هەواڵی ئەمڕۆ

ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن
ئەو پیاوەی بەگوریسێك بەسترابووەوە!

محمد ئەمین پێنجوێنی

27-10-2020

8763جار خوێندراوەتەوە


(تۆفیق وەهبی بەگ لەسەردانەکەیدا بۆ پەل (فەوج)ی ئەزمڕ هەرچی خۆێندەواری کورد لە پەلەکەدا هەبوو  کردنی بە ئەفسەر !)

بەڕێز بەهجەتی عەونی پارێزگاری سلێمانی بوو لە گوندی  بناوەسووتەی پێنجوێن دادەنیشت ئەمەی بۆتان دەگێرمەوە زیاتر لەپەنجا ساڵی بەسەردا ڕابردووە، بەڵام هەر لە یادەوەریمدا ماوە و  دیمەنەکەی زۆر ئازاری داوم، دوودڵ بووم لە نووسینەوەی،  نە وەک بە جۆرێکی نەگەتیف لێك بدرێتەوە .؟ من نامەوێ لێرەدا شۆڕشی ئەیلول هەڵبسەنگێنم .لێ هەندێ شتی سەیروسەمەرە هەیە کە لە ئەرشیفی هیچ شۆڕشێکدا نەبینراوە.

بۆ نموونە: هەندێک هەبوون لە ناو شۆڕشدا لەوپەڕی دەسەڵاتی سیاسی و  سەربازیدا بوون، خێزانەکانیان مووچە خۆری میری بوون و مانگانەکانیان بەبێ لێبڕین و دواکەوتن وەردەگرت، .یان جاری واهەبووە بەپۆل شۆڕشگێڕان دەچوونەوە ناو حوکوومە ت و پلە و پایەی سەربازی و مەدەنیان وەردەگرت، یان لەناو حوکوومەتەوە دەچوونە دەرەوە و لە شەوڕۆژێکدا دەبوون بە شۆڕشگێڕ. کار وای لێهات ڕەش و سپی تێکەڵ بووبوو، ئەم ئاڵوگۆڕە جوگرافیایە ساڵانێکی زۆری خایاند . دەوڵەتانی داگیر کەریش بەئارەزووی خۆیان گەمەی نامەردانەیەن پێ دەکردین (بەهەرحاڵ با واز لەسیاسەت بهێنین !).

لە ساڵانی شەستەکاندا زۆرناوچەی  سلێمانی کەوتبووە ژێردەسەڵاتی شۆڕشەوە بە پێی توانا خزمەتگوزاریان پێشکەش دەکرد، ناوچەکانی وەکو قەڵادزێ ، ماوەت، شاباژێڕ، پێنجۆێن، تەوێڵە و قەرەداخ ناوچەی ئازاد کراو بوون  بەهجەتی عەونی ئەفسەرێکی خانەنشینی پلە باڵای سوپای عێراق بوو، کرا بوو بە پارێزگاری سلێمانی و لە پێنجوێن دائەنیشت . لە حیزبەوە ( حیزبی شیوعی) ئاگەدار کرام کە پارێزگار دۆستی خۆمانەو پێوەندی پێوە بکەن، منیش هاوڕێ (سەلامی عەلی ئەحە ڕەش)م، نارد بۆ لای کە بەناوی شیوعییە کانی پێنجوێنە وە بەخێر هاتنی بکات.  لە گفتوگۆی نێوانیاندا  بەسەلامی گوتبوو خاڵی گومرگەکانمان هەموویان دزن، چەند شیوعییەکم بۆ بنێرن لە جێگەی ئەوان دایان دەنێم ،منیش سەردانم کرد و پێم گوت کە هاوڕێ سەلام دابنێ، ئەو کاتەی کە سەلام بەرپرسی بەشێکی گومرگەکە بوو، ئیدارەی پارێزگا بوژایەوە،بەڵام زۆری پێ نەچوو سوپای عێراق گەڕایەوە ناو شاری پێنجۆێن، پارێزگا و ناوچە و هێزی پێشمەرگە چوونە گوندەکانی بایەوە و باشماخی ئێران، جەنابی پارێزگار لەسەر سنووری بناوەسووتە و بایەوە کەپرێکی کردبوو لێی نووسیبوو (پارێزگای سلێمانی)، جارە جارە سەردانم دەکرد، یەکێک لەو جارانە دیمەنێکی غەمناك سەرنجی ڕاکێشام . دیمەنی ئەو پیاوەی کە بەگوریسێکی ئەستوور بەسترابووەوە بەدارێکەوە ،هەرجارێک کە سەردانی پارێزگارم  دەکرد، کابرا بە تیلەی چاو تێی دەگەیاندم ،کە شفاعەتێکی بۆبکەم ،کە چوومە ژوورەوە گووتم: بەڕێز جەنابی پارێزگار ئەم دیمەنە زۆر نامرۆڤانەیە، گوتی: لە دەسەڵاتی مندا نییە، دادگای باڵای شۆڕش  بە تۆمەتی کوشتن ،بیست ساڵی بە ملدا داداوە، بەڵام  من نازانم چی لێ بکەم ؟من خۆم جێگەم نییە تیا بژیم ئەم بەڵایەشیان تووشی من کردووە.

کاك بەهجەت پیاوێکی قسە خۆش و بە ڕێز بوو، بنەماڵەکەشیان لە سلێمانی بە بناماڵەیەکی نیشتمانپەروەرو دڵسۆز ناسراون ،گووتم بەڕێز من چەقۆیەکم پێیە، بە لایا ئەڕۆم و چەقۆکەی بۆ فڕێ ئەدەم، ئیتر ئەو خۆی ئەزانێ چی ئەکا، بەمەرجێ من نەخەیتە جێگەکەی ئەو، گووتم وا حوکوومەت ئەم ناوە تۆپباران دەکا ڕوو لەکوێ دە کەن؟ تا بیست ساڵی دیکە دار نامێنێ تا زەلامی پێوە ببەستنەوە .گووتی: تۆ هەم شاعیر و هەم شیوعی ئەرێ تۆ دەیناسیت؟ گووتم نەخێر، گووتی دە بڕۆ چی دەکەی بیکە! بەڵام من ئاگام لێ نییە .ئیتر کابرا شەو گوریسی هەڵبڕی و فرتەی لێ کرد. پاش بیست و پێنج ساڵ لە گوندی سەرای سوبحان ئاغا کابرام بینییەوە، ئەو منی ناسییەوە ،چەقۆکەی نیشان دام، من لەگەڵ کاوەی شێخ لەتیف دا بووم ،کابرا چەقۆکەی دەر هێنا کە بەزنجیرێك بەستبووی بە پشتێنەکەیەوە، بە منی گووت: یا شێخ ئەم چەقۆیە ژیانی مرۆڤ لەناو دەبات، بەڵام ژیانی منی ڕزگار کرد، ئیتر بووین بەدۆست و ئاشنایەکی گیانی بە گیانی.

گووتمان کاك بەهجەت کەسایەتییەکی مەجلیسخۆش و سەرگوزەشتەی بە نرخی لا بوو، بۆی گێڕامەوە و گووتی: تۆفیق وەهبی بەگ سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بوو، بۆ پشکنین سەردانی سلێمانی کرد،ئەو کاتە ئەزمڕ پەلێکی سوپای عێراقی لێ بوو هات بۆ سەردانی  پەل (فەوج)ەکەمان، گووتی کێ کوردە بچێتە لایەکەوە،  کێ خوێندەوارە دەست هەڵبڕێ، ناوی هەموومانی نووسی، گووتی بەیانی هەموتان بێن بۆ (حامیەی سلێمانی)، بەیانی هەموومان چووین، ئەوەی ئەفسەربوو،  یەکی ئەستێرەیەکی پێ داین، ئەوەی شەهادەی دواناوەندی هەبوو کردی بە ئەفسەر و ئەستێرەیەکی پێ دان ،ئەوەی شەهادەی شەشی سەرەتایی و ناوەندی هەبوو خولێکی بۆ کردنەوە لە(حامیە) ،پاش ساڵێك ئەوانیش بوون بە ئەفسەر. کاك به هجەتیش خۆی لەو ئەفسەرانە بوو، تۆفیق وەهبی بەگ لەگەڵ مەلیك قسەی کرد بوو و فرمانێکی کارگێڕی مەلەکی بۆ ئەفسەرەکان دەرکرد بوو، ئاوا ئەبێ کوردایەتی ڕاستیی

ئەمە دواچیرۆکی وەرزی یەکەمە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی