چەمکی منایەتی (سۆليپسيسم/ Solipsism)

عومەر ئەحمەد عەزیز

20-11-2021

2792جار خوێندراوەتەوە


وشه‌كه‌ لاتينييه‌ و له‌ دو به‌ش پێكدێت: سۆلى =تاك، ئيپس=خۆ، خۆيى. قوتابخانەیەکی فەلسەفییە و زیاتر لەخانەی میتافیزیکە و  عەقڵی مرۆڤ لەسەروی هەمو شتێکەوە ئەبینێت‌و کەمتر پشت بە دنیای بابەتی دەبەستێت‌و پێی وایە دنیای بابەتی بونی نییە، بونیشی هەبێت کەس ناتوانێ چییەتیان بزانێت،  بەڵکو زیاتر پشت بە بیری مرۆڤ دەبەستێت، سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕێبازە تەنها زیهنییەتی مرۆڤە. 

- له‌ڕوى زاراوه‌ييه‌وه‌  چه‌مكه‌كه‌ ئاماژه‌يه‌ بۆ كه‌ سێك، كه‌ ته‌نها دان به‌ خۆيدا بنێت، وه‌ك ديكارت ده‌ڵێت : ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ هه‌م))، يان (ڤدگنشتاين ) ده‌ڵێت (( سنورى زمانه‌كه‌م سنورى جيهانه‌كه‌مه‌))، ئەم دەربڕینانە زۆر جار کورت و پوخت و زۆرجار لێڵن، لە پشتیانەوە باکگراوندێکی زانستیی و مەعریفیی و فکریی قوڵ هەیە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو باکگراونە لەو دەربڕینانە تێ ناگەین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌يه‌ ئه‌م منايه‌تييه‌ و خۆيى بوونه‌ هه‌روا به‌ ئاسانيى و ساده‌يى نايه‌ته‌ بوون، به‌ڵكو پێويستى به‌ چوارچێوه‌يه‌كى بيركردنه‌وه‌ و ڕێبازێكى فيكريى و تيورێكى تايبه‌ت به‌ كه‌سيى سۆليپسيسم هه‌يه‌، زۆرجار ڕسته‌يه‌كى كه‌سى  سۆليپسيسم گوزارشتێكى قوڵه‌ له‌ ته‌واوى بيركردنه‌وى ئه‌و كه‌سه‌، به‌جۆرێك به‌بێ زانينى بنه‌ما فيكرييه‌كانى ئه‌و فه‌يله‌سوفه‌ يان ئه‌و نوسه‌ره‌ هه‌رگيز ناتوانين له‌و ده‌ربڕينه‌  كورتانه‌ تێبگه‌ين، كه‌سى سۆليپسيسم  ڕاسته‌وخۆ له‌ كه‌سێكى بابه‌تييه‌وه‌ ده‌بێته‌ كه‌سێكى خوديى، به‌جۆرێك بنه‌ماى شرۆڤه‌ى دياريده‌كان و بوون بیرۆکە جياجيايه‌كان  به‌ دنياى ناوه‌وه‌ى نوسه‌ره‌وه‌ به‌نده‌، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى هيچ پێدراوێكى بابه‌تيى! ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ نوسه‌ر تێزه‌كانى بابه‌تيى نيين! به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامى قوڵبونه‌وه‌ له‌ تێگه‌يه‌ك، كێشه‌يه‌ك، بابه‌تێكى دياريكراو نوسه‌ر ده‌گاته‌ جۆرێك له‌ منايه‌تيى‌و پێى وا ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى ڕەهه‌نده‌ جياوازه‌كانى بيركردنه‌وه‌ى ئه‌و هيچ شتێك ڕاست نييه‌! 

ئامانجمان خستنەڕوی ئەم قوتابخانەیە نییە، بەڵکو زیاتر ئەمانەوێ لەسەر چەمکی منایەتی بوەستین، بەو پێیەی زۆر جار ئێمە بەبێ زانینی ڕەهەندە مەعریفیەکانی پشت ئەو دەربڕینانەوە بەکاریان دەهێنین، یان زۆرجار کەسانێک هەن ئەیانەوێ دەربڕینی  لەوجۆرەیان هەبێت، کە شتێکی وا مایەی سەرنجە، چونکە ناکرێت مرۆڤ بەبێ تێگەشتنێکی قوڵ بگاتە ئەم ئاستە، واتە مەبەستمان ئەوەیە منایەتی له هیچەوە نایەتە بوون ئەو فەیلەسوفانەی کە لەم جۆرە دەربڕینانەیان هەیە، وەکو پێشتر خستمانە ڕوو لەئەنجامی قوڵبونەوە بووە لە بابەتێک، یان زۆرجار ئەو دەربڕینە گوزارشتە لەکۆی بیرکردنەوەکانی ئەو کەسە کە ڕەنگە لەتوێی چەندین کتێب و بابەتی نوسراودا خرابێتنە ڕوو.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی