هەر کەسێک جگە لە دکتۆر بەرهەم ساڵح
هیچ کەسێک جگە لە دکتۆر بەرهەم ساڵح

شۆڕش حاجی عومەر

11-01-2022

7054جار خوێندراوەتەوە


وا بڕیار بو یەکێتی و پارتی بە یەک پاکێج و لەچوار چێوەی وەفدێکی هاوبەشدا بچنە بەغدا و بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیە سەرکەوتوەکاندا. هەروەها بڕیاریشیان دابو کە نەچنە پاڵ هیچ یەک لە لایەنە شیعیە ناکۆکەکاندا چونکە نە لە قازانجی گەلانی عێراقە و نە لە قازانجی خەڵکی کوردستانە و گورزی کاریگەریش دەسرەوێنێتە پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری ئەمنی. 

ئەوەی لە 1\10 ڕویدا پێچەوانەی لێک تێگەیشتنی نێوان ئەو دو لایەنە کوردیە بو. پارتی، یەکێتی غافڵیر کرد و بەبێ پرس و ڕاوێژ، لەگەڵ سەدریەکان و سوننەکان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی پێکهێنا. ئەمەش ڕاستەوخۆ بوە هۆی دروست کردنی کەلێن لە نێوان ئەو دو لایەنە. جگە لەوەش پارتی خۆی کردە بەشێک لە ململانێی توندی شیعی شیعی، کە پێم وایە ئەو جۆرە مانۆرە جگە لە زیان، خێری کەسی تێدا نی یە. 

پارتی لە جیاتی ئەوەی هەڵوەستەیەک بکات و لەبەر خاتری یەکڕیزی کورد هەوڵی ئارام کردنەوەی دۆخەکە بدات، کەچی لە هەنگاوێکی تردا ڤیتۆ لە دژی کانید بونی دکتۆر بەرهەم بۆ سەرۆکی کۆمار دادەنێ !. 

ئەوە چەندین جارە و لە بۆنەی جۆراو جۆر پارتی ڤیتۆ دەخاتە سەرکاندیدەکانی یەکێتی و لایەنەکانی تریش، لە هەمان کاتدا پێی وایە نابێ هیچ کەس و لایەنێک ناڕەزایی بنوێنێ لە بەرامبەر کاندیدەکانی ئەوان !. ئەم جۆرە  هەڵس و کەوتە جگە لە هەوڵی خۆسەپاندنی پارتی بەسەر لایەنەکانی تردا و چاو شکاندنیان، هیچ تەفسیرێکی تر هەڵناگرێ، کە ئەستەمە هیچی لێ شین ببێ.

پارتی مافی خۆیتی دژی کاندید بونی بێت ئەگەر دکتۆر بەرهەم عەیبەیەکی نیشتمانی هەبێت، ئەگەر پەرێزی پاک نەبێت و گەندەڵی گەورەی کردبێت، ئەگەر کەسایتیەکی کەم ئەزمون و نا شایستە بێت.

ئەگەر هیچ یەک لەو هۆکارانە نەبێت کەواتە پارتی تەنها لەبەر لێوەشاوەیی و کەفائەتەکانی، لەبەر سومعەی باشی حوکمڕانێتی، لەبەر ناسراوی و ناوبانگی باشی، دکتۆر بەرهەمی ناکەوێتە بەر دڵ !.

بێ جێ نی یە ئەگەر هەندێک وێستگە لە ژیانی سیاسی و حوکمڕانی دکتۆر بەرهەم وە بیر هەموان بهێنینەوە

٭ ئەو کاتەی دکتۆر بەرهەم سەرۆکی حکومەتی هەرێم- سلێمانی بو، جگە لەوەی زۆنی سەوز لە هەڕەتی گەشە و پێشکەوتنیدا بو، جگە لەوەی موچەی سەرجەم موچەخۆران و بە تایبەت پێشمەرگە زۆر چوە سەرێ، لە هەمان کاتدا لە ڕێگای ئەنجامدانی پڕۆژەی زۆرەوە،  هەلی کاری بێ ئەندازەی لەو ناوچەیە فەراهەم کرد تا ئەو جێگایەی بە سەدان کەس لە هێزی کاری هەولێر و دهۆک ڕویان لە سلێمانی و دەورو بەری کردبو !!.

٭ هیوادارم و داواکارم دەزگا تایبەتمەندەکان ڕاپرسیەک بکەن و لە خەڵک بپرسن: ماوەی زێڕینی حوکمڕانی لە کوردستان کەی بو؟ با بزانین هەر هەمویان ناڵێن ئەو دو ساڵەی دکتۆر بەرهەم سەرۆکی حکومەت بو؟!!

٭ لەوەتەی دکتۆر بەرهەم سەرۆکی کۆماری عێراقە، سەرەڕای سنورداری دەسەڵاتەکانی، سەرەڕای پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا و پشتیوانی نەکردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام ڕۆڵی گرنگی هەبو لە نزیک خستنەوەی هەولێر و بەغدا بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان.

٭ دکتۆر بەرهەم لەو پێگەیەی ئێستای دەوری کارا و کاریگەری هەبو لە گۆڕینی ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژارنەکانی عێراق و پەیڕەو کردنی میکانیزمێکی بەهێز بۆ ڕێگە گرتن لەو هەمو تەزویرە ئابڕوبەرانەی لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەرتاسەری عێراقدا ڕویاندەدا. بە دانپێدانانی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق باشترین و پاکترین هەڵبژاردن بوە. ئەمەش سەروەریەکی گەورەیە و شەرەفی ئەو سەروەریە بێ گومان بەر دکتۆر بەرهەم دەکەوێت.

٭ دکتۆر بەرهەم توانی بەردی بناغەی پرۆسەی هەڵبژاردنی خاوێن و دور لە تەزویر  لە عێراقدا دابنێ، بەمەش متمانەی خەڵک بە هەڵبژاردن بینا بکاتەوە و پرۆسەی سیاسی بخاتەوە سەر ڕێگای ڕاستەقینەی خۆی.

کەسێک کە زۆرترین دەسکەوتی حوکمڕانی بە دەست هێنابێ، کەسێک کە لەو هەمو زەلکاوی گەندەڵیە سومعەی کورد و خۆی پاراستبێ، کەسێک کە ناوبانگێکی نێونەتەوەیی باشی هەبێت،  کەسێک کە هەرگیز بە خراپەلە بەرامبەر هیچ کارەکتەرێکی نێو پارتیش نەدوابێ. ئیتر دەبێ ئەو هەمو دژایەتیە لە پای چی بێ؟!  ئایا دەبێ پارتی چ داوایەکی ڕەوا و نیشتمانیانەی لە دکتۆر بەرهەمی سەرۆک کۆمار کردبێ و نەکرابێ؟!.

گرنگە پارتی وەک هێزی یەکەم لە ڕوی کورسی پەرلەمانیەوە (نەک زۆرینە)  هەست بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی بکات و تێبگات کە پێویستە لە هەموان زیاتر بە تەنگ ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستانەوە بێت و بە کردەوە ئاڵا هەڵگر و پەرۆشی یەکڕیزی بێت نەک ئۆباڵی لێکترازانی نێو ماڵی کوردی بکەوێتە ئەستۆ. پێویستە ڕێز لە ئیرادەی لەیەنە سیاسیەکان بگرێت نەک هەوڵی خۆسەپاندن و قۆرخ کاری و چاووڕاو کردن بدات. 

دکتۆر بەرهەم شیاوترین و شایستەترین کارەکتەرە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری و هەقە پارتی لە بری کۆسپ و لەمپەر دروست کردن، هاریکار و پشتیوان بێت و بە هەمو لایەک هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی کورد و بە دەست هێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بدەن نەک سەرەڕای ئەو هەمو قەیرانانەی ڕوبەڕوی میللەتەکەمان بویتەوە، دوبەرەکی و لێکترازانیشی وەک دیاری ساڵی 2022 پێشکەش بکرێت!!.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی