ده‌سه‌ڵات و ماستاوچیه‌كان

لەتیف فاتیح فەرەج

8-01-2022

3005جار خوێندراوەتەوە


به‌رپرسی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بووم، یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح كه‌ ئه‌و ده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بوو، داوای لێكردم لیستێك له‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌وان، مامۆستای زانكۆو هونه‌رمه‌ند له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان  ئاماده‌بكه‌م و له‌ هه‌ولێر له‌ گه‌ڵ دكتۆر دیدارێك له‌ سه‌ر ڕه‌وشی كه‌ركوك و پێكه‌وه‌ ژیان بكه‌ین، دیاربوو دكتۆر خۆی ئه‌وی راسپاردبوو به‌ من بڵێت ده‌نا دكتۆر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌سی زۆر نزیكی هه‌بوو كه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، منیش لیستی ناوه‌كانم تاوتوێ‌ كرد و دۆسته‌كانی دكتۆریش لێره‌و له‌وێ‌ چه‌ند ناوێكیان دانا بوو، چووینه‌ سه‌ردانه‌كه‌، پێشتر پێمووتن كه‌س داوای تایبه‌تی نه‌كات، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتین، دوای وا ده‌رنه‌چوو، ئه‌وانه‌ی به‌ قسه‌ی منیان كردبوو یه‌ك دویه‌كیان  منیان به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ ده‌زانی كه‌ نه‌مهێشتووه‌ هاوكاری بكرێن.

دوای سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ندێك هه‌بوون گله‌یی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ بۆ ناویانی تیا نه‌بووه‌، هه‌شبوو ده‌یوت بۆ فڵانی تیابووه‌، یان تیایه‌، جاماستاوی خه‌ست به‌ شان و باڵاهه‌ڵدانی له‌ ڕووه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ كاری چاك بڵێی چاك، له‌و بۆنه‌و كارانه‌دا زۆر جار ماستاوی زۆر خه‌ستم بینیوه‌، كه‌چی هه‌ر چه‌ند رۆژدواتر هه‌مان ماستاو چی كه‌وتوه‌ته‌ زه‌م و زه‌مكاری ئه‌و كه‌سه‌ی ماستاوی بۆ كردووه‌، له‌م نمونانه‌ زۆرن، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ جۆرێك ماستاو چی و كه‌وی كراو هه‌ن ئه‌گه‌ر ئاغاو سه‌رداره‌كانیان خاك و نیشتمانیش هه‌ڕاج بكه‌ن بۆ ئه‌وان كێشه‌ نیه‌و لای ئه‌وان خیانه‌ت و خاك فرۆشی و خۆ فرۆشیش حیكمه‌تی خۆی هه‌یه‌.

قسه‌ی سه‌ره‌تاو كۆتایی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌بێت بكه‌وینه‌وه‌ سه‌ر ڕاسته‌ڕێی ئاكاری، كاتێك چاكه‌ده‌كرێت یان كه‌سێك چاكه‌ی گشتی له‌ به‌رچاو ده‌گرێت هانی بده‌ین و ده‌ستخۆشی لێبكه‌ین، تا هه‌م خۆی به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بكات هه‌م ئه‌وانی دی چاوی لێبكه‌ن، ئه‌مه‌ هه‌رگیز ناچێته‌ خانه‌ی ماستاو كردنه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵنانه‌ جا بۆ كه‌سێك بێت یان به‌رپرسێك، به‌ڵام مرۆڤ به‌ چاك و خراپی ده‌سه‌ڵات بڵێ‌ چاك و كێماسی و كه‌م و كوڕی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسی له‌به‌ردڵانی خۆی نه‌بینێ‌، ئه‌وه‌ نه‌ك ماستاوه‌ بگره‌ له‌ كاسه‌لێسی و پاشاخوڕخۆریش واوه‌ تره‌، له‌ كوێدا كه‌م و كوڕی و ناشرینیت بینی بێده‌نگ مه‌به‌ لێی، له‌ هه‌ر كوێش جوامێریه‌كت بینی ده‌ستخۆشی لێبكه‌، ئه‌وه‌ ئاكاره‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌م به‌ر پرسا عه‌رزو حاڵی داوای پاره‌و به‌رات  پانبكه‌یته‌وه‌ و له‌ پشتیشیه‌وه‌ تیرو توانجی تێبگری.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی