کێشەی تێکەڵکردنی ئیسلام و تێگەیشتن لە ئیسلام

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

18-12-2021

4569جار خوێندراوەتەوە


 

ئیسلام وەحی و پێدراوێکی خواییە. لە کاتێکدا تێگەیشتی باوەڕدار بۆ ئیسلام کردەیەکی مێژوویی و مرۆییە. مەبەستمان لە تێگەیشتنیش، ئەو مانایانەیە مرۆڤ  بە شتەکانی دەدات. وێناکردنی سنورو ئەرك و مەبەستەکان و دیاریکردنی جۆری پەیوەندی و چاوەڕوانی مرۆڤە لەگەڵ ئەو شتەی لێی تێدەگات کە لێرەدا ئیسلامە.

ئەگەر مرۆڤیش لە ڕێی عەقڵییەوە لە شتەکان تێبگات، سەرچاوەی زانیارییەکانی عەقڵیش ھەستەکان و بە تەعبیری قورئان (سمع و بصر و فوئاد) بن.

كەواتە، کردەی تێگەیشتن پەیوەستە بە: کات و شوێن و سیاق و مەعریفەی باڵادەست و فۆرمی خۆڕێکخستنی سیاسی و واقیعێکی دیاریکراوی مێژوویی بە ھەموو ڕەگەزو پێکھاتەکانییەوە. لەسۆنگەی گۆڕانی ئەو ڕەگەزانەی سەرەوەش، تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ خۆیی و ژیان و جیھان گۆڕانی بەسەردا دێت، پەیوەست بەوەش تێگەیشتنی بۆ ئایینیش نوێ دەبێتەوە. بەدەر لەوە، دووچاری لاسایکردنەوەو چەقبەستوویی دەبێت، ئەوەش لەسەر فۆرمی دینداری و جۆری پەیوەندی بە دونیاو سەردەمەوە کاریگەری دادەنێت.

لێرەشەوە، قسەو فەتواو ئیجتیھادو تێگەیشتنی ھیچ کەس و ڕەوت و زاناو کۆمەڵێك یەکسان نیە بە ئیسلام و قسەی خوا (ھەڵبەت لێرەدا باس لە چەسپاوە ئیمانی و عیبادی و ئەخلاقی و حەرامکراوە قورئانییەکان نیە)

بەڵکو نوێنەرایەتی جۆرێکی دیاریکراو لە تێگەیشتن دەکەن! ئیجتیھادی زانایان لە مێژوودا، تێگەیشتنی ڕێژەیی ئەوان لەسەردەمی خۆیاندا بۆ دەق دەردەخات،  کەلەپوری فیقھی و زانستی و سۆفیگەری ئێمە پێکدەھێنن، تێگەیشتنی بەننای دامەزرێنەری برایان و مەودودی و سەید قوتب و تێکڕای ئەدەبیاتی حەرەکیی لە مێژوویی نوێدا، تێگەیشتنی زەرفی و مێژوویی و کاریگەر بە سەردەم و تەحەداو ململانێکانی واقیعەکەیانە.  بە کەلەپورێکی مێژوویی حەرەکی لە قەڵەم دەدرێت، شوێنکەوتن و کارپێکردنیان لە ئێستادا پەیوەستە بە بوون و نەبوونی قەناعەت و توانای تێگەیشتنەکان  بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارو چاوەڕوانییەکانی ئێستاو بەدیھێنانی خواست و بەرژوەندیەکانی ئیسلامییەکان و ئەو نەتەوە مسوڵمان و کۆمەڵگایانەی لە ناویدا کاردەکەن. ملکەچن بۆ مشت و مڕی زانستی و قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەو ڕەخنەلێگرتن و پێداچونەوە.

جگە لەوە، ئەگەر تێگەیشتنی ڕێژەیی مرۆڤ پیرۆز نەبێت و گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوا ئامرازو ئەو مەنھەجییەت و ڕێبازو شێوازەی لە کردەی تێگەیشتنەکەدا بەکاردەبرێن، دیسانەوە مرۆیی و ناپیرۆزن و دەگۆڕێن ود ەبێت بگۆڕێن.

بەڵکو ھیچ گۆڕانێکی ڕاستەقینە لە بواری تێگەیشتنماندا بەدینایەت، ئەگەر گۆڕانکاری لە ئامرازو ڕێبازەکانی تێگەیشتن لە دەق و بەرھەمھێنانی مەعریفەدا نەکەین. لێرەشەوە، سەرجەم زانستە ئیسلامییەکان بە ئوسوڵی فقھیشەوە، چەسپاو و پیرۆز نین، چونکە بەرھەمی عەقڵی مرۆڤن لە ژێر کاریگەریی واقیع و مەعریفەیەکی مێژوویی دیاریکراو و لەوانەش فەلسەفەو لۆژیکی   یونانین. 

بۆیە لە ئێستادا، کاتێك کۆمەڵێ بیرمەندی ئیسلامی و لەوانەش تورابی داوای نوێکردنەوەی ئوسوڵی فقهـ بکەن، بیدعەیەکیان ئەنجام نەداوە، دەستکاری ئیسلامیش ناکەن، موجامەلەی خۆرئاوا ناکەن، بەڵکو دڵسۆزی دەنوێنن و دەخوازن ڕێبازو تێگەیشتنی موسوڵمانان بۆ ئیسلام نوێبکەنەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە لە ڕوانگەی واقیع و پرسیارو کێشەو زانستە مێژووییە بەسەرچووەکانەوە، لە ژیان و ئاینەکەیان تێنەگەن و بەوەش لە پەراوێزی شارستانییەتی نوێدا نەمێننەوەو ببن بە بەشێکی کاریگەر لە پەرەپێدان و ڕیفۆرمکردن  و ڕاستکردنەوەی. ئەگەر ئوسوڵی فیقھی مێژوویی کاریگەربووە بە لۆژیکی سوەریی یونان، ئەوا لەمڕۆدا دەبێت بۆ دووبارە بیناکردنەوەی سوود لە دەستکەوتەکانی سەردەم لە بارەی خوێندنەوەی دەق و بەرھەمھێنانی مانا وەربگیرێت.

 زانسته ئیسلامییەکان کە بە ئالە ناوبراون، واتە ئامرازی تێگەیشتن لە دەق و خزمەتکردنی، دەبێت بە گۆڕانی مەعریفەو واقیع و شارستانییەت نوێ ببنەوە، دەنا لە ئالەوە دەبن بە ئامانج و دەق دەبێت بە ئالەو لە ڕوانگەی پێداویستیەکانی ئەوانەوە لێکدەدرێتەوەو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؟! کە ئەوەش ئاوەژوکردنەوەیەکی ترسناکە. بە چەقبەستوومانەوەی زانستە ئیسلامییەکان، تێگەیشتنی موسوڵمانان دوچاری داخران و توندڕەوی و چەقبەستوویی دێت. ھەر لێرەشەوە، مەترسی ئەو تێگەیشتنە سەلەفییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە تێگەیشتنی ڕاست دەربارەی ئیسلام دەبەستێتەوە بە سێ سەدەی سەرەتای ئیسلامەوە! بە تایبەتیش لەو ڕووانەی پەیوەندی بە بوارە گۆڕاوەکەی ژیان و تێگەیشتنی ئیسلامیەوە ھەیە چونکە ئێمە جگە لەوەی لە ئیسلامدا  دووا تێگەیشتن و تاکە تێگەیشتنی ڕاست و دروست و پیرۆزمان نیە، وە بە قەولی پێشەوا مالك لە دوای پێغەمبەر ( د.خ) ھەموو کەس قسەی لێوەردەگیرێت یاخود ڕەتدەکرێتەوە، لەم سەردەمەشدا. سەختگیری (تشدد) و (جمود) و توندوتیژی و تیرۆر و ڕەشەکوژی و گوێرایەڵی کوێرانەو تەکفیر و نالێبوردەیی و عەقڵیەتی تایەفەگەری و دەمارگیرو نامیھرەبان، بەرھەم دەھێنێ، کە بە چاوی خۆمان ئاسەوارە ترسناکەکەی لە گۆشەو کەنارەکانی جیھانی ئیسلامیدا دەبینین. ھەروەھا وا لە موسوڵمانان دەکات نەزانن چۆن بە شێوەیەکی ھاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ دونیای نوێ و دەرکەوتەکانی ناویدا بکەن و گەلانی موسوڵمان لە دواکەوتوویی شارستانی ڕزگاریان ببێت و ببن بە بەشێکی زیندوو کاریگەری سەردەمەکەی خۆیان. لەوێشەوە، ئیسلام ڕۆڵێکی جیھانی گەورە لە ئاراستەکردنی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتی و چارەسەرکردنی کێشەکانیدا بگێڕێت. 

لە ڕوانگەی ئەوەی پێشووشەوە، ئێمە ئەو ڕێبازە لە قسەکردن و نوسین ب ەناوی ئیسلام ڕەتدەکەینەوە، ھاووێنەی: نەتەوایەتی لە تەرازوی ئیسلامدا، سیستمی سیاسی لە ئیسلامدا، حوکمی ئیسلام دەربارەی حیزبایەتی و دیموکراسی و.. ھتد. چونکە سەرنجام نوسینەکان بەرھەمی تێگەیشتنی نوسەرو دوواندەرەکانە لەو پرسانە. کەسانی تر دەتوانن دیدی جیاواز بخەنەڕوو بەرەنجام و تێگەیشتنێکی جیاواز لەوان بخەنەڕوو. بۆیە لە ڕووی ئیسلامی و زانستی و ئەخلاقیشەوە وا باشترە، شوێن ڕێبازەکەی خەلیفەی دووەمی ڕاشیدین عومەری کوڕی خەتتاب (ڕ.خ) بکەوین، کە ڕەتیکردەوە ڕێکەوتن و حوکمدانی دەربارەی مەسەلەیەك بە (حوکمی خودا) دابنرێت و وتی: "ئەوەیە عومەر دەربارەی قەزاوەتی کردووە و حوکمی تێدا داوە، چونکە من نازانم مەرامی خودام لەم حوکمەدا پێکاوە یان نا."

ھەر ئەوەشە وای کردووە، لە نوسینەکانمدا ئەو شێوازەی سەرەوە بەکارناھێنم، بەڵکو لە بازنەی فیکری ئیسلامی و دیدێکی ئیسلامییەوە دەیخەمەڕوو، بۆ نمونە: (فیکری ئیسلامی ھاوچەرخ لەبەردەم پرسیاری ئازادیدا). (ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی، دیدێکی ئیسلامی ھاوچەرخ). 

ھیوادارم و بانگەشەش دەکەم ناوەندە ئەکادیمی و زانستی فیکری و بانگخوازی و سیاسیە ئیسلامییەکەش دەستبەرداری ڕێبازی یەکەم ببن و کار بە ڕێبازە عومەریەکە بکەن بۆ ئەوەی وا تێنەگەن کاتێك ڕەدی ئەوان دەدرێتەوە، ئیسلام ڕەتدەکرێتەوە. ھەروەھا بۆ ئەوەی فیکری ئیسلامی دینامیکیەتی خۆی لە ئاستێکی داھێنانەتردا بەدەستبێنێتەوەو دووریش بین لە عەقڵییەتی ناپوختی دەمارگیری و تەکفیر.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی