نێر و مێ، ئاوریشمی خەون و خەیاڵ

سلێمان عەبدوڵا یونس

27-09-2021

10278جار خوێندراوەتەوە


بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی لە بەریەککەوتنی سیاسی دژوارترە، لەڕاستیدا کۆمەڵگایەکی جێگیر، پێش دامەزراوەکانی دیکەی پێویستی بە پاراستن و گەشەپێدانی نۆرم و بەھا و خەسڵەتە جوانە کلتوری و کۆمەڵایەتیەکانیەتی. 

کوردستان چەندە بەدەست کێشە سیاسی و گرفتەکانی بەڕێوەبردنەوە دەناڵێنێت، زۆر لەوە زیاتر، گیرۆدە ھەڵوەرینی پرنسیپە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانیەتی. لەم نێوەندەدا خێزان وەکو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی ھەرە گرنگ، توشی داڕوخانی مەترسیدار ھاتوە و لەبری ئارامی و ئاسودەیی، بوە بەشوێنی پشێوی و پەشێوی .

 لەناو خێزاندا، گفتوگۆی نێوان ھاوسەران و جۆری پەیوەندیان، لەدەسپێکی یەکەمدا گرنگترین ھێزی ئاڕاستەکردنە.لەم دیدەوە گرنگە؛ لە دیبەیتی نێوانیاندا؛ بەتایبەت ئەوکاتانەی کێشەکان بەرەو دو ئاقاری بیرکردنەوەی ئاڵۆز دەڕۆن،  پیاو بۆئەوەی لەژن  تێبگات ، ساتێک وەکو ژن بیربکاتەوە. ژنیش بۆئەوەی بتوانی لە دنیابینی پیاو تێبگات بۆ چەند چرکەیەک بەچاوێکی پیاوانەوە بڕوانێت!

لەڕاستیدا جیاوازی نێر و مێ لەبینین و بیرکردنەوەدا نەک گرفت نیە، بەڵکو سەلمێنەری تەواوکاری پێویستیانە بۆیەکتر. بەڵام گرنگیشە ھەردولا بیریان بێت لە ژیانی پێکەوەیی نێوانیاندا، بەشێوەیەکی واقعی سەیری دنیاکەبکەن، لە سنوری ئازادیەکی ڕەوا و لەچوارچێوەی خەیاڵێکی مرۆیی پیرۆزدا، بۆ خەونە ھاوبەش و جیاوازەکانیان بژین و بتوانن ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی ناڕاگەیندراوی موقەدەس دەستەبەر بکەن و لەئاوێتەی دنیابینی ھەردوکیشیاندا، ڕێگایەکی ئاوریشمی بۆ تێگەیشتن و سازانێکی ڕەگەزیی ھاوسەنگ و ھەمیشەیی بدۆزنەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی