بێدەنگی یەکێتی و گۆڕان لە دۆسیەی نەوتدا

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

11-12-2021

8682جار خوێندراوەتەوە


بەپێی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨) ساڵی ٢٠٠٧، بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی لە دۆسیەی نەوتدا،  ئەنجومەنی ھەرێمیە بۆ کاروباری نەوت و گاز.

ئەم ئەنجومەنە، لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان و دارایی و کاروباری ئابوری و پلاندانان پێکدێت.. 

واتە: یەکێتی و گۆڕان زۆرینەی ئەنجومەنەکەن و لە (٥) ئەندام (٣) ئەندامیان ھەیە..

لەمادەی "پێنجەم"ی یاساکەدا، ئەرکی ئەم ئەنجومەنەی لە سێ خاڵدا جێگیرکردوە، کۆی پرۆسەی نەوتیش ئەو سێ خاڵەیە.. 
یەک: دانانی پرنسیپەکانی گشتی بۆ سیاسەتی نەوت و پلانی بەدواداگەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەکان لە ھەرێمدا لەگەڵ ھەموارکردنیان.
دوەم: پێدانی ڕەزامەندی بۆ ئەو گرێبەستانەی تایبەتە بە پرۆسەکانی نەوت. 
سێیەم: دیاریکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت.

پرۆسەی نەوت لە سیاسەت و پلان و پەسەندکردنی گریبەست و دیاریکردنی ئاستی بەرھەم پێکدێت ، ھەر سێکیان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گازە..

کەواتە چی؟ 
لەم کابینەدا ئەم ئەنجومەنە تەنانەت یەک کۆبونەوەشی نەکردوە! کۆی پرۆسەکە سەرۆکی حکومەت خۆی بەڕێوەی دەبات! یەکێتی و گۆڕان ھیچ ناڕەزایەکی جدیان پیشان نەداوە لە سڕکردنی دەسەڵاتیان .. بەبێدەنگی لە دۆسیەی نەوت دڕوانن و سەرۆکی حکومەت چی بوێت ھەر ئەوە دەڕوات! 

پرسیاری جدی ئەوەیە؛ بەرزترین دەسەڵاتی دۆسیەی نەوتیان ھەیەو ڕێگایان پێنادرێت بەکاری بھێنن و یەک کۆبونەوەش ناکەن،  ڕازیشن! 

تەنانەت: جگە لەو بەنزینەی لە بەغدا دێت، حکومەتی ھەرێم ڕۆژانە ٩٥٠ ھەزار لیتر بەنزینی ھەیەو لیترێکی نادرێتە سلێمانی و ھەمووی بۆ سێ کۆمپانیای ھەولێرەو زۆرینەی بەگران دەفرۆشنەوە لە بازاڕ؛ زۆرینەکەی ئەنجومەنی ھەرێمی بێدەنگن! ڕەنگە ھەر نەشزانن!!! 

بۆ پارەی لوبنان و زۆری کرێی بۆری و کۆمپانیاکانیش ھەر بێدەنگن! چەندیش پارەی نەوت بگەڕێتەوە ھەر ڕازین! 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی