هەواڵی ئەمڕۆ

ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنوەر سوڵتانی

24-04-2020

15104جار خوێندراوەتەوە


بە بۆنەی یادی ١٢٢ ساڵەی "ڕۆژنامەی کوردستان" و بۆڕێزگرتن لە مامۆستای مێژوونووسمان دوکتۆر کەماڵ مەزهەر

لە یادی ١١٠ ساڵەی ڕۆژنامەی کوردستان، کە بە ئامادەبوونی دوکتۆر کەماڵ مەزهەر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و ئەدیبانی کورد لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو، منیش بەختی ئەوەم هەبوو لە پەراوێزی قسەکانی مامۆستادا چەند خولەکێک سەبارەت بە دۆخی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدوێم، کە دواتر لە ژمارە ی ٧٤٧ ڕێکەوتی ١٨/٦/٢٠٠٨ ی  ڕۆژنامەی ئاسۆدا بڵاو کرایەوە.
باسەکەی من لەسەر دوو تەوەر دەگەڕا:
یەکەم، بۆچوونم سەبارەت بە ڕۆژنامەی کوردستان کە پێموابوو هەموو ژمارەکانی لە قاهیرە دەرچوون و گۆڕینی ئەدرەس لەوێوە بۆ جنیڤا و لەندەن و فۆلکستن تەنیا بۆ شوێنەگومکێ و ڕزگاربوون لە گوشاری خدیوی میسر و حکوومەتی عوسمانی بووە. بە گوێرەی ئەو بۆچوونە، بەدرخانییەکان ئەو ژمارە تایبەتانەی ڕۆژنامەکەشیان هەر لە قاهیرە چاپ کردووە، بەلام بە نهێنی و پاشان بردوویانن بۆ ئەو شارانە و لەوێوە بەڕێیان کردوون بۆ ئابوونەکان، بێ ئەوەی شوێنی چاپکردنی ڕۆژنامەکەەکەیان گۆڕیبێت!
دووهەم، مێژوولکەیەکی ڕۆژنامەگەریی کوردی بوو لە ورمێ و ناوچەی موکریان کە چاپەمەنییە دەورەییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف و حزبی دیموکراتی کوردستانی هاوڕێ لەگەڵ یەک ڕۆژنامەی چاپی تارانی دەگرتە خۆ بەڵام تێیدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆژنامەکانی دەرەوەی موکریان نەکرابوو.
لێرەدا دەمەوێت باسێکی تازەتر دابمەزرێنم ئەویش ئەو ڕۆژنامانەن کە کوردانی سنە و کرماشان دەریانکردوون و ژمارەشیان گەلێک زۆرە، بەڵام بە پێی بارودۆخ و نەبوونی ئازادیی نووسین بە زمانی کوردی لە ئێرانی شایی و مەلاییدا، سەرەڕای ئەوەی لە کوردستان دەرچوون و بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازیشیان کورد بوون و هەندێکیان ناوی کوردییان لەسەر دانراوە، بەڵام بابەتەکانیان بە فارسی نووسیوە. ئەگەر شیعر یان بابەتێکی کوردیشیان چاپ کردبێت، کارێکی پەراوێزکراو بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە بە مڵک و ماڵی کورد دەژمێررێن و دەبێ لە مێژووی چاپەمەنی کوردستاندا شوێنی تایبەت بە خۆیان بۆ دیاری بکرێت. 
واهەیە بۆ خوێنەر جێگەی باوەڕ نەبێت کە تەنیا لە کرماشان لە ماوەی ٧٠ ساڵ تەمەنی ڕۆژنامەگەریدا (١٩٠٩ تا ١٩٧٩)، سەرجەم ٦٧ ڕۆژنامە و گۆڤاری هەفتانە و مانگانە دەرچوون، یان لە شاری سنە لە ماوەی ٦٢ ساڵی نێوان ١٩٠٦تا ١٩٦٨دا ٣٢ ڕۆژنامە چاپ و بڵاوکراونەتەوە!  بە داخەوە ئێمەی کورد لەو هەوڵ و خەباتە ڕووناکبیرییانە، کە بوونەتە هۆی گیران و زیندان و شاربەدەرکرانی زۆرێک لە خاوەن ئیمتیاز و نووسەرەکان، ئاگادار نین وەک ئەوەی ئەوکەسانە پەیوەندیان بە کوردەوە نەبووبێت و گەلەکەمان خاوەنایەتی ڕۆژنامەکانی نەکردبێت! من بەش بەحاڵی خۆم خەجاڵەتی ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەم کە لەبیرم کردووە و هەوڵی ناساندنیم نەداوە باوەکوو خەڵکانێکی دڵسۆزی گەل و نیشتمان لە ناو ئێراندا و بە زمانی فارسی ئەو ئەرکەیان بەڕێوەبردووە و ناوی ئەو قارەمانانەی گەلەکەمانیان بۆ مێژوو تۆمار کردووە. 
دوکتۆر محەمەدعەلی سوڵتانی لە کۆمەڵە کتێبێکی ١٠ بەرگیدا کە سەبارەت بە مێژووی کرماشانی نووسیوە، فەسڵی ٦ لە بەرگی یەکەمی تایبەت کردووە بە مێژوولکەیەکی چاپەمەمەنییە دەورەییەکان لە شاری کرماشان و لەوێدا زانیارییەکی پوختی سەبارەت بە ٦٧ چاپەمەنی ڕاگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٠٩ وە هەتا شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ی ئێران و هاتنە سەرکاری مەلاکان، لە کرماشان چاپ و بڵاو کراونەتەوە. لەوێدا هەندێک ناوی کوردان دەبینرێت کە من لێرەدا ئاماژەیەکیان پێدەکەم:
-  ئەبولقاسم لاهووتی کرماشانی، شاعیری ناوداری کورد کە لە ساڵی ١٩١٧ دا پێنجەمین ڕۆژنامەی شارەکەی بە ناوی "بیستون"ەوە بڵاوکردۆتەوە.  
-  مەهدی فەرەهپووری سنەیی کە ڕۆژنامەنووسێکی کورد بوو و ساڵێک دواتر لە کرماشان درێژەی بە کارەکەی لاهووتی دا. 
-  عمادالدین دەولەتشاهی لە سالی ١٩٥١ دا ڕۆژنامەی گەنجوری بڵاو کردۆتەوە.  
-  کاک خوسرەو ئەکبەری ڕۆژنامەی "رەهبەری کورد"ی لە هەمان ساڵی ١٩٥١دا چاپ کردووە.
-  کاک ئیبراهیم وەکیلی سەنەندەجی هەر لە ساڵی ١٩٥١ دا ڕۆژنامەی "دیوان بلخ" ی چاپ کردووە.
-  کاک ئیسماعیل شاکری لە ساڵی ١٩٥٢ دا ڕۆژنامەی "ێدای کورد" ی بڵاو کردۆتەوە.
-  دوکتۆر فەرەیدوون موعتەمەدوەزیری لە وەزیرییەکانی شاری سنە و دانیشتووی ئەودەمی کرماشان، وەرزنامەی ڕازی  لە زانستگەی ڕازی شاری کرماشان بڵاو کردۆتەوە.
-  هەروەها، ڕۆژنامەی "گڕوگاڵ" ی کوردی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ ی ئێران لە کرماشان دەرچووە.
- کاک محەمەد باقرعەیوەزیش گۆڤاری "مانگ هەڵات"ی بڵاو کردۆتەوە کە لە پەیوەندی شاخەوانیدا بووە.
ئەوانە تەنیا هەڵبژاردەیەک بوون لە چاپەمەنی دەورەیی شاری کرماشان کە بەداخەوە ئێمە لێیان بێ هەواڵین. ئێستا با سەیرێکی شاری سنەی ئەردەڵان بکەین: 
کتێبی "نامداران علم، فەرهەنگ و هنر کردستان" نووسینی سەیید عەبدولحەمید حیرەت سەجادی ناوی ٣٢ ڕۆژنامەنووسی کوردی لیستە کردووە کە هەرکام خاوەن و بەرێوەبەری ڕۆژنامە یان گۆڤارێک بوون و لە نێوان ساڵانی ١٩٠٦ تا ١٩٦٧ دا بڵاوکراونەتەوە. بەشێک لەو کەسانە بریتین لە:
-   ابوالبقاء مڤهر الاسلام، خاوەنی ڕۆژنامەی "تمدن"، ساڵی ١٩٠٧ لە سنە
- مەنسوور ئەردەڵان خاوەنی ڕۆژنامەی "پەیکی کورد" لە ١٩٤١ ی شاری سنە
-  دوکتۆر ئیسماعیل ئەردەڵان خاوەنی ڕۆژنامەی کوهستان، ساڵی ١٩٤٤ بە فارسی و کوردی، لە تاران
- غوڵامعەلئ مەلیکی خاوەنی ڕۆژنامەی "پەیکاری کورد"، ساڵی ١٩٥٠، سنە
-  کەریم کورد، خاوەنی ڕۆژنامەی کورد و کوردستان، ١٩٥١ ی سنە 
-  دوکتۆر محەمەدی موکری خاوەنی گۆڤاری بەغستان، ساڵی ١٩٥٢ لە تاران
-  عەلی ئەسغەر ئەمیرانی بیجاڕی، خاوەنی گۆڤاری هەرە ناسراوی "خواندنیها" لە تاران
-  عەبدولحەمید بدیع الزمانی  خاوەنی ڕۆژنامەی کوردستان ساڵی ١٩٥٩ لە تاران
-   محەمەد سەدیق موفتی زادە خاوەنی ڕۆژنامەی ژین ١٩٤٧.لە تاران 
لیستەکە ناوی گەلێک خزمەتکاری دیکەی قەڵەم و ڕۆژنامەنووسیی گرتۆتە بەر، کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ دەرچوونی دواتری ڕۆژنامە و گۆڤارێکی زۆر بە زمانی کوردی کە لە ساڵانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ دا لە سنە چاپ و بڵاوکرانەوە.  پێڕاگەیشتن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو ڕۆژنامانە کارێکی پێویستە و نابێ ئیجازە بدرێت ئەو خزمەتکارە بێدرێغانەی گەلەکەمان کە لەژێر تیغی سانسۆر و ئیجازە و مۆڵەتدانی حاکمانی کۆماری ئیسلامیدا ناڵاندوویانە ، فەرامۆش بکرێن.
ئێستاش بە کورتی دەچمەوە سەر باسی وتارەکەی پێشووم. من بۆ چەسپاندنی بۆچوونم سەبارەت بە نەگوێزرانەوەی چاپخانەی ڕۆژنامەی کوردستان بۆ ئەو شارانەی جیا لە قاهیرە، نامەیەکم ئاراستەی کاونسڵی شاری فۆڵکستن کرد لە ناوچەی کێنتی بریتانیا و ئەو ئەدرەس و ناوی جادەیەم بۆ نووسین کە لە ڕۆژنامەکەدا وەک شوێنی چاپی ڕۆژنامەکە ڕاگەیەنراون، تکام لێکردن ئەگەر هیچ تۆمار یا پێشینەیەکیان لە چاپی ڕۆژنامەیەک بە ناوی کوردستان لەو شوێنە و ئەو شارە هەیە ئاگادارم بکەنەوە. ئێستا کە دوو ساڵێک بە سەر نووسینی نامەکەدا تێپەڕ دەبێت هیچ هەواڵێکم لێ نەبیستوونەتەوە. لەو چەند سەرچاوەیەشدا کە سەبارەت بە کێنت و فۆڵکستن نووسراون، چاوم بە هیچ نیشانەیەک لەو ڕۆژنامەیە نەکەوتووە. بۆچوونم ئەوەیە کە ئەوان و هیچ کەسێکی دیکە بە هەواڵی دەرچوونی ڕۆژنامەکە لەوێ یان لە لەندەن و جنێڤا نەزانن لەبەر ئەوەی شتی وا بوونی نەبووە! بەدرخانیەکان سووک و سانا، دوور لە چاوی حاکمانی میسر و عوسمانی، ڕۆژنامەکەیان بە نهێنی لە هەمان شاری قاهیرە چاپ کردووە بەڵام لەوێ بڵاویان نەکردۆتەوە بەلکوو بردوویانە بۆ ئەو سێ شارە و لەوێوە خستوویانەتە پۆستەوە. ئەو ئەدرەسانەش ئەدرەسی دۆست و برادەر و هاوخەباتی خۆیان بوون لەو شارانە، لەبەر ئەوەی دەزانین بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیرانی دوورخراوەی کورد و تورکی عوسمانی لەو شارانە و لە کانتربری بریتانیا لە بن گوێی فۆلکستندا دەژیان. 

لە کۆتاییدا ڕێزلە کەسایەتی و کار و خزمەتەکانی مامۆستای بەڕێز دوکتۆر کەماڵ مەزهەر دەگرم و هیوای چاکبوونەوە و بەردەوام بوون لە خزمەت بە مێژووی کوردی بۆ دەخوازم.
٢٢/٤/٢٠٢٠

*سەرچاوکانی ئەم نووسینە:
١. محمدعلی سلگانی، "چغرافیای تاریخی و تاریخ مفێل کرمانشاهان"، جلد اول، نشر سها، ١٣٧٤ [١٩٩٥] ێێ ٣٣٣ تا ٣٤٧
 ٢. سید عبدالمید حیرت سجادی، "نامداران علم، فرهنگ و هنر کردستان"، پژوهشگاه سازمان میراپ فرهنگی و گردشگری، تهران ١٣٩٢ [٢٠١٣]، ێێ ٣٦٥ تا ٣٦٧.
٣. سید عبدالمید حیرت سجادی، "سنندج قدیم"، انتشارات کردستان، سنندج ١٣٩٥ [٢٠١٦]، ێێ ٦٧٧ تا ٦٧٩.
٤. برهان ایازی، "آئینە سنندج" ، ناشر مولف،چاپ پیام، ؟ ١٣٦٠ [١٩٨١]، ێێ ٧٩٦ تا ٨٠٠ 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی