ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن
فڕەنسای کافر و کوردی مسوڵمان

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

4-11-2020

15058جار خوێندراوەتەوە


لەم ڕۆژانەدا ھێرشێکی نا ڕەوا دژی فەڕەنسە و سەرۆکەکەی ماکرۆن دەستی پێ کردووە. لە پشتی ئەم ھێرشەوە ئەو گروپانە ھەن کە بە چەقۆ ژن و مامۆستای زانکۆ سەر دەبڕن، ئەمەش بە پشتگیری و ھاندانی ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیایە. فەڕەنسە لە کۆنەوە دۆستی کوردە، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی کۆمەنیستی فەڕەنسی ھەمیشە پشتگیرییان لە دۆزی کورد کردووە، بە تایبەتی لە دەسپێکی شۆرشی ئەیلولەوە ڕۆژنامەکانی( لۆمۆند و لۆفیگارۆ) ھەر ئەوان بوون لە ئەوروپا ھەواڵی شۆڕشیان بڵاو دەکردەوە و داکۆکییان لە پرسی کورد دەکرد.

لێرەدا نابێت ڕۆڵی دکتۆر (قاسملو) بۆ ناساندنی کێشەی کورد بە بژارەدی سیاسی و ڕۆشنیبیرەکانی فەرەنسا لە یاد بکەین .

من لێرە ھەندێ نموونە دەخەمە بەردیدی خوێنەران
١- ئەوە مادام میتران بوو، بە یاوەری بێرنارد کۆشنەر وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی فەرەنسە، لەو ڕۆژە سەختانەی کە لە سەر سنووری حاجی ئۆمەران بە دەیان ھەزاران مرۆڤی کورد گیریان خوارد بوو، ڕۆژانە دەیان منداڵ و پیر و پەککەوتەمان لە برسان و لە سەرمادا لێ دەمردن، ئەوە دانیال میتران بوو ھات بۆ تاران و ھاتە سەر سنوور و بە پێ سنوورەکەی بەزاند، لەسەر ئەو سنوورەوە داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە سنوور بکاتەوە و نزیکەی ١ ملێون کوردی لە مردن رزگار کرد.

٢- ھەر فەرەنسە بوو کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی، توانی پێشنیاری خەتی ٣٦ بکا بە بریاڕ و ناوچەی دژە فڕین دروست بکات و کورد لە جینۆسایدی سەدام ڕزگار بکات، هەر لە سایەی ئەم دژە فڕینەوە بوو کە ئەم قەوارەیەی ئێستا دروست بوو .

٣- دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی لە نامیلکەکەیدا کە بە فەرەنسی نووسیویەتی لە ژێر ناوی( پانزە ڕۆژ لە کوردستانی ئازاددا) دەڵێت: دوای چەند مانگێک لە ڕاپەرینی باشوور لە کۆشکی ئەلیزێیەوە بانگیان کردم کە ڕۆژی ... لە دیوانی سەرۆکایەتی بۆ دیداری سەرۆک میتران ..!

،ئامادە ببم، کە چوومە بیرۆکەی سەرۆک ئەخزەر ئیبراھیمی وەزیری پێشووی دەرەوەی جەزائیر، کە ئەوکاتە یاریدەدەری سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو، لەوێ دانیشتبوو، لێم پرسی خێرە؟ گووتی بۆ کێشەی ئێوەی کوردە، لەو کاتەدا فەرموویان لێ کردین کە بچینە ژوورەوە بۆ دیداری سەرۆک میتران، سەرۆک گوتی بڕۆن بۆ کوردستان نامەی نووسراوی (جەلال تاڵەبانی، مسعود بارزانی و دکتۆر مەحموود عوسمان)م، بۆ بێنن کە من بەم نزیکانە لە کۆبوونەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی سەربەخۆیی کورد دەکەم و ئامادەکاریشم بۆ کردووە با ئەو بەڕێزانە نەڵێن ئاگامان لێ نەبووە.

و ١٥ ڕۆژ مۆڵەتتان ھەیە،دکتۆر عیسمەت بەردەوام دەبێ و دەڵی ئەڵێ بە فڕۆکە ھێنایانینە ئەو پەل(فەوج)ە سەربازییە فەڕەنسییەی کە لە ئاکرێ بوون، کاک عیسمەت لە نامیلەکەکەیدا دەڵێ ١٥ ڕۆژ بە کوردستاندا سوڕاینەوە نەمان توانی ئەو نامانە بە دەست بھێنین بۆ میتران، پرۆژەکەی فەرەنسا بوو بە قوربانیی..!

ئەخزەر ئیبراھیمی کە یەکێک بوو لە شۆڕشگێرەکانی جەزائیر پێ گووتم عیسمەت شۆرشگێرەکانی ئێمە و ئێوە زۆر لەیەک جیاوازن !!

٤- ئەو کاتەی شاندێک چووینە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دیداری ( پەترۆس غالی) ھەر لەو کاتەدا لە کۆنگرێسی ئەمەریکی کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی بۆدۆزی کورد هەبوو، لەسەر باگهێشتکردنی دکتۆر نەجمەدین ئێمەش چووین بۆ کۆبوونەوەکە. پێش ئەوەی بە جیھازی کۆنترۆڵەکەدا ڕەت ببین، مادام میتران لەسەر کورسیەک دانیشتبوو کە لێی نزیک بووینەوە ھەڵسا تەوقەی لەگەڵ مندا کرد، چونکە من بە ڕانکوچۆغەوە چوو بووم. کاک عیسمەت شەریف وانلی گووتی مادام میتران ڕێز لە ھەموو کولتووری کوردی دەگرێت نەک ھەر کێشەی کورد .

٥- ئەو کۆنفراسەی مام جەلال ویستی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکوور، لە بەغدا سازی بکات
( هەر وەکو مام جەلال خۆی گووتی بە ھاندان و پشتگیری فەرەنسا و سەرۆک ھۆلاند بوو کە ئەو کاتە سەرۆکی فەرەنسە بوو .

٦- فەرەنسییەکان یەکەم دەوڵەتی ئەوروپایی بوون کە پشتگیری ڕۆژئاوایان کرد بە تایبەتی لە شەڕی کۆبانی .

لە ژووری ئۆپەراسیۆنی (ھاوپەیمانان - عێراق - کورد) زەخیرەیەکی زۆری شەڕ کۆکرابووەوە دەیانویست بە فڕۆکـە فریای شەڕڤانانی ڕۆژائاوای بخەن، ئەمەش کێشەیەکی لەناو ھاوپەیماناندا دروست کرد بوو لەبەر تورکیا!!!

بەڵام فەرەنسییەکان پێداگر بوون لەوەی کە نابێت کۆبانی بکەوێت و بە دەردی شەنگال بچێت. ئەگەر ھەموو ناڕازی بن ئێمە بە تەیارەی خۆمان ئەم کارە دەکەین ھەرواش بوو!!
٧- پێشوازیکردنی سەرۆک ماکرۆن لە شاندنی شەڕڤانان و پێشمەرگە لە کۆشکی ئەلیزێ نامەیەکی گەورە بوو بۆ ھەموو جیھان و ئەوروپا و ددانپێدانانێکی نێودەوڵەتی بوو، کە کورد شۆرش ئەکات بۆ مافی زەوتکراوی، ھەر ئەو ڕق وقینەیە کە ئێستا ئەردۆگان بە ماکرۆنی دەڕێژی لە رێگەی گرووپە توندرۆکان و سەربڕرەکانەوە.

٨- لە ھێرشی حەشدی شعبی بۆ سەر کوردستان عەبادی فەرمانی دابوو کە ھەتا قوشتەپە و بانی مەقان پێشرەوی بکەن ئەوا فەرەنسا و ماکرۆن بوون بە عەبادییان گووت ( Stop)

٩- ئەوە ھەر ماکرۆن بوو لە دوای کارەساتی داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازی لە بەرێز نێچرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو سەرۆک دەوڵەتێک کرد و پشتگیری خۆی بۆحوکوومەتی ھەرێم و دۆزی کورد ڕاگەیاند.

١٠- دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە پاریس کۆنگرەیەک بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە جیهاندا بەسترا، بۆ ئەم کۆنگرەیە کورد و حوکوومەتی عێڕاقیش بانگهێشت کرابوون،شاندی عێڕاقی بە سەرۆکایەتی (تاریق عەزیز) ئەوسا وەزیری دەرەوە بوو، گووتبوویان ئەگەر کوردەکان بەشداری بکەن، ئێمە دەکشێینەوە، وەڵامی فەرەنسییەکان ئەوە بووە، کە کوردەکان هەر بەشدار دەبن لە کۆنگرەکەدا، ئەوە بوو ئەوان کشانەوە و بەشدارییان نەکرد.

بەرێزان: دەوڵەتێکی ئەوروپایی کە لە رۆژی محینەتا پشتگیری میللەتەکەمان بکات شایەنی ئەوەیە کەسانێک بچنە کونسوڵخانەکەیان و ھەرەشەیان لێ بکەن؟ یان بچن ھاوخەمی خۆیان دەرببڕن بۆ سەربڕینی و ئەو ژن و رووناکبیرانەی کە بە چەقۆ ملیان پەراندن. ھەر بەم بۆنەیەوە دەست خۆشی لەو شاندە دەکەم کە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان چوونە کونسوڵخانە و ھاوخەمی خۆیان پێ ڕاگەیاندن. ئەمەش یەکێکە لە کارە ھەرە باشەکانی ئەم خولەی پەرلەمان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی