پێناچێت دۆخی عێراق بەگەمەی دیموکراسی و بێگەردکردنی ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ھێرشەکەی سەر ماڵی کازمی و ھێرشەکانی پێشوتری سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەرخەری ئەوەن لەپۆستداعشدا ئەگەری یاریەکی ئاگرین ئەگەرێکی کراوەیە.
ناسەقامگیری ماڵی ھەریەکێک لە 3 پێکھاتە سەرەکیەکەی عێراق و 2 جەمسەرە سەرەکیەکەی کوردستان ناسەقامگیرییەکی عێراقی و کوردستانی لێدەکەوێتەوە و نەک دەرفەت ناخاتە بەردەمیان بەجیاوازی "وەکو گروپە ئۆلیگارشیەکانی ھەمو ئەو پێکھاتە و جەمسەرانە دەیبینن" بەڵکو وەکو دەردەکەوێت دەتوانێت خولقێنەری مەترسی و ھەڕەشەیەکی پێکەوەییش بێت.
کورد شەڕی ناوخۆی تێپەڕاند بەڵام ھەتا ئەم چرکەساتەش کوردستان تاڵاوی دابەشکاری دەچێژێت، سوننە سەردەمی داعشی تێپەڕاند بەڵام زوڵمەت و تاریکایی ئەو ڕێکخراوە ھەتا ئێستا ڕوناکی بەرەبەیانێکی ڕونی لەو ناوچەیەدا بەدوا نەھاتوە، لەولاشەوە لەبەردەم تەڵەزگەی کارەستباری سێھەمداین کە پەشێویی و ڕو لەپەرتی و نانەوەی ئاژاوگێڕی ناوماڵی شیعەیە.
ئێستا عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە لەبەردەم ئاگر و ئافات دایە، لەنێوان دو گەمەی ئاگرین و دیموکراسیدا لەدوڕیانێکی چارەنوسسازدا وەستاوە و لەخۆباییبونی ھێزە سەرکەوتوەکان و نائومێدی ھێزە شکستخواردوەکان تەنگی پێ ھەڵچنیوە، لەم نێوەندەدا دەرەتان و دەروی دەرچون لەم ئاگر و ئافاتە تەنھا سازانە، سازانێک لەنێوان شایستەیی ھەڵبژاردن و شایستەیی مەیدانی, کە باکگراوندی مێژویی و پاوەری ھەنوکەیی مەوجود تیایدا بەرکارە و گرنتۆر و گرێدراوی نەوەستانی ڕەوڕەوەی ئێستای عێراق و کوردستانە و دیفاکتۆیەکی واقعی و بەرجەستەشە و گرنگە بۆ ئەم قۆناغە ڕاگوزەریەش ڕەچاوبکرێت.کورد وتویەتی "ئاگرە سورە لەخۆم دورە" بەڵام بەڕاستی بۆ ئەم مەنجەنیقە وانیە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی