هەواڵی ئەمڕۆ

شەڕى نێوان دوو قورئان خوێن

د. ئەرسەلان بایز

3-12-2021

13459جار خوێندراوەتەوە


کــۆڵــەپــشـــت (116)
   
دەگێڕنەوە: سەد ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، قونسولێکى ئەوڕوپى لە شارى حەلەب (سوریا) لەگەڵ ڕووناکبیرێکى شارەکەدا بەڕێدا دەڕۆن. ڕووناکبیرە عەرەبەکە لێیدەپرسێ: چۆن توانیتان ئەو هەموو وڵاتانە داگیر بکەن...؟ سەرەتا قونسولەکە پێکەنى و وەڵامى پرسیارەکەى نەدایەوەو خۆى لێ بێ ئاگا کرد. هەردووکیان بەردەوام بوون لە پیاسە کردنەکەیان تا گەیشتنە بەردەمى مزگەوتێک. بینیان دوو مەلاى کوێر قورئان دەخوێنن.

کابراى قونسول و برادەرە عەرەبەکەى لێیان نزیک بوونەوە، پێیان وتن چەند عەشەڕەیەک بخوێننەوە. مەلا کوێرەکانیش هەریەکەو لەلاى خۆیەوە چەند دانەیەکیان خوێند. دواتر قونسولەکە پێى وتن ئەم بیست لیرەیەتان دەدەمێ و لە نێوان خۆتاندا دابەشى بکەن. بەڵام قونسولەکە هیچى نەدانێ و لەگەڵ برادەرەکەى ڕۆیشت. ئەگەر چى ڕووناکبیرە عەرەبەکە سەرسام بوو کە ڕۆیشتن و پارەکەشیان بە مەلایەکان نەدا. دواى دوورکەوتنەوەیان هەردوو مەلاکە لە نێوان خۆیاندا بوو بە شەڕیان. چونکە هەر یەکێک لەوان پێى وابوو ئەویتریان پارەکەى وەرگرتووەو نایداتە برادەرەکەى. بەمجۆرە شەڕو دەنگە دەنگ لە نێوانیان پەیدا بوو و خەڵکێکى زۆر لێیان کۆبوونەوە. قونسول و ڕووناکبیرە عەرەبەکەش لە دوورەوە سەیریان دەکردن. سەرەنجام کابراى قونسول ڕووى کردە ڕووناکبیرەکەو پێى وت: بەمجۆرە ئەو دەوڵەتانەى ئێوەمان داگیرکرد.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەدەستکارییەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕۆژى چوارشەممە (1/12/2021) لە سایتى خەندان بڵاوکراوەتەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی