ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن

محمد ئەمین پێنجوێنی

17-11-2021

3627جار خوێندراوەتەوە



گەلی کورد وەکو ئەڵماس وایە،هەتا بچووکی کەنەوە بە نرختر دەبێت لە بارەی گۆڕینی ناوی شوێنە مێژووییەکان، لە پۆستی پێشووماندا سەبارەت بە گۆڕینی ناوی گوندی (کانی مانگا) بابەتێکمان بڵاوکردبووەوە، بووە جێگەی سەرنج و ڕۆژەڤی سۆسیال میدیا و کۆمێنت و قسەیێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. 

بەڕێزان من سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم، مەبەستی ئێمە تەنیا ئەوەیە کە دەستکاری مێژوو و ئاسەواری کوردستان بەبێ لێکۆڵینەوە نەکرێ،  چونکە دەبێتە هۆی ونبوون و شێواندنی مێژووەکەمان.

هەتا ئێستەیش یاسایەکی تایبەت،  بۆ پاراستنی کەلەپوور و زمان و شوێنەوارەکانمان، نییە. باهەندێ نموونە بهێنینەوە

یەکەم: زانای کۆمەڵناسی گەورەی تورك (ئیسماعیل بێشكچی) کە دڵسۆزێکی بێوێنەی گەلی کوردە، دەڵێت: من سەرم لە خەڵکی کورد سوڕماوە، خۆیان دەچن لە بنی زەویدا شوێنەواری مێژوویی خۆیان هەڵئەکۆڵن و بە بڕێک پارە دەیفرۆشنە داگیرکەرانی وڵاتەکەیان، بەمە بەشێکی زۆر لە مێژووەکەیان لەناو دەبەن . ئەو باس لەوە دەکا، کە بە چاوی خۆی دیویەتی لە وڵاتێکی ئافریکا، قاچاخچی و شوێنەوارناسی  ئەوروپایی ویستویانە هەندێ شوێنەواری بن زەوی ئەو وڵاتە ببەن، خەڵکی ئەوێش لێان هاتوونەتە  دەست و گوتوویانە ئەوە مێژووی ئێمەیە، سامانی باب و باپیرانمانە،  ئێمە دیرۆکی خۆمان نافرۆشین، ئەو زانا دڵسۆزەی کورد ئاوا بەراوردمان دەکات بە گەلانی ڕەش و ڕووتی ئافریکا .

دووەم: لە ساڵی نەوەتەکانی دوای ڕاپەڕین کەسێك پێی گوتم لە قۆپی قەرەداخ لە نزیك قەڵای (شا نارام سین)ی ئەکەدی، خەزنەی نارام سین دۆزراوەتەوە و پڕە لە زێڕو گەوهەر، لە شێوەی کوپەیەکی گەورەی ئاسنی زەرد دروست کراوە و بە خەتی بزماری نووسراوی لێ هەڵکەندراوە، ئەوەندە قورسە بە چەند زەلامێك ئینجا دەجووڵێنرێت .
منیش گوتم، ئەگەر دەتوانن بیکەنەوە بەژێر گڵەوە با کەس نەزانێ، چونکە قاچاخچییەکان دەیفرۆشن . پاش ماوەیەکی زۆر بینیمەوە، گوتم ها چیتان لەو ئاسەوارە کرد؟ گوتی: خاڵە، هەندێ چەکدار پێان زانی و دینامێت و تی ئێن تی یان لێ بەست و تەقاندیانەوە بۆ ئەوەی گوایا بیشکێنن و زێڕەکانی ببەن، بەڵام لەئەنجامی تەقینەوەکەدا بوو بە تۆزو خۆڵ و پارچەپارچە بوو و  چوو بە ئاسمانا.

  ئەگەر ئەوە بهێنرایەتە مۆزەخانەیەک و نووسراوەکەی  بخوێنرایەتەوە، ئەوسا بۆمان ئاشکرا دەبوو، کە ئەو پاشایە کێیە و کێ دەسەڵاتدار بووە لەو کاتەدا؟ ئایا ئەوە (نارام سین) بوە یان سەرکردەیەکی خۆجێی کورد بووە ؟ بەم شێوە چەند لاپەڕەی مێژووی خۆمان وندا کرد (ئەوە ئەقڵی کورد و ئەوی تریش ئەقڵی ڕەش و ڕووتی ئافریکا)

سێیەم: گۆڕینی ناوی خێزان، پاشناو، خێڵ، هۆز و شوێنە مێژووییەکان لە لایەن داگیرکەرانەوە، هەر بۆ شێواندنی مێژوو و بچووكکردنەوەی قەبارەی نەتەوەی کورد، بۆ نموونە سیاسەتمەداری ناوداری کورد لە باکوور (ئەحمەد تورك) کە هەزاران خێزان ئەبن لە کوردەوە کراون بە ئوزتورك، ئەحمەدی داماویش بووە بە ئەحمەد تورك، هەروەها خێزانی جانپۆڵاتەکان کە لە بنەڕتدا کوردی ناوچەی هەکارین و هاتوونەتە ناوچە عەرەبیەکانی حەلەب و شام و چیا کانی لوبنان، هەر چەندە ماوەیەکیش دەسەڵاتدار بوون لەو ناوچانەدا، بەڵام پاشناوەکەیان بوو بە جونبەڵات و پاش سەدان ساڵ بەشێکی زۆریان بوون بە عەرەب و فامیلی خۆیان کرد بە جوندبیلاد و ناوی دروزیان لەخۆیان نا و جلی عەرەبیان لەبەر کرد و زۆربەیان بوون بە عەرەب

بەڕێزان، داگیرکەرانی کوردستان هەر بەوە نەوەستان وڵاتەکەمان داگیربکەن و سامانی سەر زەوی و ژێر زەویمان بەتاڵان ببەن، زمانیان تێك داین، دیرۆکیان شێواندین و هونەر و ئاوازیان کرد بەهی خۆیان.

دڵمان بەوە خۆش بوو کە دەمانگوت ئەمانە گرنگ نیە، چیاکان دۆستمانن، دەمانپارێزن، ئێمەش لە بن ئەو چیایانەدا زمانەکەمان دەپارێزین، کە ڕەمزی بوونی نەتەوەییمانە، بەداخەوە کە دۆزی کورد لە جیهاندا گەیشتووەتە لوتکەی بەرزی ئامانجەکانمان بەڵام دوژمن دوند و لوتکەی چیاکانیان داگیر کرد و ( کردیان بەقەرەقۆڵ و پاسگا )
بۆ ئەوەی گەلەکەمان بێ مۆڕاڵ و ورەڕوخاو بکەن .

لەلایەکی تریشەوە کار لەسەر دەرونناسی و پارچەپارچە کردنی  هەستی نەتەوەیمان دەکەن بەشێك لە زازاکان دەڵێن ئێمە کورد نین و زمان و ڕە گەزمان جیایە، بەشێکی تر لە لوڕ و بەختیارییەکان دەڵێن ئێمە زمان و مەزەبمان  جیایە و کورد نین، بەشێك لە برایانی ئێزیدیش  دەڵێن ئێمە کورد نین، دین و داب و نەریتمان لەگەڵ کورددا جیاوازە، هەندێکیشیان دەڵێن عەرەبین، هەندێکیشیان دەڵێن پاشماوەی بابلییەکانین، لەم دواییەشدا هەندێک لە برایانی هەورامی دەڵێن زمانی هەورامی، زمانی کوردی نییە و زمانێکی سەربەخۆیە و هەندێکیشیان گومانیان لە کوردبوونی خۆیان هەیە

بەڕێزان، ڕاستییەکەی هەورامی و لوڕی و ئێزیدی و زازاکی لە پێكهاتە بنەڕەتییەکانی دروستبوونی نەتەوەی کورد و زاراوە جیاجیا کانی زمانی شیرینی کوردین، دوژمن و جوگرافیا و خۆشمان دەورمان هەبووە لە پارچەپارچە بوونی خاك و زمانەکەماندا، بەڵام گەلی کورد وەکو ئەڵماس وایە هەتا بیگووشی و بچوکی کەیتەوە بریقەدار و بەنرختر دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی