خهندان-
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگهیاند، ئەگەر بیانەوێت پابەندی ڕێبازەکەی پێغەمبەر (د.خ) بن، پێویستە بەرپرسیار و ڕاستگۆ بن لە دامەزراندنی بناغەکانی ڕاستی و دادپەروەری و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمو هاوڵاتیان، دهشڵێت، "وڵاتەکەمان ڕوبەڕوی هێرشێکی توند بوەوە و ئەجێندا دەرەکییهکان دەستیان تێوەردا و کاریان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهری ناکۆکی و تایەفەپەرستی".
محەمەد شەیاع سودانى، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە له وتارێكدا له ئاهەنگێکدا کە لەلایەن دیوانی وەقفی سونییەوە بەڕێوەچو، بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبونی پێغەمبەری مەزن محەمەد (د. خ)، جەختی کردەوە "لە گرنگی وەبیرهێنانەوەی ماناکانی پەیامی محهمهد و ئامانجە مرۆییە باڵاکانی ژیاننامەی پێغەمبەری خودا کە لە ئێمەدا بەجێی هێشتوە لە هەمو بوارەکانی کار و خزمەتگوزاری گشتی و لە چوارچێوەی ڕێگای بەردەوامبونی دۆستایەتی و برایەتی کۆمەڵگا بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی خودای گەورە، و رەزامەندی خەڵک".
پێویستە بەرپرسیار و ڕاستگۆ بین لە دامەزراندنی بناغەکانی ڕاستی و دادپەروەری
ئاماژهی بهوهشكرد، "ئەگەر بمانەوێت پابەندی ڕێبازەکەی پێغەمبەری پیرۆز بین، ئەوە پێویستە بەرپرسیار و ڕاستگۆ بین لە دامەزراندنی بناغەکانی ڕاستی و دادپەروەری و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمو هاوڵاتیان، وڵاتەکەمان ڕوبەڕوی هێرشێکی توند بوەوە و ئەجێندا دەرەکێکان دەستیان تێوەردا و کاریان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهری ناکۆکی و تایەفەپەرستی".
بە یەکگرتویی عێراقییەکان، توانیمان ڕۆژە سەختەکانی پاش گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003دا تێبپەڕین
سودانى دهڵێت، "بە یەکگرتویی عێراقییەکان، توانیمان ڕۆژە سەختەکانی پاش گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003دا تێبپەڕین، کە باندەکانی کوشتنی تایهفەگەری لە سەرانسەری عێراقدا بڵاوبونەوه، روبەڕوبونەوە گەورەکە ئەوە بو کاتێک چەتە تیرۆریستییەکان هێرشیان کردە سەر پارێزگاکانمان لە باکور و رۆژئاوای عێراق و خەڵکیش روبەڕوی تاوانی دڕندانە بونەوە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە".
ئهوهشی خستهڕو، "عێراقییەکان بە هەمو ئایین و تایەفە و نەتەوەکان بەیەکەوە وەستابون بۆ بۆ ڕزگارکردنی خاک و مرۆڤ و خوێنی پاکیان لە یەکێک لە گەورەترین داستانەکانی مێژودا تێکەڵ بو، ئەمڕۆ هەمومان بەرپرسیارین لە بەردەوامیدان بە دۆستایەتی و برایەتی کۆمەڵگا".