1
رۆژی چوار شه‌ممه16-6-2021 دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ له به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كدا پیرۆزگاكانی به‌غدای له كازمیه‌و ئه‌عزه‌میه به‌سه‌ر كرده‌وه، به‌سه‌ركردنه‌وه‌و سه‌ردانی چه‌ند پیرۆزگایه‌كی گه‌وره پیاوانی شیعه‌و سونه له به‌غدایه‌كدا كه له دوای 2003ه‌وه گره‌و له سه‌ر ئه‌وه ده‌كرا عه‌لی و عومه‌ره‌كان له ناویدا یه‌كتر قڕبكه‌ن، هه‌نگاوێكی ئاكاری و به‌رپرسانه‌ی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه مرۆییه‌كه دروستبكرێته‌وه‌و ململانێ تائیفی و مه‌زهه‌بیه‌كه تا راده‌ی له ناوچوون كاڵبكرێته‌وه، به‌غدا ئه‌گه‌ر چی نه‌هامه‌تی و ده‌ردی سه‌ری زۆری بینیوه ،لێ سه‌نته‌رێكی گرنگی پیاوه ئاینیه ناسراوه‌كانی شیعه‌و سونه‌یه‌و گۆڕی پیاوچاكانی زۆری تێدایه، ئه‌و گۆڕ‌و پیرۆزگایانه‌ش بوونه‌ته جێهه‌وارو روگه‌ی هه‌زاران خه‌ڵك له سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه، چونی سه‌رۆك كۆمار بۆ چه‌ند شوێنێك له یه‌ككاتا ماناهه‌ره دیاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئیتر پێویسته مرۆڤی عیراقی له سه‌رده‌مێكی تردا بێت، كاتی ئه‌وه‌یه ململانێكان وه‌لابنرێن و سه‌رده‌می پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه ده‌ستپێبكات.
2
ئیمام موسای كازم و ئیمام محه‌مه‌د جه‌واد دوان له رێبه‌ره‌كانی دوازده ئیمامه‌كه‌ی شیعه‌ن، ئیمام موسای كازم حه‌وته‌م و ئیمام محه‌مه‌د جه‌واد نۆیه‌من، شیعه له سه‌رتاسه‌ری دنیا ئه‌و ئیمامانه وه‌ك روگه‌و پیرۆزگای خۆیان ده‌بینن، بۆ ئه‌وان به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه وه‌ك هاوسۆزی و هاوخه‌می بۆ روداوه‌كانی رابردوو لێكده‌درێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ردانه‌كه ده‌كات له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عیراقه‌وه بێت.
بۆ ئه‌وان ئه‌مه گرێدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی پساوه، په‌یوه‌ندیه‌ك له نێوان شیعه‌و سونه‌دا كه له زۆر لاوه هه‌وڵی تێكدانی دراو له‌و پێناوه‌شدا خوێنی زۆر ڕژا، به‌ڵام دوا جار كه‌سێك ده‌یه‌وێت به‌ر به‌و هه‌موو تاوانه بگرێت كه ده‌رهه‌ق به مرۆڤایه‌تی و ده‌رهه‌ق به شیعه‌و سونه و به‌غدا ده‌كرێت.
3
ئه‌بوحه‌نیفه‌ی نه‌عمان "ئیمامی حه‌نه‌فی "یه‌كێكه له چوار رابه‌ره‌كه‌ی سونه له دنیادا، سه‌رۆك كۆمار هه‌ر هه‌مان رۆژ نوێژگه‌و نزرگه‌و مه‌زاری ئه‌ویشی به‌سه‌ر كرده‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی پیاهه‌ڵدان و ره‌خنه‌دا ده‌كرێت په‌یامی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌زارگانه‌له یه‌ك رۆژدا ئه‌وه بێت كه نه‌ئیمام موسای كازم و محه‌مه‌د جه‌واد به ته‌نێ موڵكی شیعه‌ن و نه ئیمامی حه‌نه‌فیش به ته‌نێ موڵكی سونه، ئێوه كه ئێستا گرێدراوی ئه‌و رابردوه‌ن ده‌كرێت به هه‌مان پیرۆزی سه‌یری هه‌مووان بكه‌ن و سونه‌و شیعه‌ش پێكه‌وه خاوه‌نی ئه‌و رابردوه‌ن، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌و سبه‌ینێ ئاینده‌و به‌یانیه‌كی ئارام و بێشه‌ڕو شۆڵ بن.
سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه قسه‌و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ده‌كرێت پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین، ئایه عیراقیه‌كان شایانی ئه‌وه نین زیاتر ته‌باو پێكه‌وه بن و په‌یوه‌ندیه‌كی باشتر‌و دروستتریان هه‌بێت نه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی بورهان شاوی له مردو خانه‌كه‌ی به‌غدایا باسی ده‌كات.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی