حکومەت نیشتیمان نیە

د. ئەرسەلان بایز

14-11-2021

4513جار خوێندراوەتەوە


کــۆڵــەپــشـــت (114)

نیشتیمان و حکومەت دوو دیاردەى بەیەکەوە لکاوو لە یەکتریش جیاوازن. نە هیچ حکومەتێک بێ نیشتیمان و نە نیشتیمانیش بێ حکومەت دەبێت. حکومەت ئیدارەیەکى سیاسیە دێت و دەڕوات، هیچ حکومەتێک نەمر نیە. بەڵام نیشتیمان مێژوو، جوگرافیا، خاک، ئێسک و پروسکى باوو باپیرانەو جێگیرە. حکومەت جۆراو جۆرە. دکتاتۆر، دیموکراتى، خزمەتگوزار....هتد. بەڵام نیشتیمان یەک نیشتیمانە. حکومەت ئیدارەى خەڵک و خاکى نیشتیمان دەدات. بەڵام دکتاتۆرەکان زیانى پێدەگەیەنن. دیموکرات و خزمەتگوزارەکانیش پارێزگارى لێدەکەن و بەرەو پێشى دەبەن.

لە وڵاتانى دواکەوتوو، وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست حکومەت و نیشتیمان لە یەکتر جیاناکەنەوە. بۆیە دەکرێ مرۆڤ گلەیی لە حکومەت بکات و ڕقى لێى بێتەوە. بەڵام هەرگیز ناکرێ ڕقى لە نیشتیمانى خۆى بێتەوەو زیانى پێبگەیەنێ. گەورەترین هەڵەى مرۆڤەکانیش ئەوەیە کاتێ لە حکومەتەکانیان توڕە دەبن پەلامارى نیشتیمان دەدەن، لە برى حکومەت تۆڵە لە نیشتیمان دەکەنەوە. پێوەندى حکومەت بەو زانکۆو نەخۆشخانانەو فەرمانگەکانى حکومەت چیە کە ساڵەهایە بە قووتى خەڵک دروست کراون، کەچى لەکاتى توڕەبوون لە حکومەت پەلامارییان دەدەین و تاڵانى دەکەن و دەیسوتێنن.

مرۆڤە ڕۆژهەڵاتیەکان عەقڵیەتى خاوەندارێتى (مُلکیە) گشتیمان نیە. هەر تەنیا ماڵى خۆمان بە مولک دەزانین و بە توندى پارێزگارى لێدەکەین و پاک و خاوێن ڕاى دەگرین. کەچى ڕۆژانە نایلۆن و شووشەو پاشماوەکانى ماڵەوە فرێدەدەینە سەر شەقام و کۆڵانەکان. ڕۆژێکیان ئۆتۆمبێلێک لە یەکێ لە شەقامەکانى شار کیسە نایلۆنێکى فڕێدا. یەکێکى تر هاوارى لێکرد بۆ فڕێى دەدەیت. کەچى لە وەڵامدا بەگاڵتە پێکردنەوە وتى: دەتوخوا هەڵى بگرەوە.

کەم کەسیش هەیە لەکاتى سەیران و گەشتەکانیش پاشماوەى خواردنەکانى خۆیان پاک بکەنەوەو لە شوێنى دیارى کراو فڕێی بدەن. بەڵکو هەر لە شوێنى خۆى جێى دەهێڵن. ئەمە بەڵگەى هەست نەکردنە بە لێپرسراوێتى بەرامبەر نیشتیمان.

(روبرت فیسک) بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا. ماوەى سى ساڵ لە وڵاتانى عەرەب ژیا. لە بارەى ژیانى دەوڵەتانى عەرەب و پێوەندییان بە نیشتیمانى عەرەبیەوە دەڵێ: ئایا دەزانن بۆچى عەرەب ماڵەکانى خۆیان پاک و خاوێن ڕادەگرن بەڵام شەقام و کۆڵانەکانیان پیس و پۆخڵە...؟ چونکە هەستى نیشتیمانپەروەریان لاوازەو وا دەزانن هەر تەنیا ماڵەکە هى خۆیانە. لە داخى ڕەفتارەکانى حکومەت نیشتیمان بە موڵکى خۆیان نازانن بۆیە بایەخ بە پاک و خاوێنى نادەن. بگرە گەلێ جار زیانیشى پێدەگەیەنن. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی