لە عێراقدا چی دەگوزەرێت؟ ئاستەکانی ململانێ و ئەگەرەکانی بەردەم

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

11-01-2022

16729جار خوێندراوەتەوە


ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت، دەرھاویشتەو بەرھەمی چەندین ساڵ ململانێیە. ڕەنگدانەوەی ھەوڵێکی نەخشە بۆ داڕێژراوە. مەبەست تیایدا، گۆڕینی یاساکانی گەمەکە، شکاندنی بەشێك لەچوارچێوە نەمەتیە چەقبەستووەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی ڕاگوزەری نوێیە لەم وڵاتەدا، کە ڕەنگە لەگەڵ ئەگەری سەرکەوتنی ھەوڵ و نەخشەکەدا، بەشێ لەو ھێزانەی لە ئێستادا ڕۆڵێکی وەزیفی دەبینین، لەقۆناغی دووەمدا، وەك ھێز بچنە دەرەوەی گۆڕەپانەکەوە؟

زەمینە سازکردن:
ئەمەی ئێستا دەیبینین، پێشتر زەمینەی بۆ سازکراوە. ناونیشانی گەورەی ئەو زەمینەسازیە چەند قۆناغیەش، ڕاپەڕینی تشرین بوو، ئەویش لە پێناو ئەم ئامانجانەدا:

١- لێدانی بنکەی جەماوەری و ڕەوایەتی مێژوویی ھێزە تەقلیدییە شیعەکان.
٢- زەبردان لە چەمکی ناوماڵی شیعەی یەکگرتوو گوتاری تایەفەگەری تەقلیدی، لە پێناو دەرگاکردنەوە بە ڕووی گوتارێکی عێراقی ناوەڕۆک شاراوەی تایەفی و زۆرینەی سیاسیدا.
٣- پەلکێشکردنی میلیشیاکان بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕیوەکان و شەقام، بە مەبەستی ڕووتبوونەوە لە پیرۆزی و لەدەستدانی  ڕەوایەتی شەڕی داعش و فەتوای مەرجەعییەت و وێناکردنییان وەك پیاوکوژو پیاوی بێگانەو دوژمن بە بەرژوەندییە نیشتیمانییەکان.
٤-ئێکسپایەرکردنی بەشێکی بەرچاوی نوخبەی دەسەڵاتداری شیعەو بەشێ لە سوننە و نیشاندانیان وەك گەندەڵ و دەسەوسان لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
٥- وێناکردنی سەدرییەکان لەنێو ھێزەکاندا وەك پارێزەری شەقام و بانگەشەکاری ڕیفۆرم و تێپەڕاندنی گوتاری تایەفەگەری.

ئەمەش زۆر نزیکە لەو تاکتیکەی  ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بەرامبەر نەیارەکانی بەکاریھێنا، کە سەرەتا پۆڵێنی کردن  و دواتر یەك بەدوای یەکدا ھەموویانی لە گۆڕەپانەکە کردە دەرەوە.

ئاستەکانی نەخەشەکەو ململانێکان لەئێستادا:

 لەئێستادا واھەست دەکرێت ململانێکان (٣ )ئاستیان ھەیە:
۱- ئاستی عێراقی؛ ئامانج لێی گۆڕینی یاسای گەمەکەو دەستکاریکردنی ناوەڕۆکی چەمکی تەوافوق و دەرگاکردنەوەیە ب بەڕووی زۆرینەیەکی سیاسی و سەرھەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن و وەدەرنانی ھەندێ ھێزیش لە گۆڕەپانەکە، بەخۆشی یان ناخۆشی ئەگەر بڕیاری ڕووبەڕووبونەوە بدەن.

٢- ئاستی پێکھاتەکان؛ مەبەست لێی یەکلایکردنەوەی نوێنەرایەتیکردنی ھەر سێ پێکھاتەکەیە بۆ ٣ ھێزی سیاسی (سەدرو پارتی و حەلبوسی).

٣- ئاستی ھەرێمی؛ ھەوڵی کۆتاییھێنانە بە ھەژمونی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەنگەربەندییە ھەرێمایەتیەکەو دەرگاکردنەوە بۆ ھێزەکانی تریش بە مەبەستی ڕۆڵ بینین لە عێراقدا.

بە دوور نازانرێت گفتوگۆکانی سعودییەو تارانیش لە بەغدا، میکانیزمێکی ئیدارەدانی ململانێکە بێت لەگەڵ ئێراندا.

 شانسی سەرکەوتنی نەخشەکە:
نەخشەکە ئەگەری سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیشی ھەیە.
ئەوەی لەم ڕووەشەوە بە پلەی یەکەم کاریگەر دەبێت ئەم خاڵانەی خوارەوەن:

١- ھەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆستەکانی. ئایا پراگماتیانە خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێکەدا دەگونجێنن و لەو چوارچێوەدا ھەوڵی جێکردنەوەی مەرج و بەرژەوەندییەکانییان دەدەن؟ یاخود شارەزایی کەڵەکەبووی خۆیان بەکاردەھێنن و ھەوڵدەدەن شکست بە نەخشەکە بھێنن و ئەگەر دۆخەکە بەسەر ئەنجامدەرانیدا قڵپ نەکەنەوە، ھەوڵی گێڕانەوەی بۆ چوارچێوە پێشووەکەی بدەن؟

دوو مەسەلەش لەم ڕووەوە کار لەسەر ھەڵوێستی ئێران دەکەن:
 أ- چارەنوسی گفتوگانی ڤییەننا.
ب- چارەنوسی بەرەبەندییەکان لە ناوچەکەدا.

چونکە لەگەڵ چارەسەرنەبوونی ئەم دوو ئاریشە، کە دووەمییان ئاسان نیە، وا دەکات ھیچ دەستکەوتێکی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا، لە دوای گۆڕینی سیاقەکانی ئێستا، بە گرنگ وەسف نەکرێت. چونکە عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد لە ڕۆڵێك دەگێڕێت، لەوانەش:

*پارەدارکردنی بەشێك لە کارو چالاکی گروپە بەرھەڵستکارە پرۆئێرانییەکانی ناوچەکە.
*بەکارھێنانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی نزیك لە خۆی وەك بەشێك لە بەرەی بەرەنگاری ناوچەکە، کە خۆی سەرکردایەتی دەکات، ئامرازی فشار دژ بە ئەمریکاو خۆرئاوا، ھەندێ وڵاتی ناوچەکەو ھێزی عێراقی پێناسەکراو بە ناکۆك لەگەڵ ستراتیژی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا.
*بەکارھێنانی عێراق وەك پردی پەیوەندی بۆ گەیشتنە ھەندێ ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەراست.
*ڕێگریکردن لە بەھێزبوونەوەی ناسیونالیزمی عێراقی، ھاتنە سەرکاری حکومەتێکی ناھاوپەیمان و نزیك لە ھەندێ جەمسەری ھێزی دژ بەخۆی.

٢- بوون یاخود نەبوونی بەڵێنی پشتیوانی دارایی لە عێراق بۆ پەیداکردنی ڕەوایەتیەکی ئابوری بۆ دەسەڵاتدارانی نوێ و شکستنەخواردنی لە بەردەم کێشە ئابوریە قوڵەکاندا.

٣- ھەڵوێست و تواناو بەربەرەکانی ھێزەکانی تری ناو پێکھاتەکان بۆ دۆخی نوێ.

٤- ئەدائی حکومەت لە ڕووی:
أ- ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
ب- گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی ژیان و گوزەران و کەمکردنەوەی بێکاری و ھەژاری.
ج- دووبارە بیناکردنەوەی دام و دەزگا نیشتیمانییەکان و بێلایەنکردنیان.

٥- ئاستی ھەڵکردنی سێ ھێزەکە پێکەوەو تا سەر پابەند بوون بە بەڵێنەکان و دەستورەوە.

٦- گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ نێوان ھەر سێ پێکھاتەکەو کردنەوەی ئاسۆ بە ڕووی کێشە ھەڵپەسێردراوە کەڵەکە بووەکاندا. ھەندێ پرسی تریش وازلێدێنین بۆ وتارێکی تر


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی