ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن

محمد ئەمین پێنجوێنی

3-11-2021

5192جار خوێندراوەتەوە


سەعید قەزاز و هەڵوێستێکی مەردانە
من بە گەنجی و لە زەمانی هەرزەکاریمدا سەعید قەزازم بە دڵ نەبوو، چونکە ئەو زەمانە کەشوهەوای چەپگەرایی هەموو گەنجەکانی سەرقاڵ کردبوو، سەعید قەزازیش وەزیری حوکوومەتی نوری سەعید بوو، کە بەرهەمی ئینگلیز (ئیستعمار )بوو.

 :بەڵام ڕقم لەو پیاوە نەدەبوەوە لەبەر دوو هۆکار،  یەکەم  هەڵوێستێکی پیاوانە و مەردانەی هەبوو بەرانبەر بە رەحمەتیی باوکم،  دووەم: لە کاتی لە سێدارە دانیدا هەڵوێستێکی ئازایانەی نواند، کە گوتی: من ئێستا لە سەر کورسی سێدارە وەستاوم خۆم لەوانە بە گەورەتر دەزانم کە حوکمی سێدارەیان بۆ دەرکردووم ( هەرچەندە ئەمە شیعری شاعیرێکی ئێرانی (ناسر خەسرەو) ە ،کە لە لە سەر ناکۆکیی مەزهەبی ملی کرا بە دارا، شەهیدی نەمر (قازی محەمەد)یش لە کاتی لە سێدارەدانیدا هەمان شیعری گوتۆتەوە و چەندین کەسی قارەمانی دیکەش لەبەر پەتی لە سێدارەداندا بە دەنگی زوڵاڵ و ئاوازەوە گوتویانەتەوە ( ئەمەش شیعرەکەیە بە فارسی ::-

(خوشا روزی که خود را بر سر دار فنا بینم
خودم را در بلندی عالمی را زیر پا بینم
نمیخواهم کسی با یار من هرگز سخن گوید
اگر چه قاصد من باشد و پیغام من گوید
نمیخواهم به قبرستان رود آن یار دلبندم
که شاید مرده ای برخیزد و با او سخن گوید) ) .

بابێینەوە سەر باسی (سەعید بەگ قەزاز) باوکم بازرگانیی لە نێوان ئێران و عێراقدا دەکرد، ساڵانە سەدان لۆری کاڵا و شمەک و خۆراکی لە مەرزی باشماخ و پێنجوێنەوە هاوردە و هەناردە دەکرد، ئەم کاڵایانە هەندێکیان گومرگ دەکرا و هەندێکیشی بە ( بەرتیل ) ئاودیو دەکرا، جارێک کاروانێکی گەورەمان خستە ڕێ کە زۆربەی سامانەکەی باوکم و هاوبەشەکانی تێدابوو، بە فەرمانی ( موتەسەریفی سلێمانی عومەر علی ) دەستی بە سەردا گیرا و هێنرایە سلێمانی، باوکم هەوڵێکی زۆری دا هیچ سوودی نەبوو، چونکە برا گەورەکەمان شیوعی بوو، هەموو دەرگەکانی ناو حوکوومەت بە ڕووماندا گیرا بوو،  باوکم بە ناچاری پارێزەرێکی ئەو زەمانە کە ناوی (سدیق نەقاش )بوو بە پارەیەکی زۆر، گرت  وئەم کارەی گرتە ئەستۆ، بەڵێنی دا کە لە ناو (بیلاتی مەلەکی) هەوڵ بدا  کاروانە گیراوەکەمان ئازاد بکات، ئەو هەوڵێکی زۆری دا بەڵام بێئاکام بوو، دوایی پێشنیارێکی بۆ کردین کە باوکم بگەیەنێتە ماڵی سەعید قەزاز و بەڵکو ئەو کارێکمان بۆ بکات، هەر وایش بوو، باوکم منی لە گەڵ خۆی برد بۆ بەغدا،  پارێزەرەکە  بە ماشێنەکەی خۆی ئێمەی گەیاندە بەر ماڵی وەزیر، چیرۆکەکەمان لێرەوە دەست پێدەکات،  من ڕانکوچۆغەیەکی گرژاڵی هەورامی و جوتێ کڵاش و فەقیانەی چویتلیەوە دوو دووبەرهەنگوین کە لە شێوەی گۆزە دروست کرابوو خستبوومنە ژێر باڵەکانمەوە خۆمان کرد بە ماڵی وەزیردا، کە چووینە ژووروە پۆلیسێک هاتە  پێشوازیمان بە کوردی لێی پرسین بۆ چی هاتوون و چیتان دەوێ؟  گوتمان میوانی جەنابی سەعید بەگین باش بوو خۆی لە هۆڵەکەوە چاوی لێمان بوو، ئاماژەی بە پۆلیسەکە دا،  بچینە ژوورەوە کە منی بینی بەو جلە کوردیانەوە یەکسەر ئاماژەی بۆ کردم و بردمیە لای خۆیەوە و گوتی ئەمانە چییە هێناوتن؟ گوتم قوربان ئەوە هەنگوینی هەنگەکانی خۆمانە دیارییە بۆ ماڵی پاشا، بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک لە باوکم بکات گوتی: تۆ لە قوتابخانەی ؟ گوتم بەڵێ قوربان لە پۆلی چوارەم بە یەکەم دەرچووم،  گوتی:  لە مەکتەب چی فێر بوویت؟ چ سوود و کەڵکێکت لە قوتابخانە وەرگرتوە ؟ گوتم زۆر شت فێربووم و زۆر سروودیشم لە بەرە، گوتی: شتێکمان بۆ بڵێ!  منیش خێرا هەستامە سەر پێ و وەک چۆن لە پۆلدا هەڵیان ئەساندین بۆ خوێندنەوەی سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی و کوردستان کوردستان نیشتمانی جوان، بە ئاوازەوە کە زۆر باش لە بەرم کردبوو بۆم خوێندەوە، گوتی ئەی عەرەبی شتێک ئەزانی؟  گوتم بەڵێ ئەوەی لەبەرم کردبوو ( مەلیکونا مەلیکونا نەفدیکە بلئەرواح ) ئەوەشم بۆ گوت ئیتر هێنامیەوە لای خۆی و داینام  ودەستێکی هێنا بە سەرما، گوێم لێ بوو لە کاتی شیعر خوێندنەوەکامدا لە ژورەکانی ترەوە دەنگی ژن و منداڵ دەهات وەچەپڵەشیان بۆ لێ دام  ئینجا ڕووی کردە باوکم ها حاجی خێرە؟ ئەویش حاڵ و مەسەلەی بەسەرهاتەکەی بۆ گێرایەوە، هەرلەوێوە تەلەفونی کرد بۆ موتەسەریفی سلێمانی، دوایی ڕووی لە باوکم کرد و گوتی تۆ کوڕت هەیە شیوعی بێت؟ بەڵێ قوربان کوڕی ترم هەیە بەڵام نازانم چین، ئەڵێن سیاسین .

گوتی من فەرمانم دا شتەکانتان بدەنەوە، ئەوەیش لە بەر خاتری ئەم منداڵە زیرەکە،  پاشان پۆلیسە کوردەکەی بانگ کرد و گوتی: بیانبە بۆ هۆتێل شەهرەزاد و بەیانیش بڕۆ ئەم منداڵە بە بەغدادا بگێرە ،بیبە بۆ ئۆرزدی دواییش بیبە بۆ سینەما ،پاشان تەسلیمی باوکی بکەرەوە لە هۆتێل، خۆیشی قەڵەم پاندانێکی جوانی ڕەنگاو ڕەنگی دامێ کە هەتا ئەم دواییانەش وەک یادگار هەڵم گرتبوو،  پۆلیسەکەش بەیانی هات منی برد بۆ ئۆرزدی جوتێ پێڵاویان بۆ کڕیم ، چووین بۆ شەقامی رەشید لەوێ چوین بۆسینەما ( رۆکسی ) فیلمی ( سپارتا کۆس )م بینی، پێش ئەوەی لە ماڵی پاشا بێینە دەرەوە لە باوکمی پرسی کێ ئێوەی هێنایە بەر ماڵی ئێمە؟ ئەویش وتی پارێزەر سدیق نەقاش، گوتی حاجی پارەی زۆری لێ وەرگرتی؟ ئیتر باوکم وەڵامێکی دایەوە بە ڕاستی نازانم چۆن بوو خواحافیزیمان لێ کرد و هاتینە دەرەوە .
ئیتر من چۆن ڕقم لە پیاوی وابێت !!!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی