هەواڵی ئەمڕۆ

خەندان خشتەی نوێی دابەشكردنی موچە بڵاودەكاتەوە

09:37 - 01/10/2019

185236جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەرەتای هەفتەی داهاتو دابەشكردنی موچەی مانگی تەموزی 2019 دەستپێدەكات و دابەشكردنەكەش تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بە خەندان-ی رایگەیاند، بڕیارە یەكشەممەی داهاتو، 6ی تشرینی یەکەم، دابەشكردنی موچەی مانگی تەموزی 2019 دەستپبكات و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە لیواکان موچە وەردەگرن.

وتیشی،"ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 7ی تشرینی یەکەم موچەی یەکەكانی 70 و80ی هێزەكانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت و رۆژی سێشەممە وەزارەتی پەروەردە موچە وەردەگرێت".

هەر بە گوێرەی سەرچاوەیەكە بڕیارە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 9 و 10 ی تشرینی یەكەم موچەی وەزارەتی دارایی و ئابوری و وەزارەتی تەندروستی دابەشبکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا نۆ موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها شەش موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.