ئەم دوو کارەی سەرۆکی ھەرێم بڕیاری لەبارەوە دەدات

تەنیا کوردی

17-11-2021

6015جار خوێندراوەتەوە


ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و بوون بە خاوەنی دەستوورێکی مۆدێرن، دوو لەم چاوەڕوانیەن کە کۆمەڵگەی دەولی چاوی لەسەر ھەرێمە تا رێکارەکانی خۆی لەم دوو بوارەدا رابگەیێنێت.

لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانکراوە کە ئەم دوو ھەنگاوە پێشوەختە بنێت وەک رێکارێکی ھەرێمی و بەرپرسیارێتی، بەم زووانە پرسی ھەڵبژاردن و دەستوور بخاتە سەر مێزی پەرلەمان و کۆمسیۆن تا لە وادەی خۆیدا لەساڵی دابێت ھەڵبژاردنی ھەرێم ئەنجامبدرێت و ھەروەھا دەستووری ھەرێمیش بە شەرعیەتی پەرلەمانەوە بۆ ریفراندۆم ئامادە بکرێت.

بوون بە خاوەنی دەستوور واتە شوێنکردنەوەی ھەموو ئەم بڕگە یاساییانەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا ھەن کە حەقێکی رەوا بە بەھێزکردنی پێگەی ھەرێم دەدەن بۆ داھاتوویەک کە بتوانرێت لەسەر پێگە یاساییەکەی خۆیدا لە بەرگێکی دەولی ھەرێم زیاتر لەلایەن یوئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرگری لێبکرێت و لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا شەرعیەتی بەرگریکردن لەم ھەرێمەدا حەسانەیەکی دەولی وەربگرێت، بۆیە پێویستە بەرلەوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ ھەمواربکرێتەوە، ھەرێم بتوانێت دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ لە دەستووری خۆیدا سەنەد بکات.

ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانیش واتە گەڕانەوە بۆ شەرعیەتی دیموکراسی گەل لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمە یاساییەی دەتوانرێت شەرعیەتی ھەرێم لە روانگەی ستانداردی دەولی قایمتربکات و متمانە لەسەر شێوازی حوکمڕانی لە ھەرێم لە نێوخۆی ماڵی کوردستانی و لە دەرەوەدا زیاتر بکات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی