لەدنیا و دۆخی ئاسایدا، ھەڵبژاردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، زیندوو ڕاگرتنی ژیانی سیاسی وقوڵکردنەوەی دیموکراسی وماف وئازادییەکان، ئەنجام دەدرێت.
کەچی لەوڵاتە پارچەبووە کان، نیمچە ھەڵوەشاوەکان ونەبوونی ژێر خانی دیموکراسی وچەمکی دەوڵەت، دەشێت کێشەی نوێ بخوڵقێنێ وقەیرانەکان قوڵتر بکاتەوە وچارەسەرەکان پڕخەرجیتر بکات.
دیمەنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، ئەگەر بەم جۆرە بڕوات، دەبێتە سەرەتای قۆناغی دووەمی ململانێکان و قوڵبوونەوەی بنبەستی سیاسی. لەم ڕوانگەشەوە چیرۆکەکەی مەشھەدانی دەبێتە سیناریۆ بۆ بەدەستخستنی بیانوی یاسایی بەدەست لایەکەوە بۆ ڕەتکرنەوەی بەرەنجامی ھەلبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان.
ئەگەر ئەمەش سەری نەگرت ودۆخەکە تێپەڕی، دواتر لەدرەوەی سیاقە دەستوری وقانونییەکانەوە، ڕەنگەھەوڵی جوانەمەرگکردنی خولەکەو گەر پێویستیش بوو، ھەرەسپێھێنانی پرۆسە سیاسییەکە بدرێت؟
ئەم دۆخە سەبارەت بەکوردیش ئەگەر ئەوەی ڕویدا ڕۆڵدابەشکردنی لەپشتەوە نەبێت،
لانی کەم بەئاقاری ئامادەبوونی وەك پێکھاتە لە بەغدا نەرێنی دەبێت.
کورد بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکات.
پارتی بەفەرمی دەبێتە نوێنەری ھەرێم وئەوانی دیش ئاسان پێیان قوت نادرێت ، بەتایبەتیش یەکێتی. تەنانەت کورد لەسەر ئاستی جەمسەرە دژبەیەکەکانی ناوچەکەش دابەش دەکات.
لەڕاستیشدا کورد ناتوانێت لەپرسێکدا یەکگرتوو بێت، بەغداو تاران لەسەری ناکۆك بن.
ھەرچۆنێك بێت ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بڕواتە پێش- چونکە ھێشتا دەرفەتی گۆڕینی ڕێساکانی گەمەکە ماوەو دەبێت پەراوێزێك بۆئەوە بێڵینەوە - لەقۆناغی یەکەمدا سەقامگیری عێراق دەکەوێتە بەرمەترسیی زۆرترەوە.
ھەرێم دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی زیاترەوە. دۆخێکی نوێی حوکمڕانیش دێتە پێشەوە کەکۆی وڵاتەکە دەکاتە، کێڵگەی تاقیکردنەوەیەکی نامسۆگەری ئەوسەر دیار نەبوو. لەم ڕوەشەوە وێناکە وەك شکاندنی بەربەست دێتە پێش چاو چونکە خولانەوە لەبازنەیەکی داخراوی تاقیکراوەشدا جاڕسکەرە، لەکاتێکدا ڕووی دووەمی بنبەستی سیاسیە.
پرسیاریش ئەوەیە: ئایە عێراق وەك دەوڵەت وسیستم ونوخبە، توانستی بڕینی قۆناغ وخۆبیناکردنەوەی پێماوە؟ یاخود مەسەلەکە گەورەترە لەعێراق وھەڵقەیەکە لە توندبوونی ململانێیەکی ناوچەیی تر، کەئەگەر بتەقێتەوە، ڕەنگدانەوەی بەسەر عێراقدا گەورە دەبێت وئەوراقەکان بەتەواوی تێکەڵ دەبن؟ ھەرچۆنێك بێت ئەگەر ئەوەی ئەمڕۆ بینرا تاسەر بەردەوام بێت، ئەم وڵاتە بێ ئایندە، ھێندەی تر دەکەوێتە بەردەم چارەنوسێکی نادیارەوە؟
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی