کورد وەک گەلێکی بێ ئەزمون!
لە کوشتنی ئینتیماوە بۆ هەرزانفرۆشکردنی خاک

بەهرە حەمەڕەش

23-07-2021

9998جار خوێندراوەتەوە


ئەزمون بریتییە لە کەڵەکەبوونی مێژوو و سود وەرگرتن و دانپێدانان بە شکست و سەرکەوتنەکان، چونکە لە واقیعدا مرۆڤ/ گەل، کۆمەڵگە، باجی ماددی و مەعنەوی شکست دەدات. بە هەمان شێوە چێژ لە سەرکەوتن دەبینێت. بە پێی مێژوو، گەلانی هوشیار دان بە شکست و سەرکەوتندا دەنێن و دەڵێن، ژیان دەرفەت دەداتە مرۆڤ، گروپ، یان پارت و میللەت، کە هەردوو حاڵەت بکەنە پەند و دەرفەتی دانپێدانان و پێداچوونەوە. کەواتە دەرئەنجامی هەموو شکست و سەرکەوتنێک رەوشێکی نوێ، تێگەیشتن و دنیا بینییەکی نوێ لە دایک بێت، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی خاڵەکانی شکست یان سەرکەوتنە.
لە سەرکەوتندا مۆڕاڵی کۆمەڵگە بەرز دەبێتەوە، لە شکستدا کۆمەڵگەی زیند

وو لە شکستدا تواناو هێز و عەقڵی بەکاردەهێنن و پەرەی پێدەدەن، بۆ ئەوەی قەرەبوی ئەم شکستە بکەنەوە ئەم پێی دەگوترێت فەلسەفەی مێژوو.
کورد خاوەن خەباتێکی بزووتنەوەی سەدساڵییە، بەڵام بێ ئەزمونە، چونکە لە گەڵ هەبوونی ئەم هەموو زانکۆ و پەیمانگە، دام و دەزگای پەیوەندیدار، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی جددی لە سەر هیچ سەرکەوتن و شکستێک نەکراوە (بەپێی زانیاری من). ئەوەی، کە تا ئێستا دەبینرێت لە سەرکەوتندا هەموو لایەک دەبێت بە خاوەن و لە شکستدا لۆمەی یەکتر دەکەن تا دەگاتە تۆمەت دروستکردن. ئەمە لە دەرەوەی عەقڵی مێژووی گەلانی زیندووە.

ئەگەر زۆر بە خێرایی ئاوڕێک لە کۆمەڵێک دەسەڵاتدارێتی کوردی لە قۆناغی جیاجیا بدەینەوە، لە شێخ مەحمود تا شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد تا ئەم دەسەڵاتەی ئێستا، بەپێی مێژوو خاڵی هاوبەش لە ناو ئەم هەموو ئەزمونەی کورد وەک  ناپاکی، نادادپەروەری، بێ وەفایی، پڕکردنەوەی پلە و پۆست بە میزاج و خزمایەتی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ چەوسانەندنەوەی خەڵکە، لە ناو دەسەڵاتەکان بە رێژەی جیاواز ئامانجە سەرەکییەکە، کە ئازادی عەقڵ و خاکە ون دەکرێت، لە ئەنجامدا ئەم ئەزمونە کەڵەکە نەبووە، کە ببێتە مێژوویەک یارمەتی ئەزمونی ئێستای حکومەتی هەرێم بدات.

نوسەر و رۆشنبیرانیش لە بوارە جیاجیاکان، دابەشبوون و هەریەکیان لە بەرژەوەندی گروپ و لایەنێک خەریکی زوڕنا لێدانە، ئەوانەش کە ویژدانیان نەفرۆشتووە زیاتر لە بواری تیۆری دەنوسن و نەیانتوانیوە نموونەی زیندوو لە ئەزمونی کورد بێنن و بیخەنە خزمەتی دوێنێ و ئەمڕۆ. 

ئاشکرایە کە هەریەک لەو چەمک و دەزگا و دامەزراوانەی، کە ئەمڕۆ هەمانە وەکو، حزب، گروپ، سەندیکا و دەستە و دامەزراوە بەرهەمی عەقڵی ئێمە نین، سەرەتا بە لاساییکردنەوە دەستمان پێکردووەو لە جیاتی ئەوەی لە درێژ ماوەدا بە عەقڵیەتێکی تۆکمەوە خۆماڵی بکەین و بیخەینە بەرژەوەندی نەتەوە فۆرمەکەمان سەقەت و سەقەتتر کردووە و لە سەر ئەو نەزانیینە دەڕۆین و بەردەوامین. لە جیاتی عەقڵ و دەرئەنجامی ئەزمونی عەقڵ، شتی ئامادەکراوی خەڵکمان وەرگرتووە. بۆیە سیاسەت، حزبایەتی، راگەیاندن و زانکۆ، تا ئێستا بە کۆمەڵگە نامۆن. کۆمەڵگەی نامۆبوو ناتوانێ دان بە هەڵەکاندابنێت و سود لە ئەزمونی خۆی و خەڵکی تر وەربگرێت. بۆیە وەکو ئێستا شتە بیانییەکان جێگای عەقڵیەت و کەرەستەی خۆماڵی دەگرنەوە. لە کاربەدەستێکەوە تا کەسێکی ئاسایی شانازی بە زمانی بێگانە و حاشا لە زمانی خۆی دەکات.

جل و خواردنی رەسەن بە تاقەتپڕوکێن و خواردنی بیانی بە بێوێنە وەسف دەکات. گوێ لە مۆسیقای بیانی دەگرێت و مۆسیقای کوردی بە ماوەبەسەرچوو دەزانێت. شوتی و تەماتەی بیانی دەکڕین و هی کوردیمان ناوێت و بەتەنز و نوکتە سوکی دەکەین، کاتێک هەموو ئەوانە دەکەین، لە ئاساییترین حاڵەتدا جوتیارەکان زیانمەند دەبن، هەست دەکەن، کە ئیتر خاک بۆ ئەوان گرنگ نییە، چونکە ژیانیان دابین ناکات و وابەستەبوونیان بەخاکەوە نامێنێ، ئینتیمایان بۆ لادێ و ئاو و رەز و باخ کەم دەبێتەوە لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر هەرزانفرۆشیشی نەکەن، دێن لە شار خانوێک دەکڕن و دەبن بە موچەخۆر. وەکو بەرپرسە هیچ نەدیوەکان میوەی بیانی دەکڕن و دەیبەن لە ناو رەز و باخەکانیان لە دانیشتنەکانیاندا مێزی پێدەڕازێننەوە. راستە چەمکی وڵات بریتییە لە خاک، بەڵام کە رەگی جوتیار لە گەڵ خاک نەما، ئینتیمای خەڵکیش بۆ وڵات و رەمزە ماددی و مەعنەوییەکان نامێنێ. کاتێک حزبە کوردییەکان ئەمەیان بە هەند وەرنەگرت و کەوتنە وێزەی ئینتیما کوشتنی خەڵک پێیانوانەبوو، کە ئەمە دەگاتە خۆشیان و خەڵکێک کە خۆیان بە خاوەنی دەزانی و چەندین ساڵ خەباتیان بۆ کرد و قوربیانیان بۆدا بە بێگانەی بزانن و خۆزگە بەسەردەمی دیکتاتۆرەکان بخوازن.

لە جیاتی سەرکردە کوردییەکان، پەسنی سەرکردەی بیانی بکەن. لە سەر خاکی خۆیان خۆیان بە میوان و بێگانە بزانن. یانیش پێیانوابێ لە هەرشوێنێ زەوییان هەبوو، ئەوێ نیشتیمانیانە.
سەرەڕای ئەم سیاسەتە خراپە لە بەردەم هێرشێکی گەورەی تەکنەلۆژیاین، کە وادەکات مرۆڤی کورد ببێتە جەستەیەکی بێگیان، ئەمجۆرە رەوشە رێگا خۆش دەکات، کە دەستی دەرەکی بکەوێتە ناوماڵی کورد و ناکۆکی لە نێوان حزبەکان و لە ناو خودی حزبەکانیش دروست بکرێت. پرسیاری جددی لێرە ئەوەیە، ئایا ئەم هەموو خەڵکە شارەزاو پسپۆڕەی، کە بەویست و بێ ویست لە ناو سیاسەتی حزبەکاندان، چەند درک بەم مەترسییە دەکەن؟ یانیش دەسەڵتداران تەنیا گوێ لە خەڵکێک دەگرن، کە پیاهەڵدان و داڕشتنی ناواقیعییان بۆ دەکات، چونکە کوشتنی ئینتیما، جۆرێکی ترە لە جینۆسایدی فکری و رۆحی خەڵک.

تا دووساڵێک بەر لە ئێستاش، کاتێک دەسەڵاتداران لە پۆستی جیاجیا قسەیان دەکرد دەیانگوت، حکومەتەکەمان ساوایە، کە ببوە قسەیەکی تەقلیدی و دواجار تەنز، بەڵام بە قەناعەتەوە ئێستا من دەڵێم حکومەت ساوایە، چونکە لە ناو یەک بە یەکی کابینەکانی حکومەت، کاتێک گۆڕانکاری لە ستافدا کراوە، تەواوی کار و پڕۆژەکانی پێشتر رەتکراوەتەوە و هیچ وەزیر و دەسەڵاتدارێک پڕۆژەوپلانی کەسی پێش خۆی تەواونەکردووە. ئەمەش وادەکات، کە ئەم حکومەت و عەقڵیەتی بەڕێوەبردنە هەر بە ساوایی بمێنێتەوە و گەشەنەکات، چونکە تێگەیشتنی کورد هەمیشە وایە، کە لە جیاتی وزە لە بەهێزکردنی خۆی خەرج بکات، لە لاوازکردنی بەرامبەر خەرجی دەکات. ئەمە شۆڕبووەتەوە ناو دام و دەزگاکانی راگەیاندنیش، کە جۆرێک لە تراژیدیای عەقڵ و خولانەوەیە لە بازنێکدا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی