هەواڵی ئەمڕۆ

بۆ ھێندە دەترسین!

تەنیا کوردی

27-11-2021

5982جار خوێندراوەتەوە


زۆر لە ئازادی دەترسین، چونکە نەمانویستووە وەک خۆی لە ئازادی تێبگەین، ناتوانین ئازادبین تا لە رۆحەوە چێژ لە ئازادی وەرنەگرین، بۆچی دەبێ ھێندە لە ئازادی بترسین؟ ئایا خەتای مێژووە؟ یانیش ئازادی بەھەڵە تێکەڵ بە سیستەمی فەرھەنگی ئێمە بووە؟ خەتای جوگرافیایە یانیش بەھەڵە لە حوکمڕانی کردن گەیشتووین.
لەم حزبانەی کە لە حوکمڕانیدان تا ئەو حزبانەی کە ئۆپۆزسیۆنن، ھێشتا ماویەتی کە بەتەواوی ئازادی بەنێو جەستەی سیاسیاندا تێپەڕێ، لە پاڵ ئەوەی لە شاخدا بۆ ئازادی خەباتکرا، کەچی لە شاردا ھێشتا نەتوانراوە تەرجەمەی ئازادی وەک خۆی بکرێت و لەگەڵ سیستەمی حوکمڕانیدا بکرێت بە فەرھەنگێک کە کۆمەڵگەی مەعریفی لەسەر دروست بکرێت.

ئازادی مانای تێکدانی دەسکەوتەکان نییە، ئازادی ئاگربەردان نییە لە یەکتری، ئازادی بریتییە لە تێگەیشتن لە بەھای مرۆڤایەتی لە سیستەمێک کە ژیانکردن لە چوارچێوەی یاساو ماف و ئەرکدا خۆی پێناسە کردبێت.

ئێمە ھێشتا نەمانتوانیوە ئازادانە ئەوەی کە دەمانەوێ تەعبیری کەین، ئێمە لە پاڵ یەکتر دەمانەوێ ئازادی یەکتر بخنکێنین بەبێ ئەوەی تێبگەین کە ھەموومان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی یەکتردا پێویستە دەستوورێک و فەرھەنگێک بەرپابکەین کە تێیدا بگەینە رۆحی ئازادی یەکتر، بەبێ ئەوەی ھیچ لە یەکێکمان ئازادی یەکتر بشکێنین.

کارەساتە کە تا ئێستا وەھابێت کە رۆشنبیر و رۆشنفکر کەلەپچەی دەستی ترس بێت، نەتوانن ئازادانە رەخنە بگرن و لەپێناو پێشخستنی سیستەم و حوکمڕانی ھۆشیاری بکەنە چەکی پێشخستنی کۆمەڵگە، کارەساتیشە کە چینێک لە پەنای رۆشفکری بەناوی ئازادی ساختەوە کۆمەڵگە چەواشەکار بکات.
 چەندە لە ئازادی دەترسین کاتێک دەبینین چۆن بە بەرد و جنێو و سڕینەوەی یەکتر فەوزا لە فەزای ناتێگەیشتەوە دروست دەکرێت و نەتوانراوە ئەم کەلتورەی توندوتیژی بسڕدرێتەوە.

چەندە تاوانباری مێژووین کاتێک ناتوانین عونف لە فەرھەنگی تاکەکانی کۆمەڵگە بسڕینەوە، چەندە مەحکومین لەو جوگرافیایەدا کە ناتوانین کەڵک لە ئاشتی تەواو وەرگرین.

ئەگەر لە ئازادی تێبگەین، بۆچی دەبێ لولەی تفەنگ ئاگری لەسەر شەقام مابێ؟ بۆچی دەبێت رێکخراوێکی چەکداری نا خۆرسکی لەسەرتاسەری سنووری ھەرێمەوە  یەقەی ھەرێم بگرێ؟ بۆ دەبێ ھێندە ئەوانەی بە عونف دەیانەوێ براوەبن، ھێندە لەنێو شەقامدا ئازادانە بێن و بچن؟

پێویستە بیرکەینەوە کە بۆچی دەبێ ھێندە لە ئازادی بترسین لە کاتێکدا بۆ نەھێشتنی توندوتیژی، بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، بۆ ھۆشیاری سیاسی ھیچ شتێک ھێندەی تبگەیشتن لە ئازادی کەڵکی نییە بۆ ئەوەی ھەموومان بۆ ئازادی وانەیەک فێربین و ھەڵەکانی رابردوو راست کەینەوە و لەم شەڕە سایکۆلۆژیەی کە ھەیە متمانە دروستکەینەوە.

ئەگەر لەیەکتر تێنەگەین و رۆحی ئازادی بەبەر جەستەی سیاسی نەکەینەوە و متمانە نەگەڕێنینەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بۆ ساڵانی دابێ بایکۆت لە ھەڵبژاردنەکان نەوەک سەدا شەست، بەڵکوو بەجۆرێک ھەڵدەکشێت کە ئەوکات زۆر درەنگ دەبێت بگوترێت دروس مستفیدە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی