نه‌وت.. ئه‌و دۆسێیه‌ى ئه‌بێت راده‌ست بكرێت

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

6-02-2021

13847جار خوێندراوەتەوە


لێدوانه‌كانى: ((ڕاده‌ستكردنى دۆسێى نه‌وت قابیلى قبوڵ نییه‌، داواكردنى دۆسێى نه‌وت نا ده‌ستوورییه‌، شۆفینى وڕگه‌زپه‌رستییه‌ ، هێڵى سووره‌.. شیعه‌گه‌راییه‌ ...)) به‌ گوێى گه‌وره‌ و پچوكماندا ئه‌درێت له‌ لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ، به‌ بێ ئه‌وه‌ى پێمان بڵێن ئه‌نجامى (ڕاده‌ستنه‌كردن) چى ئه‌بێت، كه‌سێكیان نییه‌ بتوانێت پیمان بڵێت كێ پرسى بودجه‌ و دۆسێى نه‌وتى هه‌رێمى به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاند. 

به‌ڕێزانى خاوه‌ن لێدوان ، ئه‌ندامانى هه‌ر لایه‌نێكى سیاسى بن ، پێشتر له‌ په‌رله‌مانى عیراقدا ده‌نگیان به‌ یاسایه‌ك داوه‌ به‌ ناوى ( یاساى كۆمپانیاى نیشتمانیى نه‌وتى عیراق ژماره‌ 4 ساڵى 2018)، ئه‌و یاسایه‌، موڵكدارى نه‌وت و غازى عیراق، له‌ ژێر چنگى لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى عیراق ده‌رئه‌هێنێت، ئه‌یكات به‌ موڵكى ده‌وڵه‌ت و هاولاتیانى سه‌رتاسه‌رى عیراق ، به‌ كوردستانیشه‌وه‌.

دواى ده‌نگدان به‌و یاسایه‌ ، به‌شێكى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ عیراق ، به‌ بێ ده‌نگى ، له‌ كورد و له‌ عه‌ره‌ب، كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنى یاساكه‌.. بۆ زانینى چیرۆكى ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ له‌ لایه‌ن سوودمه‌ندانى نه‌وت وغازى عیراق ، ئه‌بێت چه‌ند ته‌وه‌رێك بخرێته‌ ڕوو:

یه‌كه‌م / دژایه‌تیكردنى به‌ركاربوون و جێبه‌جبَكردنى یاساكه‌:

- یاساى (كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق) یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ ده‌ستوورى ویاساییه‌كانى ده‌وڵه‌تى عیراق، به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌، سامانى نه‌وت و غاز، له‌ ژێر چنگ و چه‌پۆكى لایه‌نه‌ سیاسى ونا سیاسییه‌كانى عیراقدا ئه‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

- دواى بڵاوكردنه‌وه‌ و به‌ركاربوونى (یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق) له‌ (ڕۆژنامه‌ى وقایعى عیراقى) به‌ ژماره‌ 4486 له‌ 9/4/2018 و به‌ركاربوونى ئه‌و یاسایه‌، لایه‌نه‌ سوودمه‌نده‌كانى نه‌وت وغاز له‌ سه‌رتاسه‌رى عیراق، له‌ ڕێگاى پارێزه‌ر وشاره‌زا یاساییه‌كانیانه‌وه‌، چون به‌ گژ یاساكه‌دا به‌ چه‌ند تانه‌ وداوایه‌ك، له‌به‌رده‌م  دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق.

-به‌ر له‌وه‌ى دادگاى باڵا دادبینى ئه‌و دۆسێیه‌ بكات ، كابینه‌كه‌ى عادل عبدالومه‌هدى (ته‌مه‌نى له‌ 24/10/2018 تا 1/12/2019 بوو) دامه‌زراندنى (كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق)ى خسته‌ ناو كارنامه‌ى كابینه‌كه‌یه‌وه‌ (له‌ ته‌وه‌رى سێیه‌م 1  - وه‌زاره‌تى نه‌وت  برگه‌ى 11 – 1) وبریارى دا به‌ گرتنه‌به‌رى ڕێكاره‌كانى دامه‌زراندنى كۆمپانیاكه‌ له‌ (25/10/2018) و ده‌ستبه‌كاربوونى كۆمپانیاكه‌ له‌ (25/10/2020). ئه‌وه‌بوو كابینه‌كه‌ى (عه‌بدولمه‌هدى) به‌ كارنامه‌كه‌یه‌وه‌ ، كرا به‌ قوربانى فیشه‌كى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌س نه‌یزانى سه‌ر به‌ كێن و خوێنى سه‌دان خۆپیشانده‌رانیان ڕشت، كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى نه‌ما، سوودمه‌نده‌كانى نه‌وت وغازى عیراق هه‌ناسه‌یه‌كى قوڵیان هه‌ڵكێشا، و هه‌نگاوى دامه‌زراندنى (كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى) له‌سه‌ر كاغه‌زى كارنامه‌ حكومیه‌كه‌ى (عه‌بدولمه‌هدى) مایه‌وه‌.

- له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق ، سه‌رجه‌م تانه‌كانى دژ به‌ یاساى (كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وت) تاوتوێ كرد ودادبینى تیادا كرد و له‌ (23/1/2019) بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى دا به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى چه‌ند بڕگه‌یه‌كى یاساكه‌ كه‌ تایبه‌تبوون به‌ هه‌ندێك ئامانج و ڕێكارى كاركردنى (كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وت) وچونیه‌تى په‌یوه‌ستبوونى به‌ دامه‌زراوه‌ فیدرالیه‌كانه‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ 10 بڕگه‌ى له‌ خۆگرت، ئه‌وه‌ى گرنگ بوو مافه‌ دارایى وئابووریه‌كانى یه‌ك به‌یه‌كى هاوڵاتیانى عیراقى له‌و یاسایه‌دا به‌ جێگیرى هێشته‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ى دادگاى باڵاى فیدرالى ، سه‌ر له‌نوێ سه‌رودڵى سوودمه‌ندانى نه‌وت وغازى عیراقى گرت.

- حكومه‌ته‌كه‌ى (مسته‌فا كازمى ) بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق، پرۆژه‌یاسایه‌كى هه‌مواركردنى (یاساى كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى) ئاماده‌كرد، و له‌ كۆبه‌نه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراق له‌ 17/8/2020 بڕیارى له‌ ناردنى پرۆژه‌ یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانى عیراق –دا به‌ مه‌به‌ستى په‌سه‌ند كردنى، به‌م شێوه‌یه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى (مسته‌فا كازمى) سووربونى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ دوپاتكرده‌وه‌، و دژایه‌تى سوودمه‌ندانى ئێستاى نه‌وت و غازى عیراقى بۆ خۆى مسۆگه‌ر كرد. 

دووه‌م / مافى هاوڵاتیان له‌ یاساى (كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق):

ئه‌وه‌ى بۆ هاولاتیانى هه‌رێم وعیراق گرنگه‌ له‌باره‌ى (یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى غیراق) بیزانن، ئه‌و بڕگانه‌ى كه‌ یۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان جێگیركراوه‌، هه‌مان مادده‌ وبڕگه‌ن كه‌ (سودمه‌ندانى ئێستاى نه‌وت و غازى عیراق) دژایه‌تى ئه‌كه‌ن، چونكه‌ خاڵى وه‌رچه‌رخانى ژیان و گوزه‌رانى تاكى هاوڵاتى و كۆى كۆمه‌ڵگه‌ دروست ئه‌كات، له‌ ده‌سته‌مۆیى ده‌سه‌ڵاته‌ جیاجیاكان رزگاریان ئه‌كات.

بڕگه‌ گرنگه‌كان ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌یه‌.

- له‌ خاڵى دووه‌مى بڕگه‌ى سێیه‌م له‌ مادده‌ 13ى یاساكه‌دا هاتووه‌:

ب – ڕێژه‌یه‌كى قازانج بۆ (سندوقى هاوڵاتى) دائه‌نرێت و ئه‌كرێت به‌ پشكى هاو به‌ها بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانى نیشته‌جێى عیراق، به‌ پێى له‌ پێشینه‌ى پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌، ونابێت كڕین و فرۆشتن به‌و پشكانه‌وه‌ بكرێت.

ج  – پشكى ئه‌و عیراقیانه‌ى دانیشتووى هه‌رێم و پارێزگاكانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمێكن كه‌ به‌رهه‌مى نه‌وت و غازى هه‌رێم و پارێزگاكان ڕاده‌ست كۆمپانیاى (نه‌وتى نیشتمانى) ناكه‌ن، پشكه‌كه‌نیان ئه‌درێت به‌ خاوه‌ن پشكه‌كانى تر.

د -  ڕیًژه‌یه‌كى قازانج بۆ (سندوقى نه‌وه‌كان) دائه‌نرێت وله‌ پێناویاندان وه‌به‌رئه‌هێنرێت.

هـ - ڕێژه‌یه‌كى قازانج بۆ (سندوقى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌) دائه‌نرێت بۆ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ى ستراتیجى له‌و پارێزگایانه‌دا كه‌ كارى ( كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وت) ى تیادا ئه‌كرێت.

- له‌ برگه‌ى چواره‌م ى مادده‌ 13 دا هاتووه‌ كه‌ به‌هاى پشكه‌كانى هاوڵاتیانى عیراق له‌ بانكى ناوه‌ندى عیراقه‌وه‌ جیائه‌كرێنه‌وه‌. واتا هاوڵاتیان ڕاسته‌خۆ له‌ بانكه‌وه‌ شایسته‌كانى خۆیان وه‌رئه‌گرن نه‌ك له‌ حكومه‌ته‌وه‌، كه‌س مافى خۆى له‌ نه‌وتى عیراقدا له‌ حكومه‌ت داواناكات.

سێیه‌م / پێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ( یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق)

- له‌م یاسایه‌دا ناوى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم هاتووه‌ و جێگاى كراوه‌ته‌وه‌ و پله‌ى بریكارى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم، وه‌ك ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كۆمپانیاكه‌ ، جێگیركراوه‌.

- سه‌رۆك وجێگرانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كۆمپانیاكه‌ بۆ بڕیارى پێكهێنانى كۆمپانیاكه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هێڵراوه‌ته‌وه‌، واتا كورد پشكى جێگرى یه‌كه‌مى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ى به‌رئه‌كه‌وێت (ئه‌گه‌ر بیه‌وێت).

چواره‌م / په‌رله‌مانتارانى كورد و (یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق) 

- په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا ، له‌ فراكسیۆنه‌ جیاجیاكان ، ساڵى 2018 ده‌ستیان بۆ په‌سه‌ندكردنى (یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق) به‌رزكردۆته‌وه‌ ، به‌ فراكسیۆنى ئه‌و به‌ڕێزانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئێستا دژى ڕاده‌ستكردنى دۆسێى نه‌وتى هه‌رێمن.

-په‌رله‌مانتارانى كورد ، به‌ هۆى ململانیێى حزبه‌كانیانه‌وه‌، نه‌یانتوانیوه‌ دۆسێى نه‌وت به‌ جێبه‌جێكردنى (یاساى كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى) گرێبده‌نه‌وه‌ و به‌جیابیگرن له‌ دۆسێى بودجه‌ى ساڵانه‌.

- كۆى په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا، تا ئێستا، كه‌س لێى نه‌بیستوون باسى گرنگى جێبه‌جێكردنى یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق- یان  كردبێت.

- به‌شێكى زۆرى په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا، به‌ نه‌فه‌سى ململانێى سیاسى كوردستان له‌ دۆسێى نه‌وتى هه‌رێم ئه‌ڕوانن، نه‌ك له‌ ڕوانگه‌ى یاساو ومافى هاوڵاتیانه‌وه‌ ، واتا ئه‌وه‌ى خۆى له‌ به‌غدا به‌ دژى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى هه‌رێم له‌قه‌ڵه‌م داوه. له‌گه‌ڵ ڕاده‌ستكردنى دۆسێى نه‌وته‌ ، وئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى هه‌رێمه‌، پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌. 

پێنجه‌م / حكومه‌تى هه‌رێم و دۆسێى نه‌وت و بودجه‌ى عیراق:

- حكومه‌تى هه‌رێم له‌ برى ئه‌وه‌ى دۆسێى نه‌وت  و غازى هه‌رێم، به‌ (جێبه‌جێكردنى یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق ) گرێبدات، كه‌وته‌ ناو بازنه‌ په‌رته‌وازه‌ و به‌شبه‌شه‌كه‌ى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عیراق، وله‌ به‌غدا گه‌یشتن به‌مه‌ى ئێستا تیایدان.

- حكومه‌تى هه‌رێم له‌ نه‌بونى ستراتیجێكى یاسایى دا، له‌ برى په‌نابردنه‌ به‌ر شاره‌زایى یاسایى و دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق و هاوپه‌یمانه‌ ستراتیجییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى، ده‌ستى دایه‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان، وئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تى كه‌ ئه‌بینرێت.

-تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه‌، گرتنه‌به‌رى ڕێگا و ڕێكاره‌ یاسایى و ده‌ستووریه‌كانه‌، ودووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌م بێ سه‌روبه‌رییه‌ یاسایى و سیاسییه‌، به‌ جیاكردنه‌وه‌ى دۆسێى بودجه‌ى عیراق له‌ دۆسێى نه‌وتى هه‌رێم به‌ مه‌رجێك هه‌رێم ئاماده‌یى خۆى نیشان بدات به‌ ڕاده‌ستكردنى دۆسێى نه‌وت به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنى (یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق)، تا ئه‌و كاته‌ش، گۆڕانكارى له‌ سیاسه‌تى نه‌وتى هه‌رێمدا ڕابگه‌ێنێت و چیتر (نه‌وت وغاز) وه‌ك كاڵایه‌كى خۆماڵى نه‌ناسێنرێت، با دادگاى باڵاى فیدرالى  ویستگه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بێت له‌م هه‌نگاوه‌دا.

- با حكومه‌تى هه‌رێم خۆى بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى كۆى ئه‌و لایه‌نانه‌ى (به‌ بێ ده‌نگى وبه‌ كردار) دژى یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراقن ، وئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى به‌ فه‌رمى ڕابگه‌ێنێت. 

- ئه‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و ڕاستییه‌ بزانێت، ئێستا بێت یان ساڵانێكى تر (یاساى كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى عیراق) جێبه‌جێئه‌كرێت، باشتر وایه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت له‌و بواره‌دا.
  
هه‌مومان ئه‌زانین، دواكه‌وتن ودواخستنى بودجه‌ى عیراق چ دۆخێكى یۆ ژیانى هاوڵاتیانى هه‌رێم دروستكردووه‌، با حكومه‌تى هه‌رێم كار له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ى پرسى بودجه‌ له‌ دۆسێى نه‌وتى هه‌رێم بكات، ئه‌و  دۆسێیه‌ى ژیانى ڕۆژانه‌ى دانیشتوانى ئه‌م هه‌رێمه‌ى خستۆته‌ دۆزه‌خى بێ كارى و نه‌بوونى و دڵه‌ڕاوكێ.

له‌ پێناوى ژیانى ئێستا وداهاتووى هاوڵاتیاندا، له‌ پێناوى پاراستنى ئابڕووى حوكمڕانى كوردیدا، داواكارم حكومه‌تى هه‌رێم ، ئاماده‌یى خۆى بۆ ڕاده‌ستكردنى دۆسێى نه‌وتى هه‌رێم، به‌ یاسا، ڕابگه‌ێنێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی