵەوانی جیھان ھەن لە ماڵن، دەیان ستەمکاری رای گشتی و قۆرغکاری ھەن جیھان بەڕێوەدەبەن.

 خەتی بزنس و بەرژەوەندی کەسی لە حوکمڕانیدا لە جیھان، بووەتە بارکۆدێک کە رەسیدێکی جیھانییە لەسەرجەم ئامێرەکانی سیاسی و ئابووریدا دەخوێندرێتەوە و پێشدەکەون و پلە وەردەگرن و دەبنە حوکمڕان و فەرمانیش دەدەن.

ئەمە بۆچۆنی حوکمڕانی نوێیە، بۆیە ئەگەر پێشناکەوی، دەنگت نابیسترێ، ئەوا دەبێ تیبگەیت کە ئیتر شەڕی سیاسی بزنسە، یان دەبێ لەم بزنسەدا شوێنت بکەیتەوە یانیش دەبێ بە باوەڕێکی سادەوە لەسەر پێوەرەکانی خۆتدا داوای حوکمڕانی لە سیاسەت و ئابووری نەکەیت، یانیش وەک کاسبکارێک بۆخۆت لە ژیان بەردەوام بە..

دەزانی کە..
ھەیە لە ئایندا بزنس دەکات...
ھەیە لە شۆڕشدا...
ھەیە لە سیاسەتدا...
ھەیە لە خاکفرۆشتندا...
ھەیە لە چەواشەکاری..
ھەیەو ھەیەو ھەیە....

گەر تۆش بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشان و خەبات دەکەیت، ئەوا باوەڕی خۆتە و نابێ لۆمە بکەیت کە بۆچی دەنگت نابیسترێ و ھەرچی دەیکەت حسابت بۆ ناکرێ، ئیدی پێوەرەکان گۆڕاون و ئەمە جیھانی ئێستایە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی