ھەولێر و بەغدا بە کۆنفیدڕاڵیەتی وزە رازین

تەنیا کوردی

5-12-2020

19459جار خوێندراوەتەوە



نەوت و غازی سروشتی، یەکێک لەو ھاوکێشانەیە کە ھەولێر و بەغدا دەیانەوێ لە چوارچێوەی رێکەوتنێک لە شێوەی گرێبەستێکی سەربەخۆدا واژۆی لەسەر بکەن.

گرێبەستەکە پێوەندی بە مەلەفی نەوت و غازی ھەرێم ھەیە کە وڵاتگەلێکی وەک رووسیا، ئەمەریکا، ئەورووپاو تورکیا لە ھەناوی ئەم رێککەوتنەدا ھەن، ئەم مەلەفە رادەستی بەغدا ناکرێ، بەڵام دەکرێ لە چوارچێوەیەکی گرێبەستدا بەغدا سوود لە وزەی ھەرێم وەربگرێ، ئەم گرێبەستەیش لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیەتی وزە دەبێ کە ئیدی شەرعیەتی مەلەفی نەوت و غازی ھەرێم زیاتر لە ناوچەکەو جیھاندا سەنگین دەکات.

ئەمەریکا دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ ھەرێم بکات کە ببێتە خاوەنی ھەناردەکردن و دەرھێنانی غازی سروشتی لە کوردستاندا، تورکیا دەیەوێ لەم غازەدا سەدا 35 پێویستییەکانی ئیستنابوڵ پڕبکاتەوە، لە ھەمانکاتدا رۆسنەفتیش دەیەوێ لەم مەلەفەدا جگە لە پشکی ھەناردەکردن لە بۆڕیدا وەبەرھێنای تێدا بکات، دانە غاز مەوجوودە، ھەر یەک لە وڵاتانی ئەورووپیش دەیانەوێ لە بازاڕی خۆیاندا ئەم غازە بکڕن، بەڵام سەرەتا دەوڵەتێک ھەیە کە پێویستی یەکەمی بەم غازە ھەیە کە ئەویش عێراقە، بۆیە بەستنی کۆنفیدڕاڵیەتی وزە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنگاوێکی گرینگە کە ئەم نەخشەڕێگایە بە جوھدی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ لە بەغدا زەمینەی زیاتری بۆ بڕەخسێندرێ.

ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی داھاتووی لە ڕووی ئابوورییەوە جێگیر دەبێ، ھاوکات لە ئابوورییەکی بەھێزیشەوە لە کۆتایدا دەتوانێ شێوازی حوکمڕانی خۆی لە پێگەی فیدڕاڵیەتی عێراقدا بدۆزێتەوە، ئەمیش لە کۆنفیدڕاڵی وزەوە بۆ کۆنفیدڕاڵی جیوگرافی بێ، یانیش ھەرێمێکی بەھێز لە شەرعیەتێکی بەھێزی فیدڕاڵی عێراقدا کە دواجار ھەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی لۆژیکی لەسەر شێوازێکی حوکمڕانی نێوانیان بڕیار بدەن. بۆیە بەغدا ئەم کۆنفیدڕاڵیەتەی وزەی قبووڵە، چونکە ھەنگاوەکانی رەسمکردنی ئەم نەخشەڕێگایە ژمارەی گەورەتری لە بەغداو ھەولێر لە پشتە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی