پۆڵەندییەکان ئەمەکدار نەبون بەرانبەر بەکورد

زیاد نعمان محمود

13-11-2021

5814جار خوێندراوەتەوە


ئەوەی لەم چەند ڕۆژە بووەتە باسی میدیا جیهانییەکان و نێوخۆییەکان ڕەوشی کۆچبەرانی کوردە لە سنوری وڵاتی پۆلەندا، ئەو کۆچبەرانە لەلایەن سوپای پۆلەنداوە مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەکرێت، پۆڵەندییەکان میواندۆستی کوردیان لەبیرکردووە لەجەنگی دووەمی جیهانی کاتێک لە ئەیلولی ساڵی 1939 وڵاتی پۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیا و یەکیەتی سۆڤیەتەوە داگیرا، بەشێکی زۆری پۆڵەندییەکان کەدژی سوپای ئەڵمانیا بوون پەیوەندیان بە هێزەکانی سوپای بەریتانیاوە کرد بە سەرکردایەتی جەنەراڵ (سیکۆرسکی) و ئەو پۆڵەندیانە هێنران لە عێراق و کوردستان نیشتەجێ کران. بەتایبەتی لە کەرکووک و خانەقین ، ژمارەیان نزیکەی (48.000) کەس بوون کە ژن و مناڵیشیان لەگەڵ بوو.

 لەچەند ئۆردۆگایەکی دەوروبەری خانەقین نیشەجێ بوون، ئەو پۆڵەندیانە چەندین کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتیان بۆ خەڵکی شاری خانەقین دروستکردبوو، وەکو جەنجاڵی و گرانکردنی نرخی کاڵا و خواردەمەنی لە بازاڕی شارەکە، زۆرجار ئەو سەربازانە بە مەستی هاتوونەتە نێو شاری خانەقین و ئەوەش ببووە مایەی نیگەرانی شارەکە، وێرای ئەوەش بەردەوام دەچوون بۆ کەنیسەی نێو شاری خانەقین بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئاینیەکانیان. سەربازانی پۆلۆنی نەخش و هێمای سەربازی خۆیان لە شاخی کەلاتی نزیک لە خانەقین بەجێهێشتووە تاکو ئیستاش ماوەتەوە، نزیکەی 100 گۆڕیشیان لەوێ ماوەتەوە بۆماوەی ساڵێک لەخانەقین ماونەتەوە. 

ئەوەی ئێستا لەسنوری پۆلەندا دژ بەکۆچبەرانی کورد دەکرێت بێ ئەمەکیی ئەو وڵاتەیە بەرانبەر بە میوانداریەتیی کورد بۆ لێقەوماوانی ئەو وڵاتە لە جەنگی دووەمی جیهانی، پێویستە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمیەکانەوە ئەو وڵاتە لەو هەڵوێستە مێژووەی کورد لەگەڵیان کردویەتی ئاگادار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی وەکو وەفایەک بۆ ئەو هەڵوێستەی کورد کارئاسانی و یارمەتی مرۆیی پێشکەش بەو کۆچبەرانە بکرێت. 

کۆمەڵێک وێنەی سەربازانی پۆلەندی لە خانەقین و شوێنەوارەکانیان.

مامۆستا لەزانکۆی گەرمیان


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی