تاران دەرگای بەغدا بۆ نێچیرڤان بارزانی و بەرھەم ساڵح دەکاتەوە؟

تەنیا کوردی

6-08-2021

19714جار خوێندراوەتەوە


سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ تاران، لە ھەمان تەوقیت ئامادەیی سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ  کە کوردە لە تاران، جگە لە نەریتێکی پرۆتۆکۆڵی چەندان پەیامی نھێنی بەدوای خۆیدا ھێنا کە کاریگەری سەردانەکە لەسەر ھەیکەلی سیاسی حوکمڕانی عێراق بە ئاشکرا دیارە، لەگەڵ ئەوەی کە دەرچەی نوێی ئابووری نێوان ھەولێر و تاران لە ھەسترین قۆناغدا دەباتە بەردەم لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە رەنگە لێکەوتەی ئەرێنی جیوگرافیشی لێ بکەوێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندی ھونەری دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانی کە ھەمیشە لە تەوقیتی گونجاودا دەگاتە شوێنی مەبەست و ھەرخۆیشی پاڵپشتی سەرۆککۆماری عێراق لەم دیپلۆماسیەتە ھێڵی ھەولێر بۆ بەغدا تەکمیل دەکات. ھەرخۆی دوو پەیام روونە:

 یەکەم، بەم سەردانەو ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پێشوازی سەرۆکی ھەرێمدا، پەیامێکی سیاسی ھەیە کە لە داھاتووی ناوچەکەدا ئێران لاری نابێ لە داننان بە گەشەکردنی پێگەی ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا بەو مەرجەی رێڕەوی دیپلۆماسی و پێوەندی ئابووری نێوان ھەولێر و تاران بچێتە لوتکەیەکی باش بەبەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە.

دووەم، ئێران ھاندەر دەبێ لە چارەکردنی کێشەکانی کورد لە عێراقی فیدڕاڵدا بەو مەرجەی کە لێکتێگەیشتنەکە لەسەر حسابی شیعەی سیاسی نەبێت.

پەیامی کورد بۆ ئێران ھەمیشە روون بووە، کە دەستنەخاتە نێو کاروباری سیاسی ھەرێمەوە، دەکرێ دراوسێیەکی نزیک بێت نە دراوسێیەک کە خاوەنی بڕیار بەسەر پێگەی ستراتیژی ھەرێمەوە، ھەر خۆی ھەولێر سندوقێکی رەشی زانیاریی نێو دەوڵەتییە کە بووەتە ترافیکێکی دیپلۆماسی ناوچەکە، ئێرانیش دەیەوێ لەم سندوقەو لەم ترافیکەدا بوونی ھەبێت بۆچی؟

لە وەڵامدا بۆ ئێران مەعلومە رێککەوتن لەگەڵ کورد قازانجی زیاترە لە سازشکردن بۆ تورکیا، چونکە ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شنگال و مەخموور و کەرکووک و خانەقین، ئەوا بەدڵنیایەوە ئێران لە عێراقدا دەبێتە دراوسێی تورکیا، چونکە بەبیانوی پەکەکە تورکیا دێتە ژوورەوە، بۆیە باشترین چارەسەری سیاسی بریتییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا کە ئێران ھاوکاربێ لە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە و، لەگەڵ سوپای عێراق لە خاڵی ھاوبەشدا بن، ئەمەش دوو خاڵی گرینگە بۆ کورد کە دیپلۆماسیەتێکی سەرکەوتووتر وێنا دەبێ لەوەی کە تورکیاو ئێران وەک دراوسێ مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکەن، نە دەستوەردان، ھەرخۆی دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی وایە کە بە تابلۆیەکی کوردستانی لە سەرجەم حزبە بەشداربووەکانی حکوومەت، نیشانی ئێرانی دا کە ئێمە تەباین، ھەر خۆیشی خاوەنی ھێزێکی دیپلۆماسی ھاوسەنگە، نێچیرڤان بارزانی دەزانێ ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان لە تاران بێت یان ئانکارا لە بەغدا بێت یان سعودیە، دەتوانێ ھاوسەنگیان بکات، زیاتر لەمەش تێگەیشتووە کە کلیلی دەرگای بەغدا لە تارانە، ھەر بۆیە بە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەتوانێ دەرگای بەغدا بکاتەوە بۆ ھەندێ پەڕاوی دیکەی سیاسی کە رەنگە تەوقیتەکە گونجاو بێت بۆ سیاسەتکردنێکی پێشوەختە لە بەغدا کە لە دوای ھەڵبژاردنی عێراق وێنە گەورەکەی ببینرێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی