هیچ نەتەوەیەک نییە هێندەی کورد بێبەزەییانە کار لەسەر پەروەردە و سایکۆلۆژیا و فەرهەنگ و سیاسەت و ئابورییەکەی کرابێ. ئەمە بووەتە هۆی دابڕانێکی درێژخایەنی نێو بیرکردنەوەی تاکی کورد و کوردیش جگە لە شەڕی سیاسی و فەرهەنگی و جوگرافی، شەڕیی ئابووریش یەکێکە لەو شەڕ و چەکانەی بە دەست دوژمنانەوە، کە بووەتە هۆی کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ئەوان هەم لە دابەشکردن و هەمیش لە دەستگەشتنیان بە زۆرترین داهاتی عێراق، کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکەن. ئەمەش بوەتەهۆی ئەوەی دۆخەکەیان هێندە ئاڵۆزکردووە، نەتوانین چیرۆکەکە بە ئاسانی بخوێنینەوە و بە تەواوی لە ئاستی گشتی کوردستانیدا لە پیلانگێڕییەکان تێبگەین. ئەم پیلانگێڕییە لە ڕێگای برسی کردنی خەڵکی کوردستان دەیانەوێ خەڵکی کوردستان بدەن بە گژیەکدا، بۆیە خۆپیشاندانەکان لە سیاسەتی برسی کردنی بەغدا و نادادی نێوخۆمان و نەخوێندنەوەی یەکتر سەرچاوەدەگرێت. زۆرێکی خۆپیشاندەران گوزارشت لە نەهامەتی و بێکاری خۆیان دەکەن و دەیانەوێ بە ئاشتییانە داواکانیان بگەیەننە حکومەت.
ئەمە مافێکی تەواو ڕەوایە، بەڵام ئەوەی پێویستە حکومەت و خۆپیشاندەران و حزبەکان بە هەستیاری مامەڵەی لەتەکدا بکەن، ئەو دەست و ئامانجانەیە بەشێکی بۆ ئیستیغلالی سیاسی و بەشێکی بۆ لێدان لە قەوارەی هەرێم ودروستکردنی بێمتمانەی سیاسی لەناوماڵی کورددا. هەمووشمان لە ئازار و بێکاری و نەهامەتی هاوڵاتیانی کوردستان و بەتایبەتی گەنجان تێدەگەین، بۆیە مافی خۆیانە داوای ژیانێکی گونجاو بۆ خۆیان بکەن.
بەڵام ئەوەی گرنگە لە مەترسی قۆناغەکە و لەو پیلانانەی کە ئامانجیان بە حەڵەب کردنی کوردستانە تێبگەین. چونکە ئەگەر ئارامی هەرێم چووە دۆخێکی خراپ، ئەوە هەموو شتمان لە دەس دەچێت. بۆیە ئێستا دەسپێکی بە دەست خۆمانە، بەڵام ئەوکات ڕاگرتنی لە دەس خۆماندا نامێنێتەوە. چارەسەرەکەش بەوە دەبێ حزبەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بگەڕێنەوە بۆ زانستی لۆژیک بەهۆی کەمتەرخەمی بە ئەنقەست یاخود ڕق بوونەوە لە یەکتر لێنەگەڕێن ئارامی هەرێم بشێوێت، چونکە دڵنیابن وەک یەک زەرەرمەند دەبین. بۆیە نابێ هیچ کەس ولایەنێک لەبەرپرسیاریەتی خۆی بدزێتەوە.
بەهاوبەشی هەوڵی دەربازبوونی هەرێم بدەن لەم قەیرانە و هەوڵبدەن لە ئایندەدا پەرەگرتنی سیاسی لە کۆی پرۆسەی سیاسی هەرێم و بیرکردنەوەی سیاسی حزبی کوردیدا بکرێت و لە ئێستاشدا هەزمی ڕای گشتی ڕاستەقینە بکرێت. دواجار ئەوەی زۆر گرنگە کە ببێتە خاڵی هاوبەشی هەموولایەک پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانی خەڵکە. ئەوەی منیش خەمبار دەکات هەقیقەتی ئەو قسەیە کە شاعیرێک دەڵێت:( شەڕ تەواو دەبێت و سەرکردەکان تەوقە لەتەک یەک دەکەن، بەڵام ژنێک دەمێنێتەوە کە چاوەڕێی کوڕە شەهیدەکەی دەکات ) کەواتە ئەم دۆخە تەواو تێدەپەڕێ هەندێ لە هاندەرەکان لە هەڵبژاردنی ئایندەدا پۆست وەردەگرن و دەستە ڕەشەکانیش هەندێ ئامانج دەپێکن، زەرەرمەندی یەکەم کورد و حکومەت و خەڵکە.
بۆیە تکایە با کەمتەرخەمی بە ئەنقەست شکستمان پێنەهێنێت. ئەمەش دەبێ حکومەت هەوڵەکانی خێراتر بکات بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک و خەڵکیش هەستیاربێت لە پیلانەکان.
ئەم وتارە تەنها بۆ تێگەیشتن لە ئێستاو بۆ مێژووە
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی