هەواڵی ئەمڕۆ

قوربان من نۆکەری تۆم

د. ئەرسەلان بایز

8-12-2021

13363جار خوێندراوەتەوە


کــۆڵــەپــشـــت (118)

(بەشیر شەهابی) حاکمى لوبنان لە سەردەمى دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى، ڕۆژێک بە ئیشکەرى ماڵەکەیان دەڵێت: حەزم لە خواردنى باینجانە. ئیشکەرەکەش دەڵێ: قوربان باینجان..؟ بە ڕاستى باینجان خواردنێکى بە چێژو بە سوودە... گۆشتەو بە بێ چەورى. بە سورەوە کراوى، بە شلە، بە دۆڵمە. سیرو گوێز بە مەحشى و بە چەند جۆرى تریش دەخورێت.

دواتر حاکمى لوبنان دەڵێت: ئاخر پێش چەند ڕۆژێک خواردم. دواى خواردنەکە تووشى سک یەشە بووم.
ئیشکەرەکە دەڵێ: لەعنەت لە باینجان بدات. بە ڕاستى لەسەر گەدە قوڕسە...سکى مرۆڤ پڕ با دەکات...بۆنێکى ناخۆشیشى لێدێت.

حاکمى لوبنان پێى دەڵێت: پێم سەیرە. هەر پێش چەند خولەکێک بە خواردنى باینجانت هەڵدەدا کەچى ئێستا کەوتویتە سەرو گێلاک کوتینەوەى. ئیشکەرەکە دەڵێ: قوربان...! من نۆکەرى بەڕێزتانم. نەک باینجان. ئەگەر گەورەم بڵێ باینجان باشەو بە سوودەو حەزم لێیەتى منیش هەمان قسە دەکەم. ئەگەر بشڵێ زیان بەخشە منیش دەڵێم بێ سوودە.

# دەگێڕنەوە لە دواى سەرنەکەوتنى یەکێتى میسرو سوریا. (جەمال عەبدولناسر، لەبەردەم ئەنجومەنى نوێنەران  وتارێکى پێشکەش کردو وتى: فەرمانم بە کەشتیە جەنگیەکانى میسر کردووە بەرەو سوریا بجولێن. لەگەڵ بیستنى ئەو قسەیە سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران هەڵسانەوە سەر پێى و، بە چەپڵە ڕێزان پێشوازیان لەو قسەیەى سەرۆک (جەمال عەبدولناسر) کرد.

دواتر (جەمال عەبدوالناسر) وتى: بەڵام بۆ ئەوەى ئێمەى عەرەب خوێنى براى یەکتر نەڕێژین. بڕیارم دا. کەشتیە جەنگیەکان بگەڕێنەوە میسر. ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران سەر لە نوێ دەستیان بە چەپڵە ڕێزان کردەوەو دەست خۆشیان لێکرد.

# دەگێڕنەوە لە سەردەمى (متوکل)ى خەلیفەى عەباسى. ڕۆژێک خەلیفە تیرێکى ئاڕاستەى باڵندەیەک کرد. تیرەکە باڵندەکەى نەپێکا. وەزیرێک کە لەلاى وەستا بوو دەست خۆشى لە خەلیفە کرد. خەلیفە بە توڕە بوونەوە ڕووى تێکردو پێیوت: گالتە دەکەیت...!!. وەزیرەکە زمانى پەڵت بوو. وتى: نا قوربان مەبەستمان ئەوە بوو ڕێگات بەو باڵندەیەدا بەردەوام بێت لە ژیان.

# ئەو جۆرە کەسە مەرایی و ماستاو چیانە پێش ئەوەى فێڵ لە میللەتەکەى خۆیان بکەن. فێڵ لە حاکمى وڵاتەکانى خۆیان دەکەن. ئینجا لە پێناوى خۆ خۆشەویست کردن لاى دەسەڵاتداران، دەیانەوێ دەستیان لە هەندێ ئیمتیازاتى حکومى و حیزبی گیر بێت. لێپرسراوانى وڵاتیش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەمیشە حەزیان لەوەیە خەڵکەکە مەدح و سەنایان بکات. هەرگیز حەز بەوە ناکەن گلەیی و ڕەخنە بگرن. خۆ ئەگەر یەکێک ڕەخنە بگرێت دەچێتە لیستى ڕەشەوەو پێیان دەڵێن ناحەزى وڵات. نۆکەری بێگانەو دوژمنى وڵات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی