فۆبیای کۆرۆنا، ترس و تۆقاندن، هەواڵی فەیک

زمناکۆ ئیسماعیل

3-03-2020

5919جار خوێندراوەتەوە


یەکێک گرفتەکانی روبەڕوبونەوەی نەخۆشییە خێرا دروستبوەکانی جیهان، دروستکردنی هۆشیاری گشتییە، لەنێو کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانی جیهان، بەپێی نەخشەو دانانی خشتەی کار، ئەم گرفتە تێدەپەڕێنن، لەو ڕوانگەیەوە یەکەم کاریان، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری چۆنیتی روبەڕوبونەوەی نەخۆشیەکەیە، دوهەم کاریان، پابەندکردنی هاوڵاتیانە بەخشتەی کارکردنی روبەڕوبونەوەی ئەو نەخۆشییە، سێهەم کاریان، پابەندکردنی میدیاو چەناڵەکانی گەیاندنە، بەدروستکردنی کەشی ئارام و گەیاندنی هۆشیاری تەندروستی بەخەڵک، لەژێر رێنماییەکانی تەندروستی جیهان، ئەمانە پلانی درێژخایەنن، هەڵبەتە پلانی کورتخایەنیشیان هەیە، بەڵام هێڵی سەرەکی روبەڕوبونەوەی نەخۆشی، ئەو سێ خاڵەیە، بڕۆن تەماشای پلانی روبەڕوبونەوەی ئەو نەخۆشیانە بکەن لەگۆگڵ و لەماڵپەڕی سەرەکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، بزانن بەو سێ هەنگاوە چۆن توانیویانە تەشەنەکردنی ئەو جۆرە نەخۆشیانە بوەستێنن.
   بەڵام لەنێو کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان، کاتێک میدیاو کەرتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئەو جۆرە نەخۆشیانە، پلان و نەخشەی کارکردن و خشتەی کێشراویان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکەن، خەڵکانێک بەبیانوی جیاواز، دژ دەوەستنەوەو پابەندی رێنماییەکان نابن، بەڵکو پابەندبونی زۆرینەیان، بەهەواڵ و نوسینی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەسۆزێنن، ئەوەش دۆخێکی نالەبار بۆ خەڵک دەهێنێتە ئاراوە، دۆخێک کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک ئاراستە دەکات، هەندێک جار ئاراستەکردنەکان لەڕێگای زانیاری و هەواڵی فەیک دەبێت، زۆرجارانیش هەواڵ و زانیاری فەیک کەشی دروستکردنی فۆبیای ترسو تۆقاندن دروستدەکات.
ووڵاتانی خاوەن پلان و میللەتی هۆشیار، لە دۆخی نەخوازراوی وەک ئێستا، بەتەنها پابەند دەبن بەڕێنمایی حکومەت و دەسەڵاتی ووڵاتەکەیان، سەرنجتان رادەکێشم بۆ چەند زانیارییەک لەسەر روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەچین، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئەلەکترۆنی سی جی تی ئێنی چین، یەکەم حاڵەتی ئاشکراکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە شاری هۆهان، لە ١٢ی یەنایەری ٢٠٢٠ تۆمارکرا، دوابەدوای شاری هۆهان، دەسەڵاتدارانی چین، ٢٠٠ ناوچەی دیکەیان خستە نێو بازنەی سوری هەبونی ئەو ڤایرۆسە، بۆ ئەوەش لەڕێگای هەشت کۆمپانیای زەبەلاحی خۆراک، توانییان خواردن بگەیەنن بەو ناوچانە، بەڵام سەرجەم ناوچەکان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدابون و هاتوچۆکردن تیایدا قەدەغەکرا، خەڵکیش پابەندبونی خۆیان گرێدا بەو رێنماییانەی کە لەکەرتی تەندروستی ئەو ووڵاتە بڵاو دەکرایەوە، وەک بەستنی کەمامە، شۆردنی دەست و خاوێنکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە گومانی هەبونی ئەو ڤایرۆسەیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو کەسانەی کە گومانی ڤایرۆسەکەیان لێدەکرا، چون بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
   دوا کەیسی توشبون بەو ڤایرۆسە هەتا ئەمڕۆ ٣ی مارس، گەیشتوە بە ٨٠ هەزارو ١٤٣ کەس، لەو ژمارەیە دوو هەزارو ٩٤٣ کەس مردون، بەڵام ٤٧ هەزارو ٢٠٤ کەس ڤایرۆسەکەیان پەڕاندوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ژمارەی دانیشتوان لەووڵاتی چین یەک ملیارو ٣٣٦ ملیۆن و 665 هەزار کەسە، چین بەیەک رێگا توانی کۆنتڕۆڵی ئەو ڤایرۆسە بکات، ئەویش پابەندوبونی هاوڵاتیانی ئەو ووڵاتەیە بەڕێنماییەکانی تەندروستی چین و جیهان. 
   لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵک فۆبیای ترسوتۆقاندنی بڵاو نەکردۆتەوە، بەو پێیەی چەند رۆژنامەنوسێکی چینی هاوڕێم هەیە، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی وویچات (Wechat) ی چینی، لەگەڵ دەپەیڤێم و پێمگۆتن " بەلامەوە سەیرە لەهەژماری خۆتان، بێجگەلە بابەتی رێنمایکردنی هاوڵاتیان، ووێنەو ژمارەی توشبون و مردن، لەگەڵ زانیاری وورد لەسەر ئەو ڤایرۆسە، بڵاو ناکەنەوەو نایبینم"، پێیان گۆتم "ئەوان پابەندن بەئاسایشی نەتەوەیی، نایانەوێت ترس بڵاو بکەنەوە"، لەهەمانکاتدا ئەو تۆرەکۆمەڵایەتییەش رێگا نادات بەبەکارهێنەرانی، بابەتی ترسوتۆقاندن لەسەر ئەو ڤایرۆسە بڵاو بکەنەوە، لەهەمانکاتدا خەڵکی ئەو ووڵاتە ، پابەندن بەرێنماییەکانی تەندروستی و نایانەوێت سۆسیال میدیا، بکەن بەسەکۆی رێنمایکردن و ئامۆژگاریکردن، بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە، بەڵکو ئەوان پابەندن بەرێنماییەکانی تەندروستی، لەڕێگای میدیا و چەناڵەکانی ووڵاتیان.
   ئێمەش دەتوانین هەمان میکانیزمی کارکردنی ئەوان بگرینەبەر، دەتوانین لەبری بڵاوکردنەوەی بابەتی ترسوتۆقاندن لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پابەندبین بەهۆشیارکردنەوەی گشتی، لەبری ئەوەی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پڕ بکرێت لەو بابەتانەی کە هەواڵی ساختە (فەیکنیوز) و بابەتی لابەلاو نوکتەو گاڵتەو گەپ لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەتوانرێت بەهەموان رێنماییەکانی تەندروستی ووڵاتان و رێگاکانی خۆپارێزی بیری یەکتر بخەینەوە، دەبێت میدیاکانی هەرێمیش، پابەندبن بەڕێنماییە جیهانییەکان، لەڕێگای ووێبسایتە جیهانییەکان بابەت وەربگرن، لەچەند رۆژی رابردوو چەندین میدیایی هەرێم بابەت و زانیاری بەناوی میدیایی فەرمی چین بڵاو دەکەنەوە، بێ ئەوەی کەسیان ناوی ئەو میدیایە بنوسن، کاتێکیش نێو میدیا فەرمییەکانی چین دەگەڕێم بەدوای ئەو هەواڵ و زانیاریانە، نابینم بنەمای راستی هەبێت، بەڵکو ئەو هەواڵ و زانیارییانە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود لەڕێگای میدیا عەرەبییەکان وەرگیراوە.
   باشترین رێگاش بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر کۆرۆنا، ووێبسایتی تەندروستی جیهانی  who یە، بەمەبەستی وەرگرتنی ئاماری توشبون و مردن و چاکبونەوەش ماڵپەڕو ئەپلیکەیشنی (gisanddata)، جگەلەوەش هەرسێ چەناڵی چینی، سی جی تی ئێن، چاینە دەیلی، سی سی تی ڤی لەگەڵ دەیلی مەیل، زۆرترین زانیاریی بڵاو دەکەنەوە لەسەر ئەو ڤایرۆسە، ئەوەش لەکاتێکدایە دەتوانن سود لەچەناڵە گەورەکانی وەک نیۆرک تایمز، واشنگتۆن پۆست، بی بی سی، سی ئین ئین، ئاڕتەی روسی، و رۆیتەرز، فرانس ٢٤ و دەیان میدیای دیکە وەربگرن، باشترین چەناڵن بۆ وەرگرتنی زانیاری دروستو دەتوانرێت بکرێنە سەرچاوە، نەک سەرچاوەی میدیاکان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بێت، سەرچاوەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش گیرڤانی کەسانێکی نابەرپرسی ناهۆشیار بێت.
   ئەو هەواڵەی باس لەوە دەکات کە ژن و منداڵ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابن، دورە لەڕاستییەوە، کۆرۆنا ڤایرۆسێکی دژە نێرینە نیە، بەڵکو ڤایرۆسێکە کە هەردوو رەگەز لەتەمەنە جیاوازەکاندا دەگرێتەوە، رۆژی ٢٩ی فێبرایەریش یەکەم حاڵەتی مردن بەکۆرۆنا لەئەمریکا، رەگەزی مێینە بوو، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە میدیاکانی هەرێم، بەهۆی هەواڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە هەڵەوە، بێجگەلەوەی کە چەند رۆژێک دەبێت باس لەوە دەکرێت، هەریەکە لەئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا پێشبڕکێیانەو توانیویانە پێکوتە (ڤاکسین)ی کۆرۆنا بدۆزنەوە، بەڵام سەرجەم میدیا جیهانییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، ئەو ڤاکسینە لەسەر ئاژەڵی شیردەری وەک کەروێشک و مشک تاقیکراوەتەوەو ئەنجامەکەی باش بوە، بەڵام لەسەر مرۆڤ تاقینەکراوەتەوەو نازانرێت ئایە بۆ مرۆڤ گونجاوە یان نا؟، بۆ ئەوەی میدیاکانی هەرێم، دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستنەوە، دەبێت هۆشیاری گشتی بڵاو بکەنەوە، دەبێت وەک میدیا جیهانییەکان هاوکاری هاوڵاتیانبن، دەبێت هاوڵاتیانیش فۆبیایی ترسو دڵەڕاوکێ لەگەڵ هەواڵی فەیک و گاڵتەو گەی کۆرۆنا بوەستێنن، لەبەراوبەردا پەرەبدەن بەهۆشیاری گشتی، پەیوەندی بکەن بەڕێنماییەکانی تەندروستی جیهانی و تەندروستی ناوچەکە و تەندروستی هەرێم، دەکرێت رۆژنامەنوسانیش پێکەوە یەکەیەک یاخود تۆڕێکی میدیایی دروست بکەن، لەوێوە هۆشیاری بڵاو بکەنەوە، بەهەمان شێوەی هۆشیاری میدیاکانی جیهان کە لەگەڵ هاونیشتیمانیان دەیکەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی