هەواڵی ئەمڕۆ

چاکسازی لە کوێوە بۆ کوێ؟

بەهرە حەمەڕەش

4-08-2021

8636جار خوێندراوەتەوە


واتای چاکسازی ئەو پرۆسەیە، کە هەست بە هەبوونی کەموکورتی دەکرێت. بە جۆرێکی تریش دانپێدانانە بە هەبوونی هەڵە و کەمتەرخەمی و گەندەڵی لە سیستەمدا، چونکە جیاوازی چاکسازی و شۆڕش ئەوەیە، کە شتێک هەیە پێویستی بە روخان نییە، بەڵکو پێویستی بە چاککردنە. کەواتە شۆڕش لە ئەلتەرناتیڤ دەگەڕێت، بەڵام چاکسازی کار لە سەر دەزگایەک دەکات، پەیوەستە بە مێژوو و خەباتی ئەو پرۆسە یان دەزگایە. بۆ پێکانی ئەم مەبەستەش، پێش ئەوەی چاکسازی لە بواری پراکتیکی بکرێت، دەبێ دەست بە چاکسازی هزری و هوشیاری بکرێت، چونکە رێگەگرتن لە گەندەڵی پێویستی بە شیکردنەوەیە لە بواری تیۆری و بەرچاوروونییەکە. کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا، پڕۆژەیەکە بۆ چاکسازی، کاتێک مرۆڤەکان ئەرک و مافیان ناسی، پرەنسیپەکانیان دژی بەهەدەردانی ماڵی گشتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگە بوو، دەست نابەن بۆ کارێک، کە زیان لە کۆمەڵگە و بەرژەوەندی گشتی بدات. بۆیە ئەگەر شیکردنەوە بۆ کەسانی گەندەڵ بکەی دەبینی، کە کەسانی بێ پرەنسیپن لە بوارەکانی نەتەوەیی کوردستانی و کۆمەڵگە دواجار ئەوە ناو خێزانەکانیشیان شۆڕبووەتەوە و ناکۆکن، واتە مەترسییان لە سەرجەم کایەکان دروستکردووە و تەونی کۆمەڵایەتییان تێکداوە.

کاتێک هەنگاوەکان بەپێی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی بنرێن، درک بەوە دەکرێت، کە ئەو دەزگایانەی بونیادی کۆمەڵگە پەیوەندی پتەویان بەیەکەوە هەیە و کاریگەرن لە سەر یەکتر، کاتێک بتەوێ چاکسازی ئیداری بکەی بەبێ کارکردن لە سەر بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی ناکرێت، سەرووی هەموویان دەبێت چاکسازی هزری و هوشیاری نەتەوەیی و هاوڵاتیبوون بکرێت.

ئاستی گەندەڵی و خراپی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چەند بەرزە، ئەوەندە پێویستی بە بیرکردنەوە و شیکردنەوە لە سەر رێگای چارەسەر هەیە. چاکسازی ئەوەیە، کە هەر لایەک ناچار بکرێت پێداچوونەوە بە هەڵەکانیدا بکات، چونکە ئەو لایەن و پێکهاتانەی، کە باشور بەرێوەدەبات، هەر لایەک بە پێی سەنگ و رۆڵی خۆی، گوناهباری گەندەڵی و نادادپەروەری بەردەکەوێت. ئەگەر بتوانین لە سەرچاوەی دروستبوونی ئەم رەوشە بکۆڵینەوە، ئەو لایەن و سەرچاوانەی، کە دەبنە هۆی ئەم رەوشەی، کە ئێستا لە باشور هەیە، کەواتە رێگاچارەمان دۆزیوەتەوە، چونکە هەمیشە دەستنیشانکردنی ئەگەرەکانی هەر کێشەیەک دەبێتە نیوەی چارەسەر.

تێکەڵکردنێکی دیکە لە تێگەیشتنی سیاسی و نوخبەی ئێمە هەیە، کە هەنگاوە دروستەکانی چاکسازی بە جۆرێک رەتدەکەنەوە، بەشێکیش وەک پرۆسەی تۆڵەسەندنەوە وێنای دەکەن. بیرمان بێت، کاتێک دەست بە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی دەکرێت، هەنگاوی دوای هەڵمەتی هوشیاری و لێکۆڵینەوەی زانستی، دەبێ لە خودی حزبەکانەوە دەستپێبکرێت، چونکە مۆدیلی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی خستنە مەترسی ئەم ئەزمونە، لە ناو خودی حزبەکانەوە دەستیپێکرد. کاتێک کاربەدەستە حزبییەکان بەبەرچاوی خەڵکە و لە ماوەی ساڵێکدا بوونە و خاوەنی پارەی خەیاڵی و بە بینا بەرزەکانیان ژینگەی باڵندە و پەپولەکانیان تێکدا بوونە نموونەی خراپی چاولێکەری و کوشتنی ئینتیما لە وڵات. ئیتر ئەگەر ئیرادەی چاکسازی راستەقینە هەبێت، لە ناو خودی حزبەکانەوە و لە چاکسازی هزر و پرەنسیپەوە دەستیپێبکرێت، دەبێتە چاکسازییەکی پارتنەری. هەرچەندە پرۆسەی چاکسازی دەبوایە زۆر بەر لە ئێستا ئەنجامبدرایە، بەڵام درەنگ کەوتن باشترە لە نەکردن!

مەترسییەک تر ئەوەیە، کە ئێستا جیا لە سیاسییەکان نوخبە و رۆشنبیر بە جۆرێک لە گەندەڵییەوە گلاون، کە دنیا دەکەنە رەش و سپی لە بەرچاوی گشت و گەندەڵکار و بێ دەسەڵات وەکو یەکتر وێنا دەکەن. گەندەڵی بەهەدەردانی ماڵی گشتی بۆ بەشێک بە رەواو بۆ بەشێک بە ترسناک پیشان دەدەن، لە کاتێکدا خودی خۆیان سودمەندی ئەو بێسەروبەری و گەندەڵییەن. بە جۆرێک لە جۆرەکان، خیتابەکانیان بۆ رێگریکردن لە چاکسازی راستەقینە بەکاردەهێنن. ئەمەش خزاونەتە ناو زانکۆ و هۆڵەکانی خوێندن و پەروەردە، لە سەر ئاستی مەعریفی بەهۆی زانکۆ و پەروەردە، چونکە دانانی کەسی ناشیاو بۆ شوێنی شیاو، سەرچاوەی هەرە گەورەی گەندەڵییە، کە پێیدەگوترێت گەندەڵی لە فکر و پرەنسیپدا.

بەهۆکاری ئەمجۆرە لە سودمەندانی گەندەڵی، خەڵک بەجۆرێک چەواشە دەکرێت، کە لە جیاتی هاوکاری پرۆسەی چاکسازی، دژی دەبێت لە کاتێکدا ئەو گەندەڵییەی تا ئێستا کراوە، بەشێکی زۆری لە سەر حیسابی قوتی هاوڵاتییان بووە. بەهۆی ئەم چەواشەکارییەی، کە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیران دروستیانکردووە، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە هاوڵاتییان دژی هەنگاوەکانی هەر چاکسازییەک بن، بەشێکیش تەماشاکاربن. هەروەها بێدەنگی لە سەر ئاستی تاک و گروپ و پارتەکان، خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە جەستەی گەندەڵی.

خاڵێکی تری جێی ئاماژە ئەوەیە، کە ئۆپۆزسیۆن بەهۆی هەڵپەیان بۆ چوونە دەسەڵات، لە کوردستان شکستی هێناوە. هەموومان بینیمان ئۆپۆزسیۆن دروستبوو، دروشمی گەورەی بەرزکردەوە، بەڵام لە ئەنجامدا ئەگەر خراپتر نەبێت، باشتر لە دەسەڵاتیان نەکردووە. ئەم رەفتار و دیاردانە، جۆرێک لە بێباوەڕی لە ناو تاکی ئەم کۆمەڵگەیە دروستکردووە.
خەڵک ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک بە داخەوە کە بڕوای بە هیچ شتێک نەماوە، لە بەرئەوە دەبێت ئەم پرۆسسەی چاکسازی قۆناغ بە قۆناغ و دەرفەت بە دەرفەت، بە پراکتیکی بیسەلمێنێت، بۆ ئەوەی خەڵک بگەیەنێتە قەناعەتێک، کە ئەمە چاکسازییەکی بنەڕەتی و دروستە.

پێویستە جیا لە چاکسازی ورد، حزبە دەسەڵاتدارەکان، بەردەوام کار لە سەر ریفۆرم بکەن، جونکە بابەتێکی ئاسانترە لە چاکسازی و تەنیا گۆڕانکارییە لە فۆرم. دیالەکتیکی ژیان لە نێوان رەش و سپی، واتە دەستنیشانکردنی قۆناغێک نییە، ریفۆرم دەبێ لە گەڵ ژیان بەردەوام بێت، چونکە جۆرێکە لە ئەکتیڤکردنی دەزگاکان. یان دەرئەنجامی هوشیاری بونەوەرە، بەرامبەر بە کار و کاردانەوەکان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی