هەواڵی ئەمڕۆ

لەبارەی ڕوئیای بافڵ تاڵەبانیەوە

کوردۆ عەلی

5-12-2021

8642جار خوێندراوەتەوە



بافڵ جەلال تاڵەبانی،  روئیای تازەی خستەروو بۆ کاری رێکخراوەیی جیاوازتر لەوەی ھەیە کە تەنھا کارکردن بێت بۆ رێکخستنی کایەکانی حزب و تەنھا خزمەتکردنی کادری حزبی و ئاڕاستکردنی ئایدۆلۆژیایەک بێت لەپێناو ئامانجێک کە مەبەست داربێت.

خەون و دونیابینی بافڵ جەلال تاڵەبانی گۆڕانکاری ریشەییە لە چۆنێتی کاری رێکخراوەیی، ئەو گەرەکێتی پەیوەندی حزب و خەڵک لەسەر بنەمای متمانەو خزمەت بنیادبنرێتەوە ، حزب لەخزمەتی خەڵک بێت و سیاسەت لەپێناو رۆشنگەری و بەڕێوەبردنێکی دروست بێت کە کۆمەڵگا لەسەر بنەماکانی ژیاندۆستی بنیاد بنێت و ھەمووان وەک یەک بن لەبەرامبەر یاسادا ، مافی ھاوڵاتی بوون بچەسپێنرێت ، دەسەڵاتداری حزبی و ھاوڵاتی یەک ئەرک و یەک مافیان ھەبێت.

رەوتی رێکخستنەوەی ژیانی یەکێتی لای بافڵ جەلال تاڵەبانی ریفۆرم و دەرچوونە  لە شێوازێکی کلاسیکی حزبایەتی لەم ھەرێمە  ، ئەو پێی وایە ڕاست ‌و ڕەوا رێگا دروستەکە ئەوەیە بەیەک  چاو ،  بە یەک مەسافە حزب سەیری ھاوڵاتی بە یارو نەیارەوە بکات ،   مۆدێلێکی نوێ کە رێکخراوی سیاسی وەک باسکی بەھێزی راستەوخۆ لەخزمەت چین و توێژەکانی کۆمەڵ و خوێندکاران و گەنجان بێت کە داھاتوویەکی گەش چاوەڕێیان دەکات و ئەو بۆشاییانە پڕبکاتەوە کە دەشێ بە حکومەت پڕ نەکرێتەوە.

ئەم ھەوڵانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەم ھەلومەرجەدا، خاوەندارێتی بوو لە ویست و داخوازی خوێندکاران لەپێناو پەک نەکەوتنی پرۆسەی خوێندن  و رێگرتن بوو لە داڕمانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم ، بەمەش ئیتر یەکێتی بردەوە لای خەڵک و ئەوان دەبنە خاوەنی یەکێتی و یەکێتیش دەبێتە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەلک.

ئەم بڕیارو خزمەتانەش  لە چەند رۆژی داھاتوو تەواوی زانکۆ پەیمانگاکانی کوردستان دەگرێتەوە و بەردەوام دەبێت و گفتەکان وەک خۆیان جێبەجێدەکرێن .

ئەم مۆدێلە حیزبیە کە ژیانی سیاسی مەدەنی تەندروست دەکاتەوە  دژە پۆپۆلیستییە و قۆناغی ھەر قسە و حزبی سەر وەرەقە تێدەپەڕێنێت  و دەچێتە وێستگەی بەریەککەوتنی  راستەوخۆی نێوان کەسی یەکەمی حزبەکان لەگەڵ ھاوڵاتی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمەی  لەگەڵ خوێندکاراندا خستە واری  جێبەجێکردنەوە  و بەم ھەنگاوە بوێرانەیە و ئاوڕدانەوەی خێرا و جێبەجێکردنی خواستی خوێندکاران و گوێگرتن لێیان بەربەستەکانی نێوان سەرکردەکانی حزب و خەڵکی تێک شکاندو دەرگاکانی ئاوەڵاکرد تا وەك نەریت ھەموو حزبەکان قۆڵی لێھەڵماڵن و  بە کردەوە خزمەتکاری خەڵکی خۆیان بن و حزب  بە توانا مادی و مەعنەوییەکانی لەخزمەتی گشتی و چاکەو چاکەکاری بەکاربێنن .رۆژ رۆژی ھیمەت و کردار و دورکەوتنەوەیە لە دروشم و راکێشانی سۆزی خەڵک ، بفەرموون ھەموو سەرکردەکان خزمەت بکەن و حزبەکانتان بکەنە خزمەتی گشتی و لەگەڵ خەڵکی خۆماندا ئاشت ببنەوە متمانە بگەڕێنەوە ! 

 کورد وتەنی 
خەرمان بەرەکەت ، حزب ئاوەدان ، خەڵکیش سەلامەت و سەرکەوتووبن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی