خهندان-
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی کۆنگرەی یەکێتی رایگهیاند، وەک یەکەمین هەنگاوی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پارلەمانی کوردستان دەکەن و "لیستێکی گەل پەسەند" رادەگەیەنن کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی بۆ ڕزگاربون لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە قوڵانەی کە بەرۆکی هاوڵاتییانی گرتوە.
لاهور شێخ جەنگی ئێوارهی ئهمڕۆ سێشهممه له پهیامێكدا لەبارەی کۆنگرەی یەکێتی، رایگهیاند، "دەمەوێت بۆ مێژو هەڵوێستی خۆم لە بارەی بەستنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بخەمەڕو، ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزاو هەرگیز لە مێژوی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، کە حیزبەکە بەرەو لەناوچون و وێرانبونی زیاتر بەرێت".
ئاماژهی بهوهشكرد، کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندوەکانی نەدات و ئەزمون و پەرۆشییان بۆ داهاتوی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتوهتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، ئەنجامەکەشی ڕونە.
کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت، ئەنجامەکەی ڕونە
لاهور شێخ جەنگی باسی لهوهشكرد، "کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا روبەڕوی بوهتەوە و دو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی ڕونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم حیزبەدا دێنێت، تەنگەتاوبون و ئەو پەلە پەلەش لەم کات و ساتەدا ئامانجەکەی تەنیا و تەنیا بۆ ئەوە بێت کە بەخەیاڵی خۆیان مافی یەکێتیبون لە من و هەڤاڵەکانم و هەزاران هەڤاڵ و تێکۆشەر و ئەندامی یەکێتی وەربگرنەوە، بێ ئەوەی بیر لە لێکەوتە و زیان و مەترسییەکانی بکەنەوە".
چاوەڕوانبوین لە دوای کەتن و کودەتاکەی 8ی تەموزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە
ئهوهشی خستوهتهڕو، "چاوەڕوانبوین لە دوای کەتن و کودەتاکەی 8ی تەموزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان راستبکەنەوە و چیتر ئەم حیزبە تێکۆشەرە، پارچە پارچە نەکەن کە بەخوێنی زیاتر لە 20 هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەران هاتۆتەدی، بەڵام بەداخەوە وادیارە دەرسیان لە هەڵەکانی ڕابردویان وەرنەگرتوە و بڕیاریانداوە کە بەردەوام بن لەو هەڵانەیان".
مێژوی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە، نەشیانتوانی حیزبەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکان بەڕێوەبەرن
لاهور شێخ جەنگی له پهیامهكهیدا دهڵێت، "لە دوای ئەنجامدانی کەتنەکەیان لە ماوەی ئەم دو ساڵەدا کە جگە لەو تۆمەتە دروستکراو و بێبنەمایانەی کە بۆ ڕەوایەتیدان بە کودەتاکەیان ئاراستەی ئێمەیان کرد و سەرباری ئەوەی کە دەیان کاری نایاسایی و ناپەیڕەوی و ناحیزبییان بەرامبەر بە ئێمە و هەزاران کادر و تێکۆشەر و کەسوکاری شەهیدان ئەنجامدا، تەنانەت لەسەر بیروڕای جیاواز دەستیان چوە خوێنی چەند هەڤاڵێکی خۆیان و کەوتنە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و نانبڕینی زۆرێک لە کادیر و ئەندامەکانی یەکێتی، کە بەمەش ناو و ناوبانگ و مێژوی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە، نەشیانتوانی حیزبەکە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی زۆرینەی یەکێتییەکان بەڕێوە بەرن".
ە جیاتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان خۆیان تەسلیمی ئەجێندای ئیقلیمی کرد
ههروهها دهڵێت، "نەیانتوانی لە ئاست کێشە و قەیرانەکاندا رۆڵی مێژویی یەکێتی وەک هێزێکی گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەناو حکومەتدا لە بەرژەوەندیی خەڵک پیشان بدەن، لە جیاتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕاستەقینە، خۆیان تەسلیمی ئەجێندای ئیقلیمی کرد و چەندین کاری ناپەسەندیان ئەنجامدا و لە ناوخۆشدا کەس نازانێ کێ دۆستە و کێ نەیار".
دەرکەوت کە بە چەواشەکاری و دروستکردنی هەندێک سیناریۆی داتاشراو پەنابردنە بەر ڕێگای ناشەرعی هەوڵتاندا دەستبگرن بەسەر یەکێتیدا
رونیشیكردوهتهوه، "ئێستا ڕاستییەکان ئاشکرابون و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی بۆیان دەرکەوت کە ئامانج و مەرامەکانی ئێوە چی بو، دەرکەوت کە بە چەواشەکاری و دروستکردنی هەندێک سیناریۆی داتاشراو و تۆمەتی بێبنەما و بە زەبری هێز و ترس و تۆقاندن و پەنابردنە بەر ڕێگای ناشەرعی هەوڵتاندا دەستبگرن بەسەر یەکێتیدا، هەمو هەوڵێكتان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و برسیکردنی کادیر و جەماوەر بوو، هەوڵی ئێوە بۆ خۆ بەهێزكردن و لاوازكردنی هەڤاڵان و تێكۆشەران و خەمخۆرانی یەكێتی و خودی یەكێتی بو، دەرکەوت کە كێ ویستی یەكێتییەكەی کۆمەڵانی خەڵک دەستەمۆ بكات و دەنگی ئازادی تێدا کپ بکات بە كۆمەڵێك خەڵكی بەرژەوەندیخواز و و دورخستنەوەی دەنگە ئازا و دلێرەكان".
لە دوای 8ی تەموزە یەک دەستکەوتمان پێبڵن کە بۆ یەکێتی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان تۆمارتان کردبێت
پهیوهست به روداوهكانی 8ی تهموز، دهڵێت، "لە دوای 8ی تەموزە یەک دەستکەوتمان پێبڵن کە بۆ یەکێتی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان تۆمارتان کردبێت، ڕۆژ بەڕۆژ شکستتان کردە گەردنی حیزبەکە، پاشەکشەی یەکێتی لە ئەنجامی دەنگەکانی و خراپیی دۆخی هەرێم و دۆخی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگانەکان و دەستگرتن بەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و بێ ڕۆڵکردنی دادگاکان و بەسەربازگەکردن و داگیرکردنی زەوییە گرانبەهاکان و هەڕاجکردنیان و دەیان چەوتی ترتان دەریخست کە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و یەکێتییەکان چەند لێتان نیگەران و توڕەن".
له پهیامهكهیدا وتیشی، "ئێستاش بەم کۆنگرەیە دەتانەوێت سەرکردایەتییەکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە داهاتودا نەتوانن ڕەخنە لە شکست و هەڵەکانتان بگرن و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بکەن و یەکێتی لە حیزبێکی دیموکراسیخوازەوە بکەن بە قەولی خۆیان بە حیزبێکی مەرکەزی و تەنیا قسەی یەک کەس جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەناو یەکێتیدا نە جێگەی بۆتەوە و نە قبوڵکراویش بوە، دڵنیابن ئەمە تاسەر نابێت و لە داهاتویەکی نزیکدا بەقورسی باجی ئەو هەڵانەتان دەدەن كە بەرامبەر بە شکاندنی کەرامەتی سیاسی كادیر و سەركردە و خوێنی شەهیدانی ئەم حزبە دەیکەن".
ئەگەر مێژوی یەکێتیتان خوێندبێتەوە دەزانن کە بەم کۆنگرەیە حیزبەکە بە تەواوی دادەبڕن
لاهور شێخ جەنگی دهشڵێت، "برادەرانی ئازیز، بە بیرتان دەهێنمەوە کە ئەگەر مێژوی یەکێتیتان خوێندبێتەوە دەزانن کە بەم کۆنگرەیە حیزبەکە بە تەواوی دادەبڕن لە مێژوەکەی خۆی و بەها گرنگەكانی دیموكراسی و ئازادی و بنەما نەگۆڕەكانی ژیانی حیزبایەتی كە یەكێتی لەسەر دامەزرابو، ئەم كۆنگرەیە، دابڕاندنی یەکێتییەکانە لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مام جەلال، کە کاریگەریی بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەبو، ئەم یەکێتییە حیزبێكی دیكە دەبێت كە لەسەر بەرئەنجامی کودەتا و سەپاندنی ئیرادەی گروپێكی دیاریكراو بنیات دەنرێت".
بەڵێنمان بەخۆمان و خوێنی شەهیدان و رۆحی مام دابو کە یەکێتی لەسەر دەستی ئێمە توشی لێکترازان نەبێت
پهیوهست به بونی پهرچهكردار، لاهور شێخ جەنگی دهڵێت، "هەموتان پرسیاری ئەوەتان لادروست بوە کە لاهور بۆ هیچ هەڵوێست و پەرچەکرداری نییە لە ئاست ئەو هەمو کارە قێزەونە، چونکە ئێمە بەڵێنمان بەخۆمان و خوێنی شەهیدان و رۆحی مام دابو کە یەکێتی لەسەر دەستی ئێمە توشی لێکترازان نەبێت، دانبەخۆداگرتن و بێدەنگیمان بۆ ئەوەبو کە لەسەر پۆست و دەسەڵات خوێن لە پەنجەی هیچ کەسێک نەیەت، تەنانەت بەشدارینەکردنیشمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پێناو کورد و ڕەچاوکردنی دۆخی یەکێتی و دابەشنەبونی دەنگەکان بو لە شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، دەمانویست ڕۆژگار ڕاستییەکان بۆ هەمولایەک بسەلمێنێت و ڕوی ڕاستەقینەی کودەتاچییەکانیش دەرکەوێت".
دهشڵێت، "ویستمان دەرفەتێک بدەینە کوڕەکانی مام جەلال، هەوڵماندا کە بە دڵێکی گەورەوە لێخۆشبونمان هەبێت بەرامبەر کودەتاچییەکان و پێکەوە بەگیانێکی هەڤاڵانە یەکێتی بەهێز بکەینەوە و پایەکانی بۆ دروست بکەینەوە و لەو پارچە پارچەبونە ڕزگاری بکەین و بیخەینەوە سەر شاڕێی ژیانی حیزبایەتی خۆی، کە وەک چۆن لە ڕابردودا لەگەڵ هەڤاڵەکانمان هەوڵماندا ڕۆڵ بگێڕینەوە بۆ ئەندام و کادیر و ئۆرگانەکان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیشمان کردبوو بە ناوەندی بڕیاردان، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان مەبەستیانە لە دوای بەستنی ئەم کۆنگرەیەوە یەکێتی توشی لێكترازانی گەورەی ناوخۆیی بکەن و حیزبەکە بە تەواوی بکەن بە موڵکی تاکە کەسێک".
ە داخێکی زۆرەوە لەم دۆخە نامۆیە دەڕوانین کە بەسەر یەکێتییدا سەپێنراوە
ههر پهیوهست به دۆخی ناوخۆی یهكێتی، لاهور شێخ جهنگی، دهڵێت، "بە داخێکی زۆرەوە لەم دۆخە نامۆیە دەڕوانین کە بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەپێنراوە، بە دیدی ئێمە یەکێتی بەر لەوەی حیزبێک بێت بکرێتە موڵکی کەسێک و خێزانێک حیزبی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵک و هەمو یەکێتییەکانە، یەکێتی بەرلەوەی حیزبیش بێت فیکر و ئامانجی باڵای تێکۆشانە بۆ ماف و ئازادییە گشتییەکانی گەلی کوردستان، بە داخەوەین کە لە ئێستادا لە هەمو ئەو بەهایانە داماڵراوە و گرووپێک ئامانجەکانیان بەلاڕێدا بردوە و لە حیزبێکی کاریگەرەوە کردویانە بەدامەزراوەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی مشەخۆر، کردویانە بە گیرفانێکی گەورەی بەرژەوەندی".
سوپاسی هەمو ئەو هەڤاڵانە بکەم کە ماوەی ئەم دوو ساڵە دانیان بەخۆیاندا گرت
هاوكات سوپاسی ئهو كهسانه دهكات كه پشتیوانیان كردوه و دهڵێت، "سوپاسی هەمو ئەو هەڤاڵانە بکەم کە ماوەی ئەم دوو ساڵە دانیان بەخۆیاندا گرت و پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییان پێ قبوڵنەکرا و دژی ئەو ناهەقییە وەستانەوە و تەسلیمی پۆست و ئیمتیازات نەبون، سوپاسی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو ئەو خەڵکە تێکۆشەرە و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمان و ئەندامانی ناو هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە هەموکات ئامادەبون خۆبەخشانە پشتیوانیمان بکەن".
ئهوهشی وت، "جێی خۆیەتی سوپاسی کاک مەلا بەختیار و هەڤاڵانی هاوڕێی بکەم لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کە بە پەرۆشن بۆ یەکێتی و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژویی خۆیان، بێدەنگ نەبون لە ئاست مەترسییەکان و دید و ڕوانین و چاوەڕوانیی خۆیان بۆ شکستەکانی یەکێتی لەسەر دەستی ئەم گروپەی ئێستای یەکێتی و دوای بەستنی ئەم شانۆگەرییەی کۆنگرە خستەڕو".
لهبارهی ئایندهی خۆیهوه دهڵێت، "لێرە بەدواوە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بە کاری سیاسیی خۆمان دەدەین لەسەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەکانمان کە خۆی لە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنوسین و دادپەروەری دەبینێتەوە، ئێمە ئاواتمان بەوە نەدەخواست بگەینە ئەم ڕۆژە و یەكێتی بەم جۆرە ببینین، بەڵام ئۆباڵی کارکردنمان لە دەرەوەی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە دوو ساڵە لە جیاتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و پێکەوە کارکردن، مەشغوڵبون بە بێدەنگی و سێبەری ئێمەوە، ئۆباڵی ئەو لێکترازانەش هەڵناگرین و بەرپرسیارێتی مێژویی شکستی ئەم یەکێتییە لە ئەستۆی ئەوانەیە کە یەکێتییان بەم ڕۆژە گەیاند".
بە بەرگێکی نوێ و بە شێوازێکی سەردەمیانە یەکێتییەکی ڕاستەقینەی گەل دوبارە دێتەوە مەیدان
لاهور شێخ جهنگی دهشڵێت، "دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە بەرگێکی نوێ و بە شێوازێکی سەردەمیانە یەکێتییەکی ڕاستەقینەی گەل دوبارە دێتەوە مەیدان، ئەو یەکێتییەی کە ئێستا ناو و ناونیشانەكەی بە زۆر و بە زەبری هێز زەوتكراوە، بەڵام لەڕاستیدا وەك فیكر و فەلسەفە هەر زیندوە و بەمزوانە چەكەرە دەكاتەوە و ئەو مەشخەڵەی لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە هەڵگیرساوە کە شەوەزەنگی نا ئومێدییان ڕوناک کردەوە، دڵنیابن هەڤاڵەکانتان درێژە بە هەمان ڕێگا و ڕێباز دەدەن".
باسی لهوهشكردوه، "وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پارلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند ڕادەگەیەنین کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی بۆ ڕزگاربون لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە قوڵانەی کە بەرۆکی هاوڵاتییانی گرتوە، بەرەیەک کە دەنگ و ڕەنگی سەرجەم ئەوانە دەبێت، کە خواستی گۆڕانکاری و چاکسازیی راستەقینەیان هەیە لە سەرجەم جومگەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، دەنگی هەمو ئەوانە دەبێت کە تینوی ژیانێكی باشتر و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتین، ئەوانەی شەیدای سەروەریی یاسان بە نەفەسێكی نوێوە و بەدیدگای نوێوە خۆمان یەكدەخەین و یەكدەگرین و ئەزموونێكی نوێی دیموكراسی دەكەین".
دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و موچەخۆرانیش لەوپەڕی خراپیدایە و گەنجەکانمان بە تەواوی نا ئومێدبون
لهبارهی دۆخی ناوخۆی ههرێمی كوردستانهوه، لاهور شێخ جهنگی وتی، "دەمەوێت لە کۆتایی ئەم پەیامەدا ئاماژە بە دۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییانە بکەم کە ڕوبەڕوی هەرێمەکەمان بوەتەوە، بەداخێکی زۆرەوە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و موچەخۆرانیش لەوپەڕی خراپیدایە و گەنجەکانمان بە تەواوی نا ئومێدبون لەوەی کە ژیانێکی ئارام و شایستە و ئاسۆیەکی رونیان هەبێت لەم هەرێمەدا، پێموایە جگە لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی تر یەکێتی پشکی شێری بەردەکەوێت لەم دۆخە نەخوازراوەی لە ئارادایە لەسەر دەستی ئەو کەسانەی کە تاکڕەوانە لەناو حکومەت و لەناو حیزب بڕیار دەدەن و هیچ دنیابینییەکیان نییە بۆ سیاسەتکردن".