پارتی و یەکێتی قردێلەی سووریان لەم بۆکسەدا

تەنیا کوردی

6-01-2022

11685جار خوێندراوەتەوە


پارتی و یەکێتی دوایی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر، پێکھێنانی لیژنەکان، لەیەکتر تێگەیشتن و خوێندنەوەی وەرەقەی یارییەکە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراقی فیدڕاڵ، بەتەواوی یەکتریان خوێندنەوە و خەتی سووریان لەسەر یەکتر لادا و بەیەکەوە قردێلەی سووریشیان لەم بۆکسەی پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراق دا تا بەیتی شیعە خۆیان یەکلا دەکەنەوە.
پارتی و یەکێتی وەھا بڕیاریان داوە کە؛

یەکەم، ناچنە نێو تەرەفگیری بۆ لایەنێکی نێو ماڵی شیعە، بەڵکوو چاوەڕێی بەیتی شیعە دەکەن، تا خۆیان یەکلادەکەنەوە لە پێکھێنانی کابینە و، لەگەڵ تەسفیەی حسابی ھیچ لایەنێکی سونی یان شیعی نابن.

دووەم، لەسەرجەم کۆبوونەوەکانیان بڕیاریان داوە کە پۆستەکان نابێ ببنە گرفت لەبەردەم کۆدەنگیان لە بەغداو، ڤیتۆیان لەسەر پۆستەکانی یەکتر نابێ، بەڵکوو پێشوەختە ھاوڕاو کۆدەنگ دەبن لەسەر  پۆستی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی دیکەی وەزاری.

سێیەم، مانەوەی راکان جبووری لە پارێزگاری کەرکووک خەتی سوورە و دەبێ ئەم پۆستە بگەڕێتەوە لای کورد.

ھاوکات بۆ پرسی نێوخۆیی پرسی ھەڵبژاردن و تێپەڕاندنی رەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستانیش بە ھەماھەنگی بڕیاری لێدەدەن لەو وادەیەی کە بۆ ھەڵبژاردن دیاری کراوە، چونکە ھەردوولا لایان روونە کە پێویستە ھەرێم ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی.

چوارەم، پارتی و یەکێتی نە لەگەڵ رەوتی سەدر نە لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە ھاوکێشەکە لەسەرحسێبی لایەنێک ناگۆڕن، چونکە ئەگەر لەگەڵ سەدرییەکان کابینە پێکبێنن، ئەوا لەلایەن چوارچێوەی شیعە کورد بە ئامانج دەگیرێ، ئەگەر لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیش کابینە پێکبێنن دووبارە لەلایەن سەدرییەکان کورد بە ئامانج دەگیرێت، بۆیە باشترین بڕیاری پارتی و یەکێتی ئەوەیە کە لەبەرەی کوردستانی دا دەمێننەوە تا بەیتی شیعی بڕیاری خۆی دەدات.

یەکێتی و پارتی لەسەر رێککەوتنی سەدرییەکان و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر ھەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڤیتۆی نابێت، بە دانانەوەی کازمی کێشەیان نابێت و ئەگەریش لەو ناوانەی کاندید کراون جگە لە عەبادی نەبێ، کێشەی ئەوتۆیان نابێت.

بۆیە ئەم قردێلە سوورەی کە پارتی و یەکێتی لە بۆکسی پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراقیان داوە وەک رای کوردستانی، تا ئەو کاتەیە کە شیعەکان خۆیان یەکلادەکەنەوە و دواتریش پارتی و یەکێتی بە کۆدەنگی بڕیاری پێویست دەدەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی